خاڵی ناکۆکیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دەسەڵاتی نوێی سووریا ئاشکرادەکرێت

01:01 - 2025-01-29
جیهان
127 جار خوێندراوەتەوە

هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، رۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتێکی لامەرکەزیی دەوێت و دیمەشقیش دەسەڵاتێکی مەرکەزیی، ئەوەش خاڵی ناکۆکییانە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریادا.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆسەری دیموکراسیی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، لەسەر پرسی یەکێتیی خاکی سووریا و بوونی یەک سوپا هاوبۆچوونن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریادا، بەڵام لەبارەی دروستکردنی سووریایەکی لامەرکەزیی بۆچوونیان جیاوازە و ناکۆکییان هەیە.
دەشڵێت، ئەوان سووریایەکی لامەرکەزییان دەوێت و دەسەڵاتی نوێی سووریاش، سووریایەکی مەرکەزیی دەوێت.
لەبارەی هۆکاری داواکارییەکەشیان ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، بۆیە داوای سووریایەکی لامەرکەزیی دەکەین، چونکە ئەو کێشانەی رژێمی پێشوو لە دوای خۆی بەجێیهێشتن، دەرئەنجامی بەستنەوەی هەموو شتێک بوو بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە. ئێمە بڕوامان بە دەسەڵاتێکی لامەرکەزیی هەیە کە مافی بیروڕای ئازاد و ئازادیی بە هەموو کۆمەڵگەکان بدات، بەو جۆرەی ئەو کۆمەڵگانە بۆ خۆیان بە گونجاوی دەزانن.
وتیشى، دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دەستی گرووپێکدایە کە هەموو کەس رابردوویان دەزانێت و تاوەکو ئێستاش تەنیا بەڵێنن، بۆ ئەوەی راستییەکان دەربکەوێت، پێویستمان بە کات هەیە.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، سووریایەک کە خاوەنى دەسەڵاتی لامەرکەزیی بێت، خۆی دەتوانێت هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە ئێستا هەن. دەسەڵاتی مەرکەزییش جارێکی دیکە دەرگا بە رووی شەڕی ناوخۆ دەکاتەوە. هەر بۆیە بۆ رێگرتن لە خوێنڕێژیی و هێنانە ئارای ئازادی و دیموکراسییەتی راستەقینە، پێویستە سووریا بکرێت بە وڵاتێکی لامەکەزی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان