كوران، گەڕەكە خنكاوەكەی هەولێر

11:05 - 2025-01-29
دووتوێ
119 جار خوێندراوەتەوە
گەڕەکی كوران

ئا: هێدی گەڵاڵی

 
گەڕەكی كوران كە لە شارەوانی بەگەڕەگی رزگاری ناونراوە، یەكێكە لە گەڕەكە دێرینەكانی هەولێر، بە جۆرێك لەدوای گەڕەكەكانی خوارەوەی قەڵای شارەكە، کە ئەوانیش: خانەقا و تەیراوە و تەعجیل و سەیداوە، لە ریزبەندی پێنجەم دێت. ئەو گەڕەكە بۆچەند بەشێك دابەشكراوە، كە شەقامی ئەلبان و بازاڕی كوران لە یەكیان جیادەكاتەوە، بەگوێرەی ئامارەكان بێت، تەنیا لە بەشێكی گەڕەكەكەدا، زیاتر لە 10هەزار كەسی تێدا دەژی، كەچی تەنیا پێنج خوێندنگا و یەك باخچەی ساوایانی لێیە.
هەڵكەوتەی جوگرافیای گەڕەكی كوران، دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی رێگای مەخموور، لەڕووی چڕی دانیشتوانیشەوە قەرەباڵغترین گەڕەكە، بەڵام وەكو پێویست لەلایەن حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی شارەكە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بەتایبەتی لەڕووی رێژەی سەوزایی و خوێندگا و نەخۆشخانەی سەردەمی، ئەمەش ئەو هەستە دروست دەكات، كە گەڕەكێكی خنكێندراوە و دەرفەتی فراوانبوون و كرانەوەی زەحمەت بێت.
هاووڵاتی حەمید بەدرخان، ماوەیەكی زۆر لەو گەڕەكە ژیاوە و زێدی لە دایكبوونیەتی، وەك كەسێكی شارەزا لە مێژووی دروستبوونی گەڕەكەكە دەڵێت: گەڕەكی كوران (رزگاری) لە كۆتایی پەنجاكاندا، بونیادنرا و لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا بە فەڕمی ناوی بوو بە گەڕەكی رزگاری، كە یەكێكە لەو گەڕەكە هەژارنشین و كەم خزمەت و پەراوێزخراوانەی هەولێر، بەجۆرێك لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێ بەشە.

 

ئەو پشتگوێخستنەی گەڕەكی كوران، هۆكارەكەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە، كە زۆرینەی خەڵكی ئەو گەڕەكە، ئینتیمای سیاسی و حزبیان بۆ حزبی دەسەڵاتدار نییە، بۆیە وەك سزایەك خزمەتگوزارییان پێشكەش ناكەن

وتیشی: پێشووتر دانیشتوانەكەی لە چەقی شار لە گەڕەكەكانی گڵكەند و سەعدوناوە نیشتەجێ ببوون، دواتر گواستراوەتەوە گەڕەكی كوران، هەڵكەوتەكەی لە شەقامی شەست مەتری دەستپێدەکات و تا خانووەكانی كارگەی رستن و چنین درێژ بێتەوە.   
راشیگەیاند: ناوی كوران لە پیشەی كورەچییەكانەوە هاتووە، هەرچەندە ئەوان زۆربەیان لەو گەڕەكە نیشتەجێ نەبوون، بەڵام وەك كار و پیشە لەو سنوورە كورەی خشت (كەرپووچ)یان هەبووە، بەڵكو  پێكهاتەی دانیشتوانەكەی، زیاتر لە خەڵكی گوندەكانی دەشتی قەراج و كەندێناوەی نزیك مەخموور بوون. باسی لەوەشكرد: جگە لە كورەكان، ئەو گەڕەكە چەندین شوێنی ناسراوی هەیە، كە ئێستاش وەك یادگاری لە بیری خەڵك ماونەتەوە، لەوانە بازاڕی كوران و غاباتی كوران و كارگەی شیرەمەنی( ئەلبان)ی جاران، كەخەڵكی لەشوێنەكانی دیكە سەردانیان دەكردن.
ئاماژەی بەوەشكرد: گەڕەكی كوران بە دەستڕەنگینی و خاوەن كاری تایبەت ناسراو بوون، زۆرترین وەستای دیوار دروستكردن خەڵكی ئەو گەڕەكە بوون، هەربۆیە تاكە گەڕەك بووە كە مەیدانی وەستانی كرێكارانی لێبێت، ئەگەر كەسێك پێویستی بە وەستا و كرێكار بوایە بۆ دروستكردنی خانوو و پێداویستییەكانی تر، دەبوو سەردانی كوران یان بەردەم چایخانەی مەچكۆ لە سەنتەری شاری هەولێر بكات.
سەدرەدین مەغدید كاسبكار و دانیشتووی گەڕەكی كوران، پێیوایە گەڕەكی كوران لەلایەن دەسەڵات و حكومەتی خۆجێی هەولێر بە بەرنامە پشتگوێخراوە و لە خزمەتگوزارییەكان بێ بەش دەكرێ. ئەو كاسبكارە دەڵێت: ئەو پشتگوێخستنەی گەڕەكی كوران، هۆكارەكەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە، كە زۆرینەی خەڵكی ئەو گەڕەكە، ئینتیمای سیاسی و حزبیان بۆ حزبی دەسەڵاتدار نییە، بۆیە وەك سزایەك خزمەتگوزارییان پێشكەش ناكەن. وتیشی: كاتی خۆی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی شەقامی مەخموور لەو گەڕەكە 9 ملیار دیناری بۆ دەرچوو، كەچی نە ئەندەرپاسێك نەهیچ پردێكی پەڕینەوەی بۆ دروست نەكرا، ئەمە جگە لەوەی شەقامی كۆڵانەكانیان وەك چۆن پێشتر دروستكراون، هەروەك خۆیان ماونەتەوە كە تەسك و بچوكن، ئەمەش ئاستنەگ و گرفتێكی زۆری بۆ هاتووچۆی دانیشتوانەی دروستكردووەو جۆرە خنكانێكی پێوەدیارە
ئەحمەد حەیدەر، كەسێكی تر بوو وەك دانیشتوانی ئەو گەڕەكە وتی: گەڕەكی كوران بەجۆرێك دروستكراوە، هیچ حسابێكیان بۆ رێژەی سەوزایی و دروستكردنی خوێندنگا و نەخۆشخانە نەكراوە، چونكە هەرخانوویەكی 200 مەتری بۆ دوو خانووی 100 مەتری دابەشكراوە، بەمەش ئەگەر كۆڵانێك 20 ماڵ بێت، ئەمڕۆ بۆتە 40 ماڵ، كەچی ژمارەی خوێندگا و نەخۆشخانەكانی وەك خۆیەتی، هەروەها لەبەشێكی زۆری شوێنی دانیشتنی خێزانەكان دوورە.
وتیشی: بەهۆی نەبوونی شوێنی سەوزایی و گۆڕەپانی تایبەت، مۆلیدەكانی ئەو  گەڕەكە، لەناو ماڵان و شوێنی نەشیاو دانراون و خەڵكیان بێزار كردووە. هەروەها لەرووی ئاوەڕۆوە گرفتی زۆرە، بەتایبەتی لەكاتی بارانباریندا، لەگەڵ چەندین گرفتی تر، ئەمانە هەمووی وایكردووە، خەڵكی رەسەنی ئەو گەڕەكە، جێبهێڵن  و روو لە گەڕەكێكی تر بكەن، كە فراوان و سەوزایی لێ بێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان