پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە یادی کارەساتی یەکی شوباتدا

08:09 - 2025-01-31
کوردستان
293 جار خوێندراوەتەوە

کارەساتی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ یادێکی تاڵە لە دڵی میللەتەکەماندا، رۆژی تێکەڵبوونی مژدەی جەژن و خۆشییە لەگەڵ خوێن و فرمێسکی کۆمەڵانی خەڵکی هەولێردا.
کردەوەی تیرۆریستی دوژمنانی گەلی کورد لە دوو بارەگای مەڵبەند و لق کە خەڵک بۆ پیرۆزبایی جەژن و گەردەن ئازادی لە یەکتری لە مەراسیمدا بوون. دەرخەر و دووپاتکردنەوەی ئەو راستییە تاڵەبوو کە نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆریستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان رەنگ و ئاماژەکان ناکەن و هەموو کورد لای ئەوان یەکە و مایەی یەک ئامانجی پەلاماردان و کوشتنن، بۆ ئەو نیازە گڵاوەش پشووی جەژن و لێبوردەیی و پێکهاتنەوە بە زیان و پێچەوانەی ویستی نەگریسیان دەزانن هیچ کات هەرگیز سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە.
دوای بیست و یەک ساڵ لەو کارەساتەش هێشتا برین و زامی گەلەکەمان، خەمی هاونیشتمانانمان لە هەولێر، خانەوادە و کەسوکاریان قوڵپئەدا و نەڕویەتەوە و بە تەواوی ساڕێژ نەبووە. بێگومان هەتوانی کۆی زامەکانیش هەر یەکێتی و پێکەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەکەمان، هەتوانەکە هەر پتەوکردنی پایەکانی حوکمڕانیمانە لەرێی ڕاستکردنەوەی رێڕەوەکەی و مشتوماڵکردنی ئەدا و کاراکردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی خۆمان، بێ جیاوازی بە هەموو ڕەنگەکانەوە. دەبا بۆ ئەو ئامانجە کار بکەین.
یادی شەهیدەکانی گەلەکەمان، شەهیدەکانی پایتەختی هەرێم لە یەکی شوباتدا هەر زیندوو و بەرز و بڵند بێت. رۆحیان شاد و ئاسوودە بێت.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١-٢-٢٠٢٥

بابەتە پەیوەندیدارەکان