کۆنفرانسی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان کە بڕیاربوو لە 2ی شوباتی داهاتوو ببەسترێت، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راگیرا.
ئەوبەشەی بزووتنەوەی گۆڕان کە دانای ئەحمەد مەجید سەرپەرشتی دەکات رایدەگەیەنن،
ئەوان خۆیان داوایانکردووە کۆنفرانسەکە دوابخرێت، لە بەرامبەردا ئەو بەشەى بزووتنەوەى گۆڕان کە کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتى دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە و رێگەیان نەداوە بەناو و لۆگۆى گۆڕانەوە کۆنگرە و کۆنفرانس بکرێت.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیاریداوە بە راگرتنى کۆنفرانسى گۆڕان لە 2ی شوباتى داهاتوو.
هەردوو بەشەکەى بزووتنەوەى گۆڕان، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، بڕیارى دواخستنى کۆنفرانسى ناوخۆیی لەسەر داواى ئەوان بووە، ئەو بەشەى بزووتنەوەى گۆڕان کە داناى ئەحمەد مەجید سەرپەرشتى دەکات، رایدەگەیەنن، خۆیان داواى کۆنفرانسیان کردووە و هەرخۆشیان داواى دواخستنیان کردووە و دەیانەوێت بە ئامادەکاریى زیاترەوە بچنە کۆنفرانس.
لە بەرامبەردا سەرچاوەیەکى ناو بزووتنەوەکە لەو بەشەى کە بە گردى زەرگەتە ناسراوە، رایگەیاند، کۆنفرانسەکە لەسەر داواى ئەوان دواخراوە، چونکە خاوەنداریەتیکردنى گۆڕان بە مافى خۆیان دەزانن.
کێشە ناوخۆییەکانى بزووتنەوەى گۆڕان ساڵى رابردوو سەریانهەڵدا، بزووتنەوەکە بووە دووبەش، هەردوو بەشەکەى گۆڕان ناو و لۆگۆ و مافى خاوەنداریەتیکردنى بزووتنەوەکە بەهى خۆیان دەزانن.