سكاڵاكان لە دژی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك رەتكرانەوە..

«پێكەوە خزمەتی شارەكەمان بكەین»

12:01 - 2025-01-23
کوردستان
52 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

دوای ئەوەی دادگای ئیداریی، سكاڵاكانی هەندێک کەسی لە پێکهاتەکانی عەرەب و توركمان دژ بە ئیدارەی خۆجێیی كەركوك رەتكردەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، داوادەكات ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا كە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنیان كردووە، بگەڕێنەوە و پێكەوە خزمەت بە دانیشتووانی شارەكەیان بكەن.
عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای رەتكردنەوەی سكاڵاكانی بەشێك لە عەرەب و توركمانەكان دژی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك لەلایەن دادگای ئیدارییەوە، بەپێویستی دەزانین تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێنەوە نێو هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەن و پێشتریش ئەو داوایەیان لێكرابوو، وتیشی: ئەوەی گرنگە بۆ خەڵك، گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و دەستی ئاوەدانییە بە شوێنی نیشتەجێبوون و شارەكەی، هەر لەو روانگەیەشەوە داوامان لە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن كردووە پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەی خۆمان بكەین و پارێزگاكەمان ببەینە ئاستێكی بەرزترەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان