فڕۆکەیەک بە 64 سەر نشینەوە خۆی کێشا بە فڕۆکەیەکی سەربازی

10:20 - 2025-01-30
جیهان
84 جار خوێندراوەتەوە

راگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک بە 64 سەرنشینەوە خۆی کێشاوە بە فڕۆکەیەکی سەربازیی سوپادا و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە کەس رزگاری بووبێت.

میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگن بە 64 سەرنشینەوە خۆی کێشاوە بە فڕۆکەیەکی سەربازیدا، کە فڕۆکە سەربازییەکەش سێ سەربازی سوپای تێدا بووە.

دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە نزیكەوە بەدواداچوون دەكەن بۆ رووداوەکە. وەزیری بەرگری ئەمریکاش دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، فڕۆکەکە لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە ناو رووباری بۆتۆماک و تاوەکو ئێستا تەرمی 18 کەس لە رووبارەکەدا دەرهێنراونەتەوە.

باس لەوەشدەکەن، تاوەکو ئەم ساتە هیچ ئاماژەیەک نییە کە کەس رزگاری بووبێت، هاوکات، فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگن، تاوەکو سەعات 5ی بەیانی بەکاتی واشنتن داخراوە.

لەو بارەیەوە سیناتۆرێکی ئەمریکی باسی لەوەکردووە، فڕۆکەکە 60 سەرنشین و چوار کەسی لە ستافی فڕۆکەکە تێدا بووە و فڕۆکە سەربازییەکەش لەکاتی مەشقدا بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان