راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
سه‌نته‌ری کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان لەلایەن ئاژانسی پەنابەران (UNHCR) رادەستی ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ کرا. ئەم سەنتەرە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش بە خێزان و منداڵانی ده‌ڤه‌ری زاخۆ ده‌كات و سەنتەرێکی فرە خزمەتگوزاری ده‌بێت.
له‌وباره‌یه‌وه فەرید بەدرخان رێکخەری پاراستنی کۆمەڵایەتی له رێکخراوی هاریكار و سەرپەرشتیاری سەنتەری کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان لە زاخۆ بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم سەنتەرە لەلایەن ئاژانسی(UNHCR)ی پەنابەرانه‌وه دروستكراوه بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە زاخۆ.
فرە خزمەتگوزاری
لە سەنتەرەکەدا خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش بە خێزان و منداڵانی زاخۆ دەکرێت، چالاکی و وانه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی پێشكه‌ش به خێزان و منداڵانی هەموو دانیشتوانی زاخۆ بە ئاوارەکانیشەوە دەکرێت، به تایبه‌ت له رووی یاسایی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییەوە.
وتیشی: لە سەنتەرەکەدا چەندین خولی شیاندن دەکرێتەوە وەک، خولی بنیاتنانی تاکەکەسی، بۆئەوەی هەر تاکێک له دواڕۆژدا بتوانێت به شێوه‌یه‌كی باشتر هه‌ڵسوكه‌وت لەگەڵ بارودۆخی ژیانی خۆیدا بكات، هەروەها خولی فێربوونی دەلاکی و کارکردن لە ئارایشتگا بە گشتی، بە ئامانجی ئەوەی تاک بتوانێت لە رێگەیانەوە ببێتە خاوەنی کار و پیشەی خۆی و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی پشت بەخۆی ببەستێت.
ئاژانسی په‌نابه‌ران(UNHCR) وردە وردە خزمەتگوزارییەکانی دەگوازێتەوە بۆ کەرتی گشتی و ئەمە بیرۆکەیەکی باشە.
فەرید بەدرخان سەرپەرشتیاری سەنتەرەکە دەڵێت: دەبێت لە خێزانەوە دەست پێبکەین بۆئەوەی نەوەیەکی خاوەن کەسایەتی بەرز دروست بکەین، ئێمە وەک رێکخراوی هاریکار هەمیشە پڕۆژەمان هەبووە بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لەسەر زۆر بابەتی تاکەکەسی بە تایبەت لە بواری گەشەپێدان و پاراستنی خێزان و منداڵان بە گشتی.
بەرزکردنەوەی ئاستی منداڵان
وتیشی: ئامانجێکی دیکەمان هۆشیارکردنەوەی منداڵانە سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییان به سۆشیال میدیای ئازادەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێن و بە جدی کاریان لەسەر بکرێت، بێگومان منداڵان ئەم شارەزاییە وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ دەوروبەری خۆیان و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە دەبن، بەوەش دەتوانن خۆیان له خه‌راپه‌کاری بپارێزن.
ئێستا سەنتەری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان لە ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ لەلایەن رێکخراوی هاریکارەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە زاخۆ بە پاڵپشتی ئاژانسی په‌نابه‌ران(UNHCR)بەڕێوەدەبرێت. ئامانجیان خزمەتی گشتییه لە پێناو پەروەردەکردنی خێزان و بەرزکردنەوەی ئاستی منداڵان.
هەر گروپێک ئامانجی خزمه‌تی گشتی بێت دەتوانێت چالاکییەکانی لەو سه‌نته‌ره‌دا بکات، سەنتەرەکە له خزمه‌تی هەرجۆرە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، دەروونی و ته‌ندروستی گشتیدا ده‌بێت، دوور لە بابەتی حزبی.
لەسه‌ر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 سەنتەری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان هەن، بەپێی ئامارەکانی ساڵی رابردوو زیاترلە 90 هەزار کەس پەیوەندییان بەو سەنتەرانەوە کردووە
سەنتەرێكی گشتگیر
له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د ساڵح توێژه‌ری ده‌روونی و به‌رپرسی سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پاراستنی منداڵان له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بۆ كوردستانی نوێ وتی: بە شێوەیەکی گشتی له‌سه‌ر ئاستی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی کۆمەڵێک سه‌نته‌ری کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان هەن، به‌ڵام ئەم سەنتەرەی ئێستا کراوەتەوە سەنتەرێکی گشتگیره بۆ هاووڵاتیان و رێکخراوەكانی حکومی و بیانی و لۆكاڵی لێی سوودمەند دەبن.
وتیشی: لە سەنتەرەکەدا بەرنامە و پرۆگرامی تایبەت بۆ منداڵان، خۆڕاگری گەنجان و خولی تایبەت بۆ منداڵانی باخچەی ساوایان ئامادە دەكرێت بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان لە قۆناغی پێش قوتابخانە، هەروەها کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەتی دیکە پێشکەش دەکرێن بۆ رێگریکردن لە توندوتیژیی و باوه‌ڕبه‌خۆ بوون. هەبوونی سەنتەرێکی لەو شێوەیە دەرگایەکه بۆ خەڵکی خۆجێیی ده‌ڤه‌ره‌کەمان و ئاوارەکان به گشتیی ژوورێک تایبەت كراوه بۆ بەڕێوەبردنی كار و کاروباری پەنابەران.
شایه‌نی باسه لەسه‌ر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 سەنتەری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پاراستنی خێزان و منداڵان هەن، بەپێی ئامارەکانی ساڵی رابردوو زیاترلە 90 هەزار کەس پەیوەندییان بەو سەنتەرانەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، زیاتر لە هەزار و 500 کەسیش لە زاخۆ په‌یوه‌ندییان به‌م سەنتەرەوه کردووه.