ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
سەرنج و وێنە
ئەوەی لە وێنەكەدا دەیبینین ئەو رێگە خۆڵەیە كە لە شەقامی سەرەكی دوو سایدەكەی گەڕەكی (36)ەكانی چوارچرا شۆڕدەبیتەوە بۆ بەردەم یاریدەدەرێتیی ئاسایشی چوارچرا لە وەرزی زستاندا دەبێـتە قوڕ و چڵپاو و ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست دەكات، هاوینانیش تەپوتۆزێکی زۆری هەیە.
ئەو شەقامە بەهۆی قەرەباڵغیی سنووری گەڕەكی چوارچرا لۆدێكی زۆری لەسەرە و رۆژانە سەدان هاووڵاتی لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن. هاووڵاتیانی ناوچەكە و یاریدەدەرێتیی ئاسایشی چوارچرا داوا دەكەن شارەوانیی سلێمانی هەرچی زووە ئەو رێگەیەیان بۆ قیرتاو بكات، لەبەرئەوەی ئاستەنگیی زۆری لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و هاووڵاتیاندا دروست كردووە.
بەشێک لە شەقامی گەڕەكی (36)ەكانی چوارچرا
داخوازیی گوندنشینانی هەنارانی خواروو
ئەو بەڵێنە ناڕاستانەی لە ماوەی رابردوودا دراون بە گوندنشینانی هەنارانی خواروو خەڵكەكەی تووڕە كردووە.
كوێخا كامیل گوندنشین لە هەنارانی خواروو بۆ کوردستانی نوێ وتی: رێگەی گوندەکەمان تەنها دوو کیلۆمەتر دەبێت هەموو شتێكی تەواو بووە، بەڵام قیرتاوکردنمان پێ رەوا نابینن.
وتیشی: بەردەوام داوای خزمەتگوزاری دەکەین کە مافی رەوای خۆمانە، بەڵام کەس گوێمان لێ ناگرێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیان بەڵێنمان پێدرا هیچی جێبەجێ نەکراوە بۆمان.
کوێخا کامیل دەڵێت: داوا دەکەین هەرچی زووە شەقامی سەرەكیی گوندەكەمان بۆ قیرتاو بكەن.
گوندی هەنارانی خواروو
دانیشتووانی قولەرەیسی داوای چارەسەر لە شارەوانی دەکەن
گەڕەكی قولەرەیسی سەروو زیاتر لە 700 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 3500 كەسە و کەمیی خزمەتگوزاری بێزاری کردون.
دانیشتوویەکی گەڕەکی قولەرەیسی سەروو بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو گەڕەك و كۆڵانانەی دەكەونە نزیك كۆمپانیای بەڕێز و باڵەخانەكانی میران سیتی، سەرجەمیان گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، زستان قوڕ و هاوین تەپوتۆز بێزاری کردوین، بێجگە لەوە راستە شەقامی ئەو گەڕەكە كە بە ناوەڕاستی ماڵەكاندا بەرە و سەرەوە تێپەڕدەبێت، خۆڵە و چاڵ و چۆڵییەكی زۆری تێدایە، داواكارین شارەوانیی سلێمانی بۆمان قیرتاو بکات.
وتیشی: گلەییمان لە موختارەکەمان هەیە لەبەرئەوەی هیچ هەوڵێک نادات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خزمەتگوزاریی گەڕەکەکەمان.
گەڕەكی قولەرەیسی سەروو
دانیشتوانی تووەسپی داواکارییان هەیە
گەڕەكی تووەسپی لە شاری سلێمانی 4000 ماڵ زیاترە و ژمارەی دانیشتوانەكەی 20000 كەس دەبێت.
سامان عەلی موختاری گەڕەكی تووەسپی بە كوردستانی نوێی وت: تەواوی كۆڵانەكانی تووەسپی پێویستیی بە خزمەتگوزارییەکانی، ئاو، ئاوەڕۆ و كۆنكرێت كردنە، كارەبای گەڕەكەكە خراپە و محەویلەكان لۆدێکی زۆریان لەسەرە، شارەوانی تووەسپی بە ئارەزووی خۆی كارەبای موەلیدە دەدات بەو ماڵانەی پێویستیان پێیەتی.
وتیشی: قوتابخانەیەكمان هەیە تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی تێدایە و خێرخواز دروستی كردووە بە كابینە، بۆیە پێویستمان بە دروستکردنی بینای قوتابخانەیە، بنکەی تەندروستی، باخچەی ساوایان و ساحەی تارتانمان نییە و داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بۆمان دروست بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوای تاپۆكردنی خانووەكانمان دەكەین بەپێی یاسا و رێنماییەكان، هەروەها دابینکردنی هێڵی پاس و دروستکردنی چەند وێستگەیەکی وەستان.
گەڕەكی تووەسپی لە شاری سلێمانی
كانی گۆمە خزمەتگوزاریی دەوێت
كانی گۆمە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکان، ئێستا 3000 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیاتر لە 15000 كەسن، داوای خزمەتگوزاریی دەکەن.
حاجی رزگار دانیشتووی گەڕەکی كانی گۆمە بۆ کوردستانی نوێ وتی: تەواوی كۆڵانەكانمان گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، شەقامی سی مەتری گەڕەكەكە تەنها چوار كیلۆمەترە، چەندینجار نووسراومان کردووە بۆ شارەوانی، بەڵام هیچ نەكراوە.
وتیشی: رێگەیەكی دیکەمان هەیە دەكەوێتە ئەوبەری پردەكەی كانی گۆمە بەرەو كارەباكە و عەزیزئاوا دەڕوات، زیاتر لە 20 گوندی ناوچەكەی لەسەرە ئەوەندە رێگەیەكی خراپە ئۆتۆمبێلی ئەو ناوچەیەی هەموو وێرانكردووە. لە شەقامی 30 مەتریش لە بەشی سەرەوەی نزیك موەلیدەكە دوو پردی بچووكی تێدایە، كاتێك باران دەبارێت ئاو كۆدەبێتەوە و دەچێتە ناو ماڵەکانەوە، لەبەرئەوە پێویستمان بە گەورەکردنی هەردوو پردەکەیە، بۆئەوەی ئاوی تێدا نەوەستێت و ماڵەکان زیانیان لێنەکەوێت.
وتیشی: گەڕەكەکە بێبەشە لە هەموو خزمەتگوزارییەک، ساحەی تارتان، نەخۆشخانە و باخچەی ساوایانمان نییە، لە رووی سەوزكردنیشەوە گەڕەكەكەمان سفرە و باخچەیەكی تێدا نییە دانیشتوان سەردانی بكەن و پشوویەکی تێدا بدەن، داوای دابینکردنیان لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
گەڕەکی کانی گۆمە لە سلێمانی
کەموکوڕییەکانی گەڕەكی ئاشتی لە عەربەت
گەڕەكی ئاشتی لە عەربەت 1200 ماڵ زیاترە و ژمارەی دانیشتوانەكەی 5000 كەس زیاترە، بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە دانیشتوانەكەی بێزار و نیگەرانن.
حەسەن عەبدوڵڵا موختاری گەڕەكی ئاشتی لە عەربەت بە كوردستانی نوێی وت: چەند كۆڵانێكمان هەیە كۆنكرێـت نەكراوە، ئەوەشی كە بۆی نەكراوە هەمووی تێكچووە و هەڵتەكیوە و پێویستی بە چاككردنە، لە نزیك مزگەوتی خەلیفە مەجید و قوتابخانەی شەبەنگی بنەڕەتییەوە چەند كۆڵانێكمان هەیە تازە دروستكراون كۆمپانیایەك كۆنكرێـتی کرد، بەڵام بەهۆی خراپیی كارەكەی هەرزوو تێکچووەتەوە.
وتیشی: لە زۆر شوێنی گەڕەكەكەمان شارەوانی زەوی دەستنیشانكردووە بكرێت بە باخچە، تائێستا نەكراوە، داوادەكەین باخچەی ساوایانمان بۆ دروست بکرێت، قوتابخانەکەمان زەوییەکی زۆری بەجێماوی هەیە دەتوانرێت بینای قوتابخانەیەکی مۆدێرنی لەسەر بنیات بنرێت، شارەوانیی عەربەت لە رووی دروستكردنی باخچە و سەوزایی بۆ گەڕەكەكان زۆر سستن، داواكارین لەو رووەوە هۆشدارییان پێ بدرێت.
گەڕەكی ئاشتی لە عەربەت