بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی (سانا) لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقەوە بڕێکی زۆر هاوکاریی فریاگوزاریی قەتەر و سعودیە گەیشتووەتە دیمەشق، کە پێکهاتووە لە کەلوپەلی فریاگوزاری. بە پێی هەواڵەکەش فڕۆکە قەتەرییەکە بە بارستایی 19 تۆن کەلوپەلی فریاگوزاریی بارکردووە کە لەلایەن سندوقی پەرەپێدانی قەتەرەوە دابینکراوە کە ئەو کاروانە فریاگوزارییانە 13 باری فڕۆکە لەخۆدەگرێت و پێشتر 3 فڕۆکە بارەکانیان گەیاندبووە فڕۆکەخانەی غازی عەنتاب لە تورکیا و فڕۆکەیەکیش گەیەندرابووە ئوردن و یەکێکیشیان گەیەندرابووە فڕۆکەخانەی بەیروت لە لوبنان. ئەوە جگە لەو 7 فڕۆکەیەی کە راستەوخۆ گەیشتبوونە فڕۆکەخانەی دیمەشق. ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە کاروانی فریاگوزارییەکان بەردەوام بن بەجۆرێک هەفتەی دوو فڕۆکە دەگەنە سوریا بۆ گەیاندنی فریاگوزارییەکان بۆ هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە.
لەو رووەشەوە هەریەک لە مانگی سووری قەتەر و رێکخراوی خێرخوازیی قەتەر بە هاوکاریی مانگی سووری سوریا و تیمە مەیدانییەکانی سوریا سەرقاڵی هاوئاهەنگین بۆ پێشوازیی لە بارەکان و گەیاندنیان بەدەستی خەڵکی کەم دەرامەتی ئەو وڵاتە.
هەرچی فڕۆکەی هاوکارییەکانی سعودیەشە، ژمارەیان 12 دانەیە کە هەموویان بە خۆراک و پێداویستی حەوانەوە و پزیشکی لەخۆ دەگرن. لەو رووەشەوە موبارەک بن سەعید دوێسری سەرۆکی تیمی سەنتەری مەلیک سەلمان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: لەگەیاندنی کۆمەکەکانی سعودیە بۆ گەلی سوریا بەردەوام دەبن بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان.