محەمەد عەبدولڕەحمان
ماوەی دوو ساڵە دانیشتووانی سنووری شارەزوور هەراسانن بە بۆن و دووكەڵ و گازی كارگە و پاڵاوگەكانی چەمی تانجەرۆ و پارێزەرێكیش سكاڵای تۆماركردووە.
رێبین عومەری پارێزەر، لەبارەی سكاڵاكەیەوە، بەكوردستانی نوێ-ی وت: ژمارەیەك لە دانیشتووانی شارەزوور تووشی نەخۆشی و هەناسە توندی بوون، چەند جارێكیش داواكاریمان بە لایەنە ئیدارییەكانی شارەكە گەیاندووە، كە هیچ نەكراوە، ناچاربووم سكاڵای یاسایی تۆماربكەم و ئامانجیشم لە سكاڵاكە دۆزینەوە و چارەسەركردنی ئەو بۆن و دووكەڵەیە، وتیشی: لیژنەكانمان بەردەوام لە بەدواداچووندان بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكەی.
هەر لەوبارەیەوە، ئامانج محەمەد بەڕێوەبەری رێكخراوی بێنازی شەهیدان، پێیڕاگەیاندین: ژمارەیەك لە چینوتوێژەكانی قەزای شارەزوور سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستانیان لە سلێمانی كرد و پەیامی دانیشتووانی قەزاكەیان گەیاند.
لەوبارەیەوە، سەرخێڵ نەجمەدین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: داواكاریی ئەو سنوورە دەگەیەنین و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەمان پێداون لە ئایندەیەكی نزیكدا.