بڕیارە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رێنمایی بۆ خەرجكردنی پاداشتی خانەنشینی بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 دەربكات.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی راگەیاند، بەپێی یاساكە پێویستە خانەنشینانی راژەی شارستانی كە خزمەتیان لە 25 ساڵ زیاترە لە فەرمانگەكانی خۆیان شەش مووچەیان بۆ خەرجبكرێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییش 12 مووچەیان وەك پاداشتی خانەنشینی بۆ خەرج دەكرێت، كە ئەمە پێشتر نەبووە، وەزارەتی دارایی ئاگاداری كردونەتەوە و رێنمایی نوێ بۆ ئەو بابەتە دەردەكات.
سەرچاوەكە وتیشی، ئەوانەی خزمەتییان كەمترە تەنیا شەش مانگ مووچەی بنەڕەتییان بۆ خەرج دەكرێت، هەروەها خانەنشینانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هاوشێوەی پێشووتر لە فەرمانگەكانی خۆیان شەش مانگ مووچەی موڵەتی كۆكراوە و 12 مانگ مووچەی تەواو لە بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینی وەردەگرن.
بەپێی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەو خانەنشینانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ و 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ 12 مووچەیان بۆ خەرجدەكات، ئەوانی دیكە كە شەش مووچەیان پێدەدرێت دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 15ی ئەم مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ دیاریكردنی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران، یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ـی خانەنشینی عیراق لە هەرێمی كوردستان بەركاربكات كە لە دایكبووانی سێ ساڵ پێكەوە خانەنشین دەكرێن.