زیاتر لە 12 ساڵە بڕیاری لەسەر دراوە

جووتیارانی دەشتی هەولێر داوای جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاودێری دەكەن

11:22 - 2025-02-05
دووتوێ
10 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی دەشتی شەمامک

ئا: هێدی گەڵاڵی

دوانزە ساڵە بڕیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاودێریی شەمامك  لە باشووری شاری هەولێر دراوە، بەڵام بەهۆكاری جیاجیا، تائێستا ئەو پڕۆژەیە لەسەر نەخشە ماوەتەوە و نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوبارەیەوە جووتیارانی سنوورەكە رایدەگەیەنن، بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە نزیكەی 80 هەزار دۆنم بەراو دەكات و( 25 تا 35) گوندی سنوورەكە سوودی لێوەردەگرن.
هاوكات پێیانوایە بوونی پڕۆژەیەكی ئاودێری، داهاتێكی هەمیشەیی مسۆگەر دەكات، كە بە داهاتی سەوز ناودەبرێت، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە ژێرخانێكی پتەوی خۆراك و پیشەسازیی و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی بەروبوومی دەرەكی و ناردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ باشوور و ناوەڕاستی عیراق و دەرەوەی وڵات.
پێشیانوایە پڕۆژەی ئاودێری، هۆكارێك دەبێت بۆ دابینكرنی ئاسایشی خۆراك و زیادبوونی هەلی كار و دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی ژێرخانی كشتوكاڵی، وەكو دامەزراندنی كارگەی پیشەسازی كشتوكاڵی و بەخێوكردنی ئاژەڵداریی و پەلەوەریی و پاراستنی ئاویی ژێرزەوی لەڕێی داخستنی هەموو بیرەكان(بیری قووڵ و بیری سەرخاك). هەروەها گەڕانەوەی وزەیەكی زۆری كارەبا بۆ تۆڕەكانی كارەبای نیشتیمانی.

 

غازی فەیسەڵ، كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و جووتیاری سنوورەكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پڕۆژەی ئاودێریی شەمامك یان دەشتی هەولێر لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری دروستكردنی دەرچووە، تا ئێستا سێ كابینەی بەڕێكردووە، بەڵام نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. هۆكاری جێبەجێنەكردنی حكومەتی خۆجێی هەولێر و وەزارەتە تایبەتمەندەكانن. 
وتیشی: ئەو پڕۆژەیە گرنگترین پڕۆژەی سنوورەكەمانە ئەگەر جێبەجێ بكرێ، ئاوێكی زۆر و بوژانەوە و سەوزاییەكی فراوان بۆ ناوچەكە دەستەبەر دەكات. كاتی خۆی لەسەر داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری لەسەر لێدرا، بەو پێیەی سنوورەكەمان فراوانە و لەگەڵ سنووری عەرەبنشینەكانی ئەو ناوچانەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاودێری بۆ ئەو سنوورە، لەڕووی كشتوكاڵییەوە گرنگی خۆی هەیە، بەو پێیەی رێژەی بارانبارینی ساڵانە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە كەمترە، بۆیە پێویستیان بە ئاوی سەرزەوی هەیە، كە بێگومان كاریگەریی زۆرباشی لەسەر ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان دەبێت و دەیان و سەدان هەزار دۆنم زەویش بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەبوژێتەوە.
هەر پەیوەست بەو بابەتە رێبوار كاكەیی، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر باس لە هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی ئەو پرۆژەیە دەكات و پێیڕاگەیاندین: كاری هەرە لە پێشینەی نەخشەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێریی پارێزگای هەولێر پرۆژەی ئاودێریی شەمامكە، كە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لەڕووی شوێنی سەرچاوەی ئاوەكە و لێكۆڵینەوە لەسەرجەم بوارەكانی پشكنینی خاك و مۆرفۆلۆجی و كەشوهەوا و چاندن و هایدرۆلۆجی و جیۆلۆجی و سەرژمێری بیر و ئاژەڵ و سەرجەم دامەزراوەكانی دیكە بەدواداچوونی بەردەوام دەكات.
وتیشی: لەداهاتوودا هەموو هەوڵێك دەدەین بەگوێرەی ئەو ئەركانەی لەسەرمانە بۆ دیزاینكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەكە، بەڵام لەبەرئەوەی پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگە، پێویستی بە كات و  بوودجەیەكی زۆر هەیە. ئاماژەی بەوەشكرد: خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە، بەتایبەتی دوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش، هەروەها  كێشەی بودجەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، چەند هۆكارێكن وایانكردووە نەتوانرێت ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت.
بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر روونیشیكردەوە: پرۆژەی ئاودێریی شەمامك دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری هەولێر لە ناوەڕاستی ساڵی 2013ەوە بڕیاری دروستكردنی دراوە و نزیكەی 400 ملیۆن دۆلاری پێویستە، یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان بۆ روبەرووبوونەوەی وشكەساڵی، هاوكات پڕۆژەیەكی ئاودێریی ستراتیژیی كشتوكاڵییە، كە لە ساڵی(1980) لێكۆلینەوەیەكی سەرەتایی لەلایەن راوێژكاری پۆڵەندی بۆ كراوە .
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەبارەی دروستكردن و ئایندەی ئەو پڕۆژەیە وتی: رۆژی 27/1/2025 خاتوو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بریكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكاران و تیمی تەكنیكی وەزارەت لەگەڵ د. سەباح حاجی حەسەن نوێنەری رێكخراوی فاو لە عیراق، كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا، بەیەكەوە تاوتوێی هەموو ئەو پڕۆژە هاوبەشانە كرا، كە بڕیاریان لێدراوە بخرێنە بەرنامەی كار بۆ جێبەجێكردن. 
وتیشی: هەرلەو كۆبوونەوەیەدا باسی پڕۆژەی ئاودێریی شەمامك كرا، كە گرنگ و پێویستە بۆ دەشتی هەولێر و سنوورەكە، بە تایبەتیش لە ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت و بڕیاریشە لە ئایندەدا جێبەجێ بكرێت،  كە بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەی ئاودێری ئەژمار دەكرێت لە سەرتاسەری عیراق.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان