حسێن عەزیز
سەنتەری جینۆساید لە زانكۆی گەرمیان، بۆ بەبیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی رژێمی بەعس، لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆی گەرمیان سەردانی مەزاری ئەنفالكراوەكانیان کرد.
سەباح عەلی جاف سەرۆكی لیژنەی چالاكییەكانی سەنتەری جینۆساید لە زانكۆی گەرمیان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك بەرنامەیەك سەنتەرەكەمان لە زانكۆی گەرمیان خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی سەرجەم بەشەكان لە كۆلێژە جیاوازەكان، دەباتە ئەو جێگایانەی كە گوزارشتن لە تاوانی ئەنفالكردنی گەلەكەمان و بۆ زیندووهێشتنەوەی لە بیرەوەریی خوێندكاراندا،
راشیگەیاند: بەدرێژایی ساڵ خوێندكاران دەبرێنەسەر مەزاری ئەنفالکراوەكان و ماڵی مریەم لە ناحیەی رزگاری بۆ ئەوەی تەنیا رۆژی 14/4ی هەموو ساڵێك نەكرێتە یادكردنەوەی ئەنفال، بەڵكو گرنگی بەو لایەنە بدرێت لە رۆژ و مانگەكانی تردا و هەر لەسەر مەزارەکە باسی قۆناغەکانی ئەنفال و تاوانی جینۆساید دژبە گەلەکەمان دەکرێت و روونکردنەوە و زانیاریی بە خوێندکاران دەدرێت.