ئا: سیڤان سامان
كۆمەڵگای بەستۆڕە دەكەوێتە سەر رێگای هەولێر- پیرمام، یەكێكە لەو ناوچانەی کە پێشتر خەڵكی شارەكە بۆ گەشت و سەیران روویان تێدەكرد، بەتایبەتی ئەوكاتانەی سەرچاوەی ئاوی هەبوو، ناوچەكەش پڕ دار و درەخت و سەوزایی بوو، بەڵام دوای راپەڕین و وشكبوونی ئاوەكەی، هاوكات بڕینەوەی بەشێك لە دار و درەختەكانی، ئیتر خەڵك رووی تێنەكرد و تایبەتمەندیی شوێنی گەشتیاری تاڕادەیەك لەدەستدا، ئێستاش لەگەڵ دروستكردنی بەنداوێك لە نزیك بەستۆڕە، دانیشتوانەكەی داوا دەكەن، لەرووی گەشتیارییەوە بایەخ بە شوێنەكە بدرێتەوە، بۆئەوەی لەلایەك ببێتە سەرچاوەی داهات، لەلایەكی تر ببێتە هۆی بووژانەوەی ناوچەكە بەگشتی.
عەلی رەحیم وەك دانیشتوی كۆمەڵگای بەستۆڕە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەستۆڕە یەكێك بوو لە سەیرانگە سەرنجڕاكێشەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی جوانی سروشتەكەیی و نزیكی لە شار، لە پشوو و بۆنەكاندا، بەتایبەتی لە رۆژانی نەورۆز ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار، روویان تێدەكرد و كاتیكی خۆشیان دەبردەسەر.
وتیشی: بەداخەوە دوای راپەڕین بەستۆڕە لە رووی گەشتیارییەوە بایەخی پێنەدرا و هیچ رێگرییەك نەكرا لەوەی ئاوەكەی وشك نەبێت، ئەمە جگە لەوەی رێگای سەرەكی هەولێر بۆ بەستۆڕە گۆڕانكاریی بەسەرداهات و ئاراستەكەی گۆڕا، ئەمانە هەموو وایانكرد، ئیتر خەڵك وەك شوێنێكی گەشتیاریی سەیری نەکات، چونكە گەشت و سەیران واتا ئاوا و سەوزایی، بەهۆی وشكبوونی ئاو و نەمانی سەوزایی، بەستۆڕە لەرووی گەشتیارییەوە، زیانێكی زۆری پێگیشت. هەردی فارس پێشتر دانیشتووی كۆمەڵگەی بەستۆڕە بووەو دەڵێت: لەبەرئەوەی بەستۆڕە ئەوەندە دڵگیر بوو، لە گۆرانی هونەرمەندان رەنگی داوتەوە، وەك هونەرمەندی نەمر باكووری لە گۆرانییە بەناوبانگەكەیدا دەڵێت:(با بڕۆین بۆ بەستۆڕە درەنگە خۆت بگۆڕە)، ئەمەش دەریدەخات كە بەستۆڕە گرنگی و بایەخی زۆری بۆ خێزانەكانی ئەوكاتەی هەولێر هەبووە و ئێستاش لەیاد كەسە بە تەمەنەكان ماوەتەوە و وێنەی یادگارییان لەو شوێنە تۆماركردووە. پێشیوایە: لە وڵاتان حكومەت كار بۆ بووژانەوەی ناوچەی گەشتیاری دەکات، كەچی لە كوردستان هیچ سەیرانگایەكی نزیك شار نەماوە، هەمووی بۆتە شوێنی تایبەتی بەرپرسان و خاوەن كۆمپانیاكان.
ئیبراهیم عــــــەبدولمەجید بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی پەیوەستە بە سنووری بەستۆڕە و هەموو ئەو شوێنانە هەیە كە بەنداوی تێدا دروست دەكرێت، بەتەئكید لەبەرنامەی حكومەتی هەرێمدایە، پڕۆژەی گەشتیاریی تێدا بكات.
وتیشی: بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە، ناوچەكە دەبووژێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵكی سنوورەكە و رەخساندنی هەلی كار، چونكە بەو هەنگاوە سەرنجی گەشتیاران رادەكێشێت و خەڵكی زیاتر سەردانی دەكەن، دەكرێت جارێكی تر وەك سەیرانگا بەكاربهێنرێتەوە.