قایمقامی خانەقین هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیان و داوادەكات خۆیان لە كڕینی باخەكانی خانەقین بەمەبەستی بڕینەوەی دار و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەدوربگرن.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عیراق، كە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ تەواوی پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان، بە هەموو شێوەیەك بڕینەوەی داری باخەكان و زەوییە كشتوكاڵییەكان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە شوێنیان قەدەغە كراوە.
قایمقامی خانەقین دەڵێت: بەپێی بڕیارەكە ئەگەر باخەكان تاپۆیان هەبێت بە هەمان شێوە رێگەنادرێت دارەكانی ببڕدرێنەوە و خانوویان لەسەر دروست بكرێت و هەر كەسێك ئەو كارە بكات بە سەرپێچی یاسایی تۆماردەكرێت و سزای بەدواوە دەبێت، وتیشی: خانەقین ژمارەیەكی زۆر باخی تێدایە و سیمایەكی جوانی بە شارەكە بەخشیوە و ژمارەیەكی زۆر جووتیار لەسەر بەرهەمی ئەو باخانە دەژین، لە رابردووشدا چەند جارێك هەوڵدراوە باخەكان تێكبدرێن و دارەكانی ببڕدرێنەوە، بەڵام رێگرییان لێكراوە بە هیچ شێوەیەك رێگەنادرێت كاری لەو شێوەیە بكرێت.