رۆژنامەی(الوطن) ی چاپی دیمەشق لە هەواڵێکیدا لە زاری دیمیتری بیسکۆڤ-ی وتەبێژی سەرۆکایەتیی روسیاوە رایگەیاندووە کە روسیا بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریادا سەبارەت بە کەیسە گرنگەکان.
لەوبارەیەشەوە بیسکۆڤ رایگەیاندووە: بەردەوام دەبن لەو پەیوەندیی و گفتوگۆیانە سەبارەت بە هەموو بابەتە هەنووکەیی و جێ بایەخەکانی هەردوولا.
پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا تەئکیدی لەوە کردبووەوە کە روسیا دەیەوێت سوودێکی بۆ دۆخی ئێستای سوریا هەبێت و ئاماژەشی بە گرنگیی دانوستانێکی هەمەلایەنەی نێوان هەموو حزب و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کردووە و دەشڵێت: هەمووان پێیانوایە کە ئێران و روسیا دەبێت رۆڵیان هەبێت لەو هەوڵانەدا کە بۆ سەقامگیریی سوریا دەدرێن.