ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، د.عەدالەت عەبدوڵڵا، یاریدەدەری لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و سەرنووسەری کوردستانی نوێ، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووسان و نووسەران و رووناکبیرانی دەڤەری راپەڕیندا کۆبۆوە.
مەبەستی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، روونکردنەوەی کارنامەی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕگرۆژنامەی کوردستانی نوێ بوو بۆ زیاتر گرنگیدان بەدەڤەری ڕاپەڕین و لاکردنەوەی زیاتر لە رۆژنامەنوسان و رووناکبیران و قەڵەمە بوێر و ئازاکانی دەڤەرەکە، تا بەوپەڕی ئازادانە لە کەناڵە جیاوازەکانی یەکێتیدا شوێن و پێگەی شایستەیان بۆ بکرێتەوە.
لەم روانگەیەوە گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان یاریدەدەری لێپرسراوی مەکتەب و سەرنووسەری کوردستانی نوێ و وەفدی یاوەری و ئامادەبواندا ئەنجام درا کە جگە لە گرنگی و بایەخی زیاتر بەڕەوشی ڕاگەیاندن، بڕیاریش درا کە دووتوێیەکی چوارلاپەڕەیی تایبەت بە دەڤەرەکە لەکوردستانی نوێدا بکرێتە دیاری رۆژنامەی کوردستانی نوێ و لەژێر تایتڵی "راپەڕیننامە" بە جوهد و کۆمەکی رۆژنامەنووسان و نووسەران لە داهاتوێکی نزیکدا دەربچێت کە تیایدا هەموو خەم و داوا و سەرنج و خواستەکانی دەڤەرەکە لە سەرجەم سێکتەرەکاندا لەخۆ بگرێت و هاوبەشێکی کارابێ بۆ خزمەتی رەوشی میدیا و کردنەوەی دەروازەیەکی تری راگەیاندن لە دەڤەری راپەڕین.