رۆژنامەی (الوحدة) بڵاویكردەوە، یەكێتیی ئەوروپا بۆ لابردنی بەشێكی سزاكانی سەر سوریا ئەو مەرجەی هەیە كە بوونی سەربازیی روسیا لە سوریادا نەمێنێت.
رۆژنامەكە لە گفتوگۆی نێوان ئیدارەی نوێی سوریا و یەكێتیی ئەوروپادا دەربارەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا، قسەی گەورە لێپرسراوێكی یەكێتیی ئەوروپای گواستۆتەوە و وتوویەتی «كۆتاییهێنان بە بنكە و دامەزراوەكانی روسیا لە ناو خاكی سوریادا، بەیەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی یەكێتیی ئەوروپا دەژمێردرێت بۆ لابردنی سزاكانی لەسەر سوریا». بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە، ئەو لێپرسراوە بە ئیدارەی نوێی سوریای راگەیاندووە: ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەكانتان لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا ئاسایی بكەنەوە ئەوا پێویستە بوونی سەربازیی بیانی لە خاكەكەتاندا كەمبكەنەوە بەتایبەت روسیا.
ئەو لێپرسراوە ئەوروپییە روونیكردۆتەوە: روسیا یەكێكە لەو سێ وڵاتەی كە بوونی سەربازی هەیە لە خاكی سوریادا و یەكێتییەكەیان بەردەوام چاودێریی ئەو مەلەفە دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو مەرجە.