هەندێ رێگای راست بۆ خوێندنی بیركاری

10:31 - 2025-03-17
کەلتور
99 جار خوێندراوەتەوە

 

 ئومێد شێركۆ شاكر* 


 بیركاری یەكێكە لەو وانانەی ئەگەر گرنگی پێبدەی ئەوە لە هەموو وانەكانی دیکە خۆشترە، بەڵام بۆ خوێندنی بیركاری دەبێت رەچاوی هەندێ خاڵ بكەی تا بتوانی بەشێوەیەكی جوان و باش لەوانەكە بگەیت و تێیدا سەركەوتوو بیت. ئەو خاڵەی گرنگە تەنها بۆ بیركاری نا بەڵكو بۆ هەموو وانەكان، ئامادەبوونی قوتابییە لە نێو پۆل لە كاتی خۆی نەك دوابكەوێت، چونكە هەندێ جار تێبینی گرنگ دەكەوێتە خولەكەكانی سەرەتای وانە. زانستی بیركاری بابەتەكانی وەك زنجیر هەمووی پێك بەستراونەتەوە، هەرناوبڕێكی بكەوێتە نێوانی ئەوە دەبێتە هۆی تێنەگەیشتنی بابەتەكە. بۆیە زۆر گرنگە تا دەتوانی دانەبرێت لە هیچ وانەیەك، لە خوارەوە هەندێ خاڵی گرنگ ئاماژە پێ دەكەین كە چۆن بیركاری بخوێنیت.
یەکەم: لەكاتی خوێندنی بیركاریدا بەردەوام پێنووس بەكاربهێنە، نەكەی تەنها پشت بە خوێندنەوە ببەستی.
دووەم: بەردەوام چاو بخشێنەوە بەوانەكە، ئینجا ئەو پرسیارانە دووبارە شی بكەوە كە مامۆستا لەنێو پۆل شیكاری كردووە.
سێیەم: لەكاتی خوێندنی بیركاریدا دەبێت پەڕاوەكەت دابخەی، ئینجا دەست بکەی بە شیكاركردنی هەمان ئەو پرسیارانەی لە پۆل شیكار كراون، بەمەرجێك پشت بە خۆت ببەستی.
چوارەم: ئەگەر لە هەنگاوێك وەستای و نەتوانی شیكاری بكەی، هەوڵ بدە بیربكەیتەوە، یا بگەڕێوە سەرەتای پرسیارەكە، دووبارە شیكاری بكەوە، ئەگەر هەر وەستای، بە خێرایی سەیری پەڕاوەكەت بكە تەنها ئەو هەنگاوەی لێ وەستاوی.
پێنجەم: سەرنج و ئاگاداربوون زۆر گرنگە، ئەو كاتەی مامۆستا بابەتەكە روون دەكاتەوە لەناو پۆل، هیچ دوودڵ مەبە لە پرسیاركردن، بەتایبەتی لە شتە نادیارەكان كە تێنەگەیشتووی تا مامۆستا بۆت دووبارە بكاتەوە.
شەش: هەڵسە بە شیكاركردنی پرسیارەكانی ناو پەرتووك، كە زۆر گرنگە. چاوەڕوانی مامۆستا مەكە هەموو شتێكت لە جیاتی بكات.
حەوت: بەردەوام هەوڵبدە لە پەڕاوە تایبەتییەكەت لەناو پۆل، ئەو تێبینییانە بنووسی كە مامۆستا لەكاتی روونكردنەوەی بابەتەكە باسی دەكات، بەڵام بە رێگای تایبەتی خۆت .
هەشتەم: بەردەوام هەوڵبدە بۆ بەبیرخستنەوە یەكەیەكە، كاری ئەمڕۆ مەخە بەیانی، چونكە ئەگەر كارەكەت دواخست لەسەرت كەڵەكە دەبێت، ئەنجامدانیشی گران دەبێت.
نۆیەم: كاتێكی گونجاو بۆ خۆت دیاری بكە، رۆژانە با لە نیو كاتژمێر كەمترنەبێت بۆ پێداچوونەوە و بیرخستنەوەی ئەو بابەتە نوێیانەی مامۆستا ئەو رۆژە باسیكردووە.
دەیەم: بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بابەتە بیركارییەكان مەخوێنەوە، چونكە هەندێ قوتابی و خوێندكار كە ئاستیان لاوازە لە بیركاری، بۆ ماوەیەكی زۆر بیركاری دەخوێنن، ئەمەش ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت. پێویستە دوای (50ـ 60) خولەك لە خوێندنی بیركاری، پشووێك بدەی بە خۆت بۆ ماوەی (10) خولەك، بەڵام بەمەرجێك لەماڵ دەرنەچییە دەرەوە  یان سەیری تەلەفزیۆن بكەی یان مۆبایل بەكاربهێنیت لەكاتی پشوودان.

*مامۆستای بیركاری لە قوتابخانەی 
عزەدین فەیزی لە هەولێر 

بابەتە پەیوەندیدارەکان