ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر راگەیەندراوێک کە توندوتیژییە بەربڵاوەکانی کەناراوەکانی سوریا سەرکۆنە دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی قۆناغی راگوزەری سوریا دەکات کە هەموو سورییەکان بپارێزن بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە.
راگەیەندراوەکە لەلایەن روسیا و ئەمریکاوە داڕێژراوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی سوریا دەکات لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان بکەن.
ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە هەموو دەوڵەتان دەکات سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر کردارێک کە سەقامگیری سوریا تێکبدات.
هەروەها شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە کەناراوەکانی سوریا بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و گروپە چەکدارە عەلەوییەکان و لایەنگرانی دەسەڵاتی پێشوو.
بەهۆی پێکدادانەکانەوە کۆمەڵکوژی زۆر بەرامبەر عەلەوییەکان لە پارێزگاکانی تەرتووس، لازقییە و حەما ئەنجامدراوە، و بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای رووداوەکانەوە تا ئێستا هەزار و 476 هاوڵاتیی سڤیلی عەلەوی کوژراون.