دادگای تورکیا سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەر هاوسەرۆكی شارەوانی سێرت لە باکوری کوردستان سەپاند.
میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردەوە، دانیشتنی حەوتەمی دۆسیەی سۆفیا ئالاگاش هاوسەرۆكی شارەوانی سێرت، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە ئامادەبونی پارێزەرەكانی لە دادگای باڵای تاوانەكانی پێنجەمی ئامەد بەڕێوەچووە، دادگا بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی قەدەغەكراو، سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دادگاكە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیكردنی بەسەر هاوسەرۆكی شارەوانی سێرتدا سەپاندووە.
لە بەرانبەر ئەو بڕیارەدا سۆفیا ئالاگاش پارێزەری دۆسیەكە رایگەیاند، دۆسیەكە هەر لە سەرەتاوە نا یاسایی بووە، دادگا جارێكی تر دوژمنایەتی دەوڵەتی بەرامبەر كورد نیشاندا.
هاوكات سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش پەرلەمانتاری سێرت ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەو بڕیارە سیاسییە، ئەو یاسایە دوژمنایەتییە، دان بەو بڕیارە نایاساییەدا نانێن.