كوردستانی نوێ/ هەولێر
لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، خەڵكی هەولێر هاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان، دەستیان بە ئامادەباشییەكان كردووە لەدابینكردنی پێداویستییەكانی ئەم مانگە، وەك خەڵكی هەولێر ئاماژەی بۆ دەكەن، بە دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، رەمەزانی ئەمساڵیان خۆشتر دەبێت.
محەمەد ساڵح خەریكی كڕینی پێداویستییەكان بوو لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر پێیوتین: لە ئێستاوە پێداویستییەكانی مانگی رەمەزان ئامادە دەكەم، چونكە دواتر قەرەباڵغ دەبێت و تووشی زەحمەتی دەبینەوە. وتیشی: بۆیە هاتم بۆ ئەم بازاڕە، چونكە هەموو پێداویستی و شتێكی لێیە و نرخەكەی بەروارد بە بازاڕی گەڕەکەكان، هەرزانترە.
بێستون خالیدیش وتی: رەمەزان مانگێكی پیرۆزە، بۆیە هەموومان چاوەڕوانی هاتنی ئەم مانگە دەكەین. باسی لەوەشكرد: لەگەڵ هاتنی مووچە لەكاتی خۆیدا، مانگی رەمەزانەكەمان زیاتر خۆش دەبێت، چونكە ئێمەی مووچەخۆر، ئەگەر لەكاتی خۆیدا مووچە وەرنەگرین، ناتوانین پێداویستییەكانی رۆژانە دابینبكەین .
حاجی مەولود کە دوكاندارە، بەدەم بەرێكردنی كڕیارەكانی وتی: لە ئێستاوە هەست دەكەین جموجۆڵی خەڵكی وەك ئامادەكارییەك بۆ هاتنی مانگی رەمەزان دەستی پێكردووە، بۆیە ئێمەش خۆراك و پێداویستی زیاترمان هێناوەتە دوكانەكەمان.
وتیشی: ئەگەر گرفتی مووچە چارەسەر بێت، ئەوا لەلایەك مووچەخۆران دەتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن، لەلایەكی تر كاسبكارانیش سوودمەند دەبن و جمووجۆڵی بازاڕیش باشتر دەبێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەموولایەكە.