گەنجێکی بەریتانی بۆ دۆزینەوەی هاردێکی فڕێدراو کە بە بەهای ملیۆنان دۆلار بیتکۆینی تێدایە، زیاتر لە 100 هەزار تۆن خۆڵوخاشاک دەکڕێتەوە.
جەیمس هاوێلز، ئەندازیاری کۆمپیوتەرە لە ساڵی 2013 هاردێک لە ناو کیسەیەکی ڕەش لە ماڵەکەیدا دادەنێت، هاوڕێکەشی بەمەبەستی پاککردنەوەی شوێنەکە ئەو کیسە ڕەشە فڕێدەداتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، لە دواتردا جەیمس بۆی دەردەکەوێت بیتکۆینەکانی لەو هاردەدا هەڵگرتووە، کە لە ئێستادا نرخەکەی گەیشتووەتە 766 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
بە مەبەستی دۆزینەوەی هاردەکەش لە دادگا داوای کردووە کە ڕێگەی پێ بدەن لەو شوێنەی کە خۆڵوخاشاکی ناوچەکەی لێ کۆ دەکرێتەوە، بگەڕێت و هاردەکە بدۆزێتەوە، بەڵام دادگا بە تەواوەتی رپەتیکردووەتەوە.
جەیمس بێ هیوا نەبووە، دوای داخستنی دۆسییەکەی لە دادگا، داوای لە بەرپرسانی وێڵز لە شانشینە یەکگرتووەکان کردووە کە تەواوی زبڵخانەکان بکڕێتەوە و چیتر ڕێگە بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی دیکە نەدرێت لەو شوێنەدا، بۆ ئەوەی بە کاتێکی کەمتر بتوانێت بیدۆزێتەوە، بەڵام ئەم داوایەشی ڕەتکراوەتەوە ئەمەش بەهۆی ئەوەی گەڕان لەناو خاشاکدا زیانێکی زۆر بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت و مەترسیی لەسەر ژیانی دروست دەکات.
بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی ماڵپەڕی "بی بی سی"ی بەریتانی زبڵخانەکە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن خۆڵوخاشاکی تێدایە، بەڵام جەیمس پێی وایە شوێنی هاردەکەی دیاریکردووە و کەمیکردووتەوە بۆ ڕووبەری ١٠٠ هەزار تۆن، جەیمس دەڵێت، "ئەگەر هاردەکە بدۆزمەوە نیوەی پارەکە بە حکومەتی ناوچەکە دەبەخشم".