موعتەسەم ساڵەیی
-كریستینای شاعیر:
خــــاتوو كریســـتینا رۆســــــیتی هـــەروەكـــو دانتـــی كریســتینای برای شاعیرێكی نـــاسراو بوو. ئەم ژنە شـــاعیرە لەگەڵ ئیلیس مینیـــل بـــــە دوو ژنە شاعیری بەناوبانگی ســـەردەمـــەكـــەیـــان دەژمێردرێن. كریستینا ساڵی 1830 لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە باوكێكی ئینگلیز و دایكێكی ئیتالی هاتۆتە دنیاوە. هەموو ژیانی لەتەك دایكیدا لەو شارەدا بردۆتەسەر، بەو رادەیەی هەرگیز لە دایكی جیا نەدەبووەوە. ئەوەبوو دایكی لە تەمەنی هەشتا و شەش ساڵیدا كۆچی دووایی كرد.
ئەم خانمەیش رێگای خەیاڵ و ئەندێشەی گرتەبەر، سەرجەم ژیانی خۆی بۆ شیعر تەرخان كرد و هەرگیز بیری لە شووكردن نەكردەوە . ئەویندارییەكی پڕ جۆش و بە گوڕ لەنێوان كریستینا و كابرایەكی خاوەن ژن و منداڵ بەناوی ولیەم بێل سكوت سەریهەڵدا. خانمێكی سەردەمەكەی لەبارەی ئەم ژنە شاعیرەوە دەڵێت: خاوەنی سۆز و ئەندێشەیەكی بێ ئەندازە و بێ سنوور بووە. بۆ نموونە رۆژێك بەهۆیەكەوە سەرزەنشت دەكرێت، ئەویش دڵ و دەروونی دێتە جۆش و لەداخا بەدەمە مەقەستێكی تیژ، قۆڵی خۆی بریندار دەكات. هەر بەو هۆیەشەوەیە بە خۆی و دانتی كریستینای برای
دەترێت(دوو كەسە زیزەكە)، كریستینای قەیرە كچ و شاعیری هەست ناسك، هەردەم خولیای
مردن و مەرگی كردبووە كەڵكەڵەی مێشكی، وەها لێكدەدرێتەوە كە ژیانی پڕ لەكڵۆڵی و كوێرەوەریی، پاڵی پێوە ناوە بەرەو دنیای ئەدەب و شیعر هۆنینەوە. پاش نەخۆشی و ناساغییەک لە تەمەنی شەست و چوار ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات. لەهەڵبەستی(گۆرانیی)دا دەڵێت:
ئەی خۆشەویستانم
كاتێك كە دەمرم
بەگۆرانییەكی خەماوی
بۆم مەلاوێنەوە.
نەهیچ گوڵێك لەژوور سەرم بڕوێنن
نەهیچ دار كەژێكی بەسێبەر و سایەش.
- جین ئوستن:
هـــــیچ شتێكی ئەوتۆ لــــــەبارەی ژیــانی خاتوو جین ئوســـتن بەتەواوەتی نــازانرێت. كـــاتی خـــۆی كاســـندرای خوشــــــكی بەكارێكی پڕ لەهەڵەشەیی نــــــاڕەوا هەڵدەســـتێت، هەموو دەفتەر و كاغەز و دەستنووسەکانی جین ئوستن، ئاگر تێبەردەدا و دەیانسووتێنێت. بەتەنیا یەك وێنەی بەساغی دەهێڵێتەوە، كە بەقەڵەمی رەش بۆی كێشرابوو.
جین ئوستن لەساڵی 1772 لەدایك بووە. خێزانەكەیان لە هەشت منداڵ پێکهاتبوو، كە خۆی منداڵی ژمارە حەوت بوو. باوكی قەشە بوو، دایكیشی هەڵبەستی شین و لاواندنەوەی دەهۆنییەوە. جین هەر لەتەمەنی دوانزە ساڵییەوە دەستی بەنووسین كرد. لە تەمەنی پانزدە ساڵیدا كۆتایی بەنووسینی رۆمانێك هێنا. لەنێوان ساڵانی 1795- 1798 سێ رۆمانی نووسیی و لەنێو كتێبخانەكەیدا فەرامۆشی كردن. پاش پانزە ساڵ، بە ناوێكی خواستراوەوە بڵاوی كردنەوە، بریتی بوون لە رۆمانی (هۆش و سۆز ــ العقل و العاطفة ) و (بەخۆنازین و هەواوهەوەس ـــ الكبریاء والهوی ) و (رووناكیی تانجەر ئابی) پاش ئەوەش سێ رۆمانی دیكەی نووسیی، یەكێكیان رۆمانی بەناوبانگی (ئیما) بوو. ئەم سێ بەرهەمەشی بەناوی خواستراوەوە بڵاوكردنەوە، پێشكەشی كردن بەجێنشینی تەختی پاشایەتی. خاوەن شكۆ، خاتوو جینی بانگهێشت كرد و داوای لێكرد رۆمانێكی مێژوویی بنووسێت و تیایدا شكۆمەندیی بنەماڵەی (كۆبرۆگ) دەربخات، بەوپێیەی خاوەن شكۆ كچێكی خۆی دابوو بەو بنەماڵەیە.
خـــــاتوو جیــن بەگــــاڵتە و تەشەرەوە ئەو داواكارییەی وەرگرت و وتی: شــایانی ئەوەم بەپەتك خۆم بخنكێنم بەرلەوەی كۆتــایی بەیەكەم بەشی رۆمانەكەم بهێنم..!
ئێستا لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا رۆمانەكانی جین ئوستن، وەكو نیشانەیەكی پرشنگدار و بنەڕەتیی دادەنرێن لە مێژووی رۆماننووسیدا. تێكڕای رۆمانەكانی بۆ چەندین جار لە سینەمادا پێشکەش کراون. بەرهەمەكانی نەك لەولاتەكەی خۆی لە بەریتانیا، بەڵكو لە تێكڕای وڵاتانی جیهاندا شوێن و پێگەیەکی شیاو و تایبەت بە خۆیان هەیە و گرنگیی تەواویان پێدەدرێت.