رۆڵی ژنانی خانەقی لە گۆڕەپانی رۆشنبیرییدا

11:33 - 2025-02-24
ڕاپۆرت
127 جار خوێندراوەتەوە

زەینەب ئەركەوازی 


ژنانی خانەقی بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی دیاریان لە گۆڕەپانی رۆشنبیریدا هەبووە، سەدەی رابردوو شایەتیی سەرهەڵدانی ژنە دیارەکانە، وەک شەهید لەیلا قاسم کە لە سێدارە درا

ژنانی خانەقی بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی دیاریان لە گۆڕەپانی رۆشنبیریدا هەبووە، لەوانە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک هونەر و ئەدەب و رۆژنامەنووسیی، چل و پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوو، شایەتیی سەرهەڵدانی ژنە دیارەکان بوون کە نموونەی هێز و بوێریی بوون وەک شەهید لەیلا قاسم، کە بەرەنگاری دڕندەیی جەلادەکان بووەوە و بە زەردەخەنەوە  بەرەو پەتی سێدارە چوو، بەهەمانشێوە لە ساڵی 1948 دا شەڕڤانی ئازا بەدریە عەرەب کە سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانی ژنانی دەکرد و دروشمی بە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی دەوتەوە و داوای رووخانی حکومەتی عیراقی دەکرد، بوێرانە بەرەو بارەگاکانی حکومەت لە ناوەڕاستی شارەکە لە کەناری رووباری ئەڵوەن دەڕۆیشت.
ناوی دیاری ژنانی دیکەی خانەقی
مێژوو لە لاپەڕەکانیدا ناوی دیاری ژنانی دیکەی خانەقی تێدایە کە لە بوارە جیاجیاکاندا رۆڵیان هەبووە، لەوانە وەسفیە بەنی وەیس لە مانگی نیسانی 2016 لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆدا کۆچی دوایی کرد، ئەو یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە ژنە چالاک و پێشمەرگە دێرینەکان بوو کە ساڵی 1953 لە شاری خانەقی لە گەڕەکی ئەلمەزرەعە لە دایکبووە.
هاوکات بەرپرسی لقێکی رێکخراوی لەیلا قاسم بوو بۆ رێکخراوەکانی ژنان لە ساڵی 1977 دا، دوای ئەوە چالاکییەکانی گواستەوە بۆ بەغدا و رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە ئەرکە لۆجستییەکان و گواستنەوەی چەک و پەیامەکان بۆ ناوچەی هەڵۆی سوور، لە ساڵی 1986 لەلایەن رژێمی پێشووەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، بۆیە پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە کرد کە پێشمەرگە بوو، بەردەوام بوون پێکەوە تا لە ساڵی 2010 لە کۆنفرانسی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵدا بوو بە یەکەم بەرپرسی مەکتەبی شەهیدان.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، نووسەر و رۆماننووسی کۆچکردوو ئەحلام مەنسوور وەک یەکەم کچە کورد لە خانەقی، هاتە نێو گۆڕەپانی رۆشنبیرییەوە و یەکێک بوو لە ژنە نووسەرە پێشەنگەکانی بواری نووسینی چیرۆک و رۆمان، هەروەها لە دوای ساڵی 2003 ەوە نووسەرانی ژن سەریانهەڵدا کە توانیان لە رۆژنامە و گۆڤارە حزبی و سەربەخۆکاندا بابەت لەسەر مەسەلەکانی ژنان بنووسن و توانیان ئامادەیی خۆیان لە گۆڕەپانی رۆشنبیریدا بسەلمێنن، وەک «رۆژنامەنووس لەیلا محەمەد نوری و ئیخلاس مەجید و...هتد.
لە بواری ئەدەب و شیعردا
ژنانی خانەقی رۆڵی دیار و بەرچاویان لە بواری ئەدەب و شیعردا هەبووە، وەك (م. ئاشتی کەمال، پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ د.فاتین عەلی ئەکبەر، کە حەوت کتێب و توێژینەوە و بابەتی بڵاوکردۆتەوە، لەگەڵ نووسەر رۆشان سامی، شاعیر گوڵدەران جەلال جەباری و شاعیر عەواتیف رەشید).
ساڵانی رابردوو شایەتی سەرهەڵدانی ژنە رۆژنامەنووس و میدیاکار دیار بوو لە بواری رۆشنبیریی و میدیاییدا، کە ئامادەییەکی بەهێزیان پیشاندا، هەرچەندە ئێستا لەچاو ساڵانی رابردوودا ژمارەی ژنە رۆژنامەنووس و میدیاکارەکانی بواری راگەیاندن بە پەنجەی دەستێک ناژمێردرێن، بەڵام لە ساڵانی (2004-2015)دا لە رێگەی رۆژنامە و گۆڤارە تایبەت و سەربەخۆ و حزبییەکانەوە لەو ماوەیەدا ژمارەیان زۆربووە.
سەبارەت بە رادیۆ و تەلەفزیۆن لە نێو ئەو خانمە میدیاکارانەدا کە لە رادیۆی مەدەنی و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کاریان کردووە لەوانە (لەیلا رەحمان، فریال حسێن، مەروە خالید، دەریا خەیروڵڵا، شیلان رۆژبەیانی، سۆما سەردار، زینوا راوی، شیرین میکایل). هەروەها سەبارەت بە بەشداریی ژنانی خانەقی لە بواری هونەری شێوەكارییدا، ناوی دیار لە پێشەنگەکانی هونەری بینراو و نەوەی ژنانی گەنجەوە سەریانهەڵدا کە زۆربەیان دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانن، زۆربەی ئەو خانمە هونەرمەندانەی کە لە گۆڕەپانی رۆشنبیری دەرکەوتوون و بەشدارییان لە پێشانگە هونەرییەکاندا کردووە، لە نەوەی حەفتاکانن، وەک (هونەرمەندی تاراوگە ئیبتیهال ئەلخالیدی، جومانە ئەلزەهاوی، سوعاد میکایل، لوبنا ئەفەندی، ئیقبال ئەلزەهاوی) و لە نەوەی ژنە گەنجەکانیش (هاوین عیماد، دیانا ماهیر، لیندا ئەمیر و...هتد). 
سەرچاوە:
* موقع الحوار المتمدن شاهد عیان لانتفاضة‌ خانقین ضد الطغیان والجوع 
* موقع  puk media الاتحاد الوطني الكوردستاني

بابەتە پەیوەندیدارەکان