بەبێ خواستی زۆرینەی دوكانداران، بازاڕێكی میللی دەگوازرێتەوە

11:03 - 2025-02-26
دووتوێ
88 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی سیم لە هەولێر

ئا/ كوردستانی نوێ/ هەولێر


ماوەی زیاتر لە پازدە ساڵە بازاڕێكی میللی لە گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێر دروستكراوە، كە بە بازاڕی سیم ناسراوە، ئەم شوێنە بەهۆی ئەوەی لەنێوان چەند گەڕەكێكی هەژارنشینە، نرخەكانی تاڕادەیەك زۆر لەگەڵ باری دارایی دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە گونجاوە، بۆیە رۆژانە لەكڕیاران جمەی دێت و خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن، لەكاتی ئێستاشدا بڕیاری تێكدانی ئەو بازاڕە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە دراوە، ئەمەش ناڕەزایی كاسبكاران و دوكاندارانی لێكەوتۆتەوە.
عەلی ئەحمەد، وەك یەكێك کە خاوەنی دوكانی پێداویستی ژنان و منداڵانە، سەرقاڵی فرۆشتنی كەلوپەلەكانی بوو و بە نیگەرانییەوە بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: نیگەرانین لە گواستنەوەمان بۆ شوێنێكی تر و تێكدانی ئەو بازاڕە، چونكە لەبەرئەوەی كرێی مانگانەی هەرزانە، ئێمەش نرخی كاڵاكان بە هەرزان دەفرۆشین، ئەمەش وایكردووە زۆرترین خەڵكی دەوروبەری ئەو بازاڕە و شوێنەكانی تر هەولێر رووی تێبكەن.
وتیشی: راستە شوێنێكی دیكەیان بۆ ئێمە دابینكردووە، بەڵام لەلایەك نرخی دوكان و خزمەتگوزارییەكانی گرانترە، لەلایەكی ترەوە پێویستی بەچەند مانگێك دەبێت تا بازاڕەكە دەناسرێت و خەڵكی سەردانی دەكەن، بۆیە ئێمە لەو گواستنەوەیە زەرەرمەند دەبین، دەبوو لە جیاتی گواستنەوەی بازاڕەكە بۆ شوێنێكی  دوورتر، هەرلەم شوێنەدا رێكیان بخستایەتەوە.
ئەكرەم مەغدید، یەكێك تر بوو لەخاوەن دوكانەكان لەكاتی سەردانەكەمان بۆلای، كاڵاكانی بەنرخێكی زۆر كەمتر دەفرۆشت و هەراجی دەکردن، لەوبارەیەوە پێیڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لەم شوێنە دەمانگوێزنەوە، ئیتر ناتوانم دوكان دابنێمەوە، بۆیە كاڵاكانم هەراج دەكەم و هەمووی بە زەرەر دەفرۆشم. 
وتیشی: بازاڕی سیم لەگەڕەكی كوردستان ناوبانگێكی زۆر باشی هەیە، چونكە شوێنی کەمدرامەت و  هەژارانە، هەروەها شوێنەكەشی نزیكە و چەند گەڕەكێك بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بۆیە ئەوانەی سەردانی ئەم بازاڕە دەكەن پێویستیان بە ئۆتۆمبێل نییە، بۆیە گواستنەوە و تێكدانی دوكانەكان دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئێمەی كاسبكاران و كڕیارانیش. باسی لەوەشكرد: ئەو شوێنەی بۆمان دیاریكراوە لێرە زۆر دوورترە، بەمەش ئەو كڕیارانەی ئێستا هەمانە نامێنێت، ئەمەش وادەكات كاروكاسبی بۆ ماوەیەكی زۆر لەدەست بدەین و زیانێكی زۆرمان بەربكەوێت.
ئەسكەندەر هاشم بەهەمانشێوە وتی: منیش یەكێكم لە دوكانداران كە ماوەی 10 ساڵە لەم شوێنە خەریكی فرۆشتنی گۆشت و مریشكم، لەگەڵ گواستنەوەی بازاڕی سیم زیانێكی زۆرمان بەردەكەویت و جارێكی تر شوێنكی لەمجۆرەمان دەست ناكەوێت.
هەروەها وتی: گواستنەوەی بازاڕەكە لەكاتێكدایە، ئێمە لەمانگی رەمەزانی پیرۆز نزیك دەبینەوە، كە مانگی كاروكاسبی و خێر و بەرەكەتە، بۆیە داوامان كردووە  هیچ نەبێت كاتی گواستنەوە و تێكدانی بازاڕی سیم بۆ دوای جەژن دوابخرێت، كەچی حكومەت پێداگریی دەكات لەوەی دەبێت تا سەرەتای مانگی رەمەزان واتا 1/3/2025 ئەو بازاڕە بگوزارێتەوە.
 مەهدی حسێن وەك خاوەن تەكسییەك لە نزیك بازاڕەكە لە چاوەڕوانی هاتنی نەفەرێكدابوو، پێیوتین: بە تێكدانی ئەو بازاڕە، ئێمەش زەرەرمەند دەبین، چونكە لەبەرئەوەی شمەکی بازاڕی سیم بەراورد بە شوێنانی تر هەرزارن ترە، خەڵكی لە گەڕەکەكانی تر رووی تێدەكەن، ئەمە وایكردووە ئێمەش هاتووچۆ بە خەڵك بكەین.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەگەر هەر تێكیشدەدرێت، باشترە بكرێتە شوێنێكی سەوزایی و خۆش، چونكە ئەم سنوورە كە لەچەند گەڕەكێك پێكدێت هیچ  سەوزاییەكیان نییە، بەڵام ترسمان هەیە شوێنی بازاڕی سیمەكە بكرێتە باڵەخانەی و شوێنی بازرگانی، كە هیچ سوودێكی بۆ توێژی هەژار نییە.
لەبەرامبەردا بەشێكی تر لە خاوەن دوكانەكان، بەتایبەتی ئەوانەی دوكانیان لەبازاڕە تازەكە كڕیوە پێیانوایە، گواستنەوەی بازاڕەكە لەبەرژەوەندیی  ئەواندایە، سابیر خدر، یەكێك بوو لەوانە و وتی: ئێمە بەباشی دەزانین بازاڕی سیم لێرە بگوازرێتەوە، چونكە ئێرە شوێنێكی گونجاو نییە و مەترسی لەسەر هەیە، بەهۆی ئەوەی لەژێر هێڵی گواستنەوەی كارەبای سەرەكی نێوان شارەكان دروستكراوە، هەرئەمەش وایكردووە لە ماوەی رابردوودا دوو جار بازاڕی سم گڕ بگرێت.
باس لەوەشدەكات: ئەو بازاڕە تازەیەی دروستكراوە تاڕادەیەك سەردەمییە و پاكوخاوێنە، هەروەها پاسی هاتوچۆی دوو گەڕەك دەچێتەوە ئەو بازاڕە تازەیە، بۆیە پێموایە ئەگەر خەڵكەكە سەبریان هەبێت، بە ماوەیەكی كەم، كڕیاران روویان تێدەكەن و وەكو جاران جمووجۆڵی تێدەكەوێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان