هێمن ئەحمەد
لەسەر راسپاردەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، سێ نەخۆشخانە لە شارەكە دروست دەكرێن. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش رایدەگەیەنێت: نەخۆشخانەكان لە ناوچە جیاوازەكانی شارەكە دروست دەكرێن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ كراون.
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێستا میكانیزمی تەرخانكردنی زەوی بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەكان تاوتوێكراون، یەكێك لەو نەخۆشخانانە 100 قەرەوێڵەییە بۆ چارەسەری ئالودەبووان، كە دەكەوێتە ناوچەی چیمەن لەسەر رێگەی كەركوك-سلێمانی، ئەوی دیكەیان نەخۆشخانەیەكی 300 قەرەوێڵەییە تایبەتە بە ژنان و منداڵان لە ناوچە سێكانیان لەسەر رێگەی كەركوك-هەولێر و سێیەمیش دەكەوێتە ناحیەی تازە و 100 قەرەوێڵەییە و نەخۆشخانەیەكی گشتییە.