ئا: رەوەست نەوزاد
ماوەی چەند ساڵێكە خانووەكانی شاری زەیتون كە دەكەونە نزیك رێگای بنەسڵاوە و دارەتووی شاری هەولێر، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، كە بریتییە لەكێشەكانی ئاو و كارەبا و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، هەرچەندە لەماوەی رابردوودا لە رێگای خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی داواكارییەكانیان گەیاندۆتە ئیدارەی شارەكە، كەچی بەهەند وەرنەگیراوە و گرفتەكان وەك خۆیان ماونەتەوە.
فریاد عارف، وەك یەكێك لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكە بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە وەك دانیشتووانی گەڕەكی زەیتون كە بە شاری زەیتون ناسراوە، كێشەی كەمی و خراپی پێدانی كارەبای نیشتمانییمان هەیە، بەهۆی ئەوەی فیدەری كەمتری كارەبای بۆ بەستراوە، بۆیە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی دێتەوە راستەوخۆ دەپچڕێت.
وتیشی: بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە ئێمە لە مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە تائێستا، چەندجارێك خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییمان ئەنجامداوە، كەچی وەكوخۆیان ماونەتەوە، لەكاتێكدا دەبوو كۆمپانیای جێبەجێكار كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكات، كەچی نە كۆمپانیاکە و نە پارێزگای هەولێر، هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە، بۆئەوەی داخوازییەكامان جێبەجێبكرێت.
هەرچەندە لەماوەی رابردوودا لە رێگای خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی داواكارییەكانیان گەیاندۆتە ئیدارەی شارەكە، كەچی بەهەند وەرنەگیراوە و گرفتەكان وەك خۆیان ماونەتەوە
عەلی قارەمان، یەكێكی ترە لە دانیشتووانی زەیتونە پێیوتین: من ماوەی 6 ساڵ دەبێت لەو پڕۆژەیە نیشتەجێبووم، لەوەتەی ئەو شارەش دروستكراوە ئەو كێشانەی هەبووە و چارەسەر نەكراون. لەوانە كێشەی بەردانەوەی ئاوی خواردنمان هەیە كە دوو رۆژ جارێكە، چونكە لەكاتی كارەبای نیشتمانی نییە. كاتێكیش كارەبای مولیدە هەڵدەكات ماوەیەكی زۆری پێدەچێت، بەمەش تووشی گرفتی كەمی ئاو دەبینەوە و بەشمان ناكات، لەكاتێكدا ئێستا ئێمە لەوەرزی زستانداین.
باسی لەوەشكرد: سەرەڕای بوونی ئەو كێشانەمان، كۆمپانیای جێبەجێكار بڕی پارەی خزمەتگوزارییان لەسەرمان زیادكردووە، بەجۆرێك پێشتر بڕی 35 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا كردوویانە بە 45 هەزار دینار، بۆ خانووی یەك نهۆمی لە 20 هەزار كردوویانە بە 25 هەزار دینار، كە دەبوایە كەم بكرێتەوە.
هاوار حەیدەر، كەسێكی ترە کە دانیشتووی گەڕەكی زەیتونە و داواكاریی هەیە و دەڵێت: جگە لە ئاو و كارەبا، گرفتی رێژەی سەوزاییمان هەیە، هەرچەندە لە نەخشەی پڕۆژەكە شوێنی سەوزایی دیارییكراوە، بەڵام بەبێ رەچاوكردنی بوونی سەوازیی، ئەوانیش كراونەتە خانوو.
وتیشی: كاتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لەلایەن شارەوانییەوە گرفتێكی ترە تووشی خەڵكی ئەم گەڕەكە هاتووە، چونكە لەكاتی خۆیدا هەڵناگیرێت، ئەمەش وادەكات بۆنێكی ناخۆش و دیمەنێكی ناشارستانی نیشان بدات، ئەمە جگە لەوەی هیچ كارێك بۆ نەهێشتنی سەگی بەڕەڵڵا لەم گەڕەكە نەكراوە، بەهۆی زۆری ژمارەیان خەڵكەكە هەراسان بووە.
ئامینە ئەحمەدیش، لەبارەی شاری زەیتون وەك مامۆستایەك و دانیشتووی ئەو شوێنە، نیگەرانە لەوەی جیاوازیی لە نێوان ناوچەكانی هەولێر دەكرێت و دەڵێت: بۆیە هیچ بۆ شاری زەیتون ناكرێت، بەو پێیەی شوێنەكەی لا چەپە و رێگای هاتووچۆی لێپرسراوەكان نییە، بەگرنگییەوە سەیری ناكەن، چونكە ئەگەر بەلای رێگای هەولێر شەقڵاوە یان رێگای فرۆكەخانە بڕۆیت، زۆر جیاوازە لە شارێكی وەك زەیتونە، كە كەوتۆتە نێوان ناحیەی دارەتوو و قەزای بنەسڵاوە.