دووسایدكردنی رێگای هەولێر-كۆیە

پـــرۆژەیــەكـی درەنـگ وەخت و دانــانی كــاتێكی زۆر بــۆ تــەواوكــردنی

11:09 - 2025-01-29
دووتوێ
107 جار خوێندراوەتەوە
رێگای هەولێر-كۆیە

ئا: رەهێڵ سەمەد

 

ئەوەی جێگای نیگەرانی و تاڕادەیەك بێ ئومێدیی خەڵكە، درێژیی ماوەی تەواوكردنی ئەو رێگایەیە، كە سێ ساڵ و شەش مانگی بۆ دانراوە

دووسایدكردنی رێگای هەولێر-كۆیە، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی رێگاوبان و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، هاوكات بەستنەوەی شارە گەورەكان بە قەزای كۆیە و دوكان و سلێمانی و شارەكانی دواتر، بەگوێرەی زانیارییەكانی پارێزگای هەولێر، درێژی رێگای دووسایدی هەولێر-كۆیە نزیكەی 40 كیلۆمەتر دەبێت و لە كۆتایی ساڵی رابردوودا دەست بە كارەكانی بە دووسایدكردنی كراوە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی و تاڕادەیەك بێ ئومێدی خەڵكە، درێژیی ماوەی تەواوكردنی ئەو رێگایەیە، كە سێ ساڵ و شەش مانگی بۆ دانراوە، ترسی دانیشتوانی ئەو سنوورە تەنیا لەو ماوەیەدا نییە، بەڵكو لەگەڵ دروستبوونی هەر قەیرانێكی دارایی و خراپبوونی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، كاركردن لەو پڕۆژەیە بوەستێت، وەك چۆن  پێشتر لە ساڵی 2011 بڕیاری دروستكردنی ئەو دوو سایدە درا بوو، كەچی بەو هۆكارانە نەتوانرا تەواو بكرێت.
لەوبارەیەوە هاووڵاتیان و گەشتیاران لە شاری هەولێر، ئەوانەی زیاتر رێگای هەولێر- كۆیە بەكاردەهێنن، بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەی بە دووسایدكردنی رێگاكە بۆ كوردستانی نوێ دەخەنەڕوو. حسێن حەمەد، یەكێكە لەوانە پێیڕاگەیاندین: بەدڵنیاییەوە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی كورتكردنەوەی ماوەی گەشت لە نێوان هەولێر و كۆیە و ناوچەكانی دیكە، چونكە لەكاتی ئێستادا رێگاكە یەك ساید و كۆنە و بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نییە، كە ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و هاتووچۆییەی لەسەر رێگاكە هەیە.
وتیشی: دانانی ماوەی 3 ساڵ و 6 مانگ بۆ تەواوكردنی، دووسایدی هەولێر- كۆیە، ماوەیەكی زۆرە و هیچ گرێنتیەكیش نییە لەو ماوەیەدا تەواو بكرێت، چونكە نموونەمان هەیە لەرابردوو، چەندینجار بڕیاری لەسەر دراوە، كەچی وەك خۆی ماوەتەوە، بۆیە دەبوو حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگای هەولێر، گرنگی زیاتر بەم رێگایە بدەن، هۆكارەكانی سیاسی نەبێتە رێگر لەبەردەم قۆناغەكانی تەواوكردنی پڕۆژەكە.
ئەو هاووڵاتییە پێشیوابوو: مانەوەی رێگای هەولێر-كۆیە بەم رەوشەی ئێستای وادەكات، رێژەی قوربانییەكان زیاتر بێت، زیانی ماددیی زۆرتر بە گەشتیاران بكەوێت، بەهۆی خراپبوونی ئۆتۆمبێلەكانیان و درەنگ گەیشتن بۆ شوێنی مەبەست و چەندین زیانی دیكە، كە رەنگە لە داهاتوو دەربكەوێت.
بەشدار ئیسماعیل، هاووڵاتییەكی دیكەی هەولێرە و دەوامی فەرمانگەكەی لە شاری كۆیەیە پێیوتین: من یەكێكم لەوانەی رۆژانە بەو رێگایە هاتوچۆ دەكەم، بەراستی هەرجارێك پێیدا دەڕۆم، بیر لە روودای هاتوچۆ دەكەمەوە و دوعا دەكەم بەسەلامەتی بگەڕێمەوە، چونكە جگە لەوەی رێگاكە یەك سایدە، لەهەمانكاتدا پێچ و سوڕانەوەی زۆرە و بەردەوامیش قەرەباڵغە.
وتیشی: ئێمە ئەوەندە ترسمان لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و گەورە هەیە، ئەوەندە ترسمان لە ئۆتۆمبێلی بچوك نییە، بارهەڵگرەكان هەندێكجار زۆر هێواش دەڕۆن، دەرفەتی دەربازبوون لێیان زەحمەتە، چونكە شەقامەكە یەك سایدە و ئۆتۆمبێل لەبەرامبەرت دێت، بەمەش بە كاتێكی زۆر زیاتر دەگەیت بە شوێنی دەوام، هەندێكجاریش بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە، رێگاكە دادەخرێت، ئەوەش كێشەیەكی ترە رووبەرووی شوفێران و هاووڵاتیان دەبێتەوە.
لەبارەی دووسایكردنی رێگاكە وتی: ئەوە بڕیارێكی دڵخۆشكەرە بەراستی، دەبوو زووتر ئەوە بكرێت، بەڵام بەداخەوە دووسایدكردنی رێگای هەولێر-كۆیە، دوای دووسایدكردنی سەرجەم رێگا سەرەكییەكانی دیكەی هەولێر دێت، بەڕووی شارە گەورەكانی دیكە، لەوانە: (هەولێر- دهۆك. هەولێر- مەخموور. هەولێر- خەبات. هەولێر-شەقڵاوە. هەولێر-كەركوك).
لەسەر هەمان بابەت نیاز عومەر وەك گەشتیارێك لەنێوان هەولێر-كۆیە پێیوایە دواكەوتنی دووسایدكردنی رێگایەكی سەرەكی وەك هەولێر-كۆیە، غەدرێكی ترە لە هاووڵاتیانی هەردوو شار و شوێنەكانی تری كوردستان دەكرێت، چونكە ئەم ماوەیەكی زۆرە بۆتە رێگای مەرگ و هیچ هۆكارێك و بەربەستێك نییە تاكو ئێستا بەمجۆرە ماوەتەوە.
وتیشی: راستە ئێستا دەست بە دووسایدكردنی رێگاكە كراوە، بەڵام لەوە گرنگتر، زوو تەواوكردنی پڕۆژەكەیە، چونكە هەرچەندە زووتر تەواو بكرێت، رێژەی قوربانییەكان كەمتر دەبێتەوە، چونكە رۆژ نییە رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە دروست نەبێت، ئینجا هەندێكجار قوربانی هەیە و هەندێكجاریش زیانی ماددی.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان