یەكلاكردنەوەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە..
سەرۆك كۆمار گوێبیستی داواكاری و پێشنیازەكانی وەفدی هەڵەبجە بوو
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازیی لە وەفدێكی شاری هەڵەبجە كرد كە لە ژمارەیەك كەسایەتیی حكومی و پەرلەمانتار و زانایانی ئایینی، پێكهاتبوو و لە كۆبوونەوەیەكدا رەوشی ئیداری و ئابووری و شارستانیی هەڵەبجە، پێویستییەكانی هاووڵاتیان، گرفت و ئاستەنگییەكان، تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، تەئكیدی لەسەر رێزلێنان لە خوێنی شەهیدان و كاركردن بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی كەسوكاریان، قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان، كردەوە كە بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی بەعسی رووخاوەوە كاریگەریی خراپی لەسەریان بەجێهێشتووە. ئاماژەشی بە گرنگی هەوڵدانی زیاتر كرد بۆ هاندانی جووڵەی وەبەرهێنان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان، هەروەك ستایشی ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكانی شارەكە بەتایبەتی زانكۆی هەڵەبجە كرد و رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندندا بەرزنرخاند.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، گوێبیستی داواكارییەكانی وەفدەكە بوو كە سەرەكیترینیان یەكلاكردنەوەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیە كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسەكەی.
وەفدی میوانیش، سوپاسی سەرۆك كۆماریان كرد لە گرنگیدانی بە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و ئاوەدانكردنەوەی شاری هەڵەبجە و پەرەپێدانی زیاتر بە بارودۆخی ئابووریی شارەكە.
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ :ئەگەر پێش 16/3 دانیشتنی نوێنەران كرا، ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوە
لەبارەی سەردانەكەیانەوە بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانیان، محەمەد حەمەسەعید بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانەكەمان بۆ بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی نوێنەران و فراكسیۆنە كوردستانییەكانمان كرد، وتیشی: لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا، دڵنیایی تەواومان پێدرا ئەگەر پێش 16/3 دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوە و هەڵەبجە دەبێتە نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق.
ئامادەكارییەكانی یادی 37 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، محەمەد حەمەسەعید بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، دەڵێت: لە یادی 37 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، چەند چالاكییەك رێكدەخرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە سەعات 9:30 دەقیقەی بەیانی لەنێو بازاڕی هەڵەبجەوە بە رێپێوان دەچینە سەر مەزاری شەهیدان و یادەكە دەستپێدەكرێت، وتیشی: لیژنەی ئامادەكاری یادەكە كۆبوونەوەكانی بەردەوامە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایانی ئاینی و رێكخراوەكان و قەڵەمبەدەستان و راگەیاندنكاران و چینوتوێژەكانی دیكەی شارەكە و هەمووان بەشداردەبن.
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، ئەوەی خستەڕوو كە لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، وەك هەموو ساڵێك ئامادەكاریی دەكەین بۆ پێشوازیی لە میوانان و بۆ یەكەمجاریش رێبەرێكی تایبەت لە رێگەی بروشەرەوە بڵاودەكەینەوە، كە 24 جۆر زانیاریی جیاواز لەخۆدەگرێت و بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی نووسراوە.
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی