پ. د. بەهادین ئەحمەد
دەستپێك:
خوێنەرانی بەڕێز ئەم وتارە باسێكی كورت لەژیانی زانایەكی ئایینی ناوداری كورد لەهەردوو دیوی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان دەكات، كە ئەویش باپیرە گەورەم (مەلا سەیید موسای تەوەكەڵی) لە نەوەی (سەیید حەمزە)ی كوڕی زانا و عاریفی گەورە (سەید محەمەد زاهیدی كوڕی سەیید مەحمودی مەدەنی) ناسراو بە (پیر خدری شاهۆ)یە.
شایانی باسە مەلا سەید موسای تەوەكەڵی شابەدینی لەنێوان ساڵانی (950-1027 كۆچی مانگی بەرامبەر بە (1543-1618ی زایینی)دا ژیاوە.
لەم بابەتەدا وێڕای ئاماژەكردن بە گوزەرێكی كورت و چمكێك لەژیانی، هاوكات باسم لەهەوڵ و كۆششی ئەو زاتە باپەبەرزە كردووە لەبواری نووسینەوەی قورئانی پیرۆز و زانستی جوان خوێندنەوەی قورئان (علم التجوید)دا، كە مامۆستای ناوبراو لەم بوارەشدا سەرمەشق بووە، جگە لەوەی قورئانەكەی بەخەتی خۆی بەڕیوایەتی (حەفس لە عاسم) نووسیوەتەوە.
قورئانێكی فێركاری (تەعلیمی)شە لەدوو رووەوە، كە سەرەتای قورئانە دەستنووسەكەی - كە بەكۆنترین قورئانی دەستنووسی باشووری كوردستانی عیراق دادەنرێت و تەمەنی زیاتر لە 450 ساڵە- بەشێوەیەك (15) لاپەڕەی سەرەتای قورئانەكەی بە زانستی (تەجوید) دەستپێدەكات.
هەروەها قورئانەكە زۆر بەوردی ئەحكام و نیشانە و ئیشارەتەكانی قورئانخوێندنەوە و تەنانەت لەهەندێ شوێن ئاماژەی بە ریوایەتەكانی تر و فەزڵ و گەورەی ئایەتەكان و فەرموودەی پەیوەندیداری پێغەمبەری سەروەرمان (موحەمەد دروودی خوای لێبێت) تایبەت بەو ئایەتە پیرۆزە بۆ هێناوەتەوە و لەپەراوێزدا و لەتەنیشتی تۆماری كردووە و لەملاوی نووسیویەتی.
دیارە لەبەر نەبوونی چاپخانە لە كوردستان و هاوكات خۆشەویستی قورئان و فەزڵ و بەرەكەتی و پاراستنی لە لەناوچوون لەلای گەلی كورد لە زۆر شوێن و ناوچەی تری كوردستانی ئەمدیو كەسانی شارەزا و خەتخۆشی كورد و خەڵكی تر لەحوجرە و مەدرەسەی دینی و مزگەوت و تەكیە و خانەقاكان قورئانیان نووسیوتەوە.
بە تایبەت حەز دەكەم ئاماژە لەمڕووەوە بە هەندێك لەو قورئانە پیرۆزانە بكەم، قورئانەكەی گوندی نگڵ لەنزیكی شارۆچكەی مەریوانی كوردستانی ئێران لەسەردەمی پێشەوا عوسمانی كوڕی عەففان لەسەر پێستی ئاژەڵ بەخەتی كوفی نووسراوە .
هەروەها قورئانە دەستنووسەكەی گوندی (نمەشیر) لە رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران، كە پێش نزیكەی 450 ساڵ لەلایەن (حەسەنی كوڕی مەلا عەبدوڵڵا)وە نووسراوە.
جگە لەقورئانە بچووكەكەی گوندی سەرگەت لەناوچەی هەورامانی ئەمدیو لەكوردستانی عێراق كە قەبارەكەی زۆر بچووكە (1,5×2,5سم)ە. تەمەنی نزیكەی 300 ساڵە.
هەروەها قورئانە دەستنووسەكەی دێی (بناسە) لەقەزای پشدەر ناسراو بە قورئانەكەی (ئیمام داود) بەخەتی (نوسخ) بەمەرەكەبی رەش نووسراوە لەدوو توێی 600 لاپەڕەدا. تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە. پێوانەكەی (28 ×20سم)ە.
لەكۆتایی ئەم پێشەكەییەدا حەزدەكەم ئاماژە بەقورئانێكی پارێزراو لەناوچەی گەرمیان و جەباری و پارێزگای كەركوك بكەم، كە ئێستا لەمزگەوت و تەكیەی (سەیید نەجیبی جەباری)یە لەناو قەڵای كەركوك، كە مێژووی نووسیوەی (1057ی كۆچی مانگی)یە. لەلایەن (عبداللطیف) ناوێكەوە نووسراوە. خاوەنەكەی (سەیید محەمەدی جەباری 1878-1935ز.) بووە. بەخەتی (نوسخ) و بەمەرەكەبی ڕەش لەدوو توێی (857) لاپەڕەدا نووسراوە.
سەیید موسای تەوەكەڵ قوتابی یان هاوڕێ و هاوسەردەمی زانای گەورە و گەردونناس (مەلا نەبیی بارێ)بووە، كە روانگەی گەردونناسیی (فەلەكی) لە دامێنی شاخی (سوركێو) لەبەرامبەر گوندەكەی (بارێی بچووك) لەشارباژێڕ، هاوشێوەی روانگەی گەردونناسیی (شێخ حەسەنی گڵەزەردە 1086-1175ك. (1675-1762ز.) داناوە
مەلا سەید موسای تەوەكەڵی
یەكێكە لەزانا ئایینییە پایەبەرز و هەڵكەوتووەكانی سەدەی شانزدەیەم ، كە لەڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان ژیاوە و، ڕۆڵی دیار و كاریگەری هەبووە لەبواری نووسینەوەی قورئان و تەدریس و خزمەتكردن بەحوجرە و فەقێیان دا.
ناوی تەواوی سەیید موسا ناسراو بە (مەلا موسای تەوەكەڵ یان شابەدین) كوڕی بایەزید كوڕی بایەزید كوڕی عەلی كوڕی خەسرەوە. لەنەوەی (سەیید حەمزە) كوڕی زانای ناودار و عاریفی گەورە سەیید محەمەد ناسراو بە (پیرخدری شاهۆ)یە. لەساڵی (950ك./ 1543ز.) لەگوندی (تەوەكەڵ) ی شاری (بانە)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. دوای خزمەتێكی زۆر بەئایینی پیرۆزی ئیسلام و شەریعەت و خەڵكی ناوچەكە لەساڵی (1027ك./ 1618ز.) لەتەمەنی (75) ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە. لەگوندی (شەهابەدین یان شابەدین) لەناحیەی (باسنێ)ی سەر بەقەزای (شارباژێڕ) بەخاكسپێردراوە.
بەشێكی زۆری ژیان و خزمەتی لەگوندی (شابەدین) بەسەربردووە. مزگەوت و حوجرە و مەدرەسەی ئایینی تێدا كردۆتەوە. لەو ماوەیەدا مەلا و فەقێی زۆری فێری قورئان و تەجوید و زانستە شەرعییەكان كردووە و گەلێك زانای ناودار و مەلای چاكی پەروەردە كردووە و پێگەیاندووە . لەوانە (بابا ڕەسوڵی گەورەی بەرزنجی 983-1056ك./ 1575-1646ز.) نەوەی شێخ عیسای بەرزنجی (754ك./ 1353ز. لەبەرزنجە مردووە).
مەلا سەیید موسای تەوەكەڵ قوتابی یان هاوڕێی و هاوسەردەمی زانای گەورە و گەردونناس (مەلا نەبی بارێ) بووە، كە ڕوانگەی گەردونناسی (فەلەكی) لە دامێنی شاخی (سوركێو) لەبەرامبەر گوندەكەی (بارێی بچووك) لەشارباژێڕ، هاوشێوەی ڕوانگەی گەردونناسی (شێخ حەسەنی گڵەزەردە 1086-1175ك. / 1675-1762ز.) داناوە .
ناوبراو جگە لەوەی زانایەكی ناودار بووە، خاوەنی قەڵەم و خەتێكی خۆش بووە. نووسین و حاشیەی بەسەر هەندێ لەكتێبە ئایینییەكانەوە هەیە و هاوكات نووسەرەوەی یەكێكە لە كۆنترین قورئانە دەستنووسەكانی كوردستان، كە هەتاوەكو ئێستا ماوە و خۆشبەختانە بەباشی پارێزراوە ( لەپاش هەردوو قورئانەكەی نگڵی ڕۆژهەڵات و قورئانەكەی گوندی سەرگەتی باشووری كوردستان). ئەم نوسخەیەی قورئانی پیرۆزی بەخەتێكی جوان و گەورە بەقامیش و مەرەكەبی ڕەش و سوور بەخەتی (كوفی) و لەسەر شێوازی (حەفسی كوڕی عاصم) لەسەر جۆرێك لەكاغەزی ئەستوور و نایاب لەساڵی (983ك./ 1575ز.) لەتەمەنی (33) ساڵیدا نووسیوەتەوە، هەروەكو لەپشتی قورئانەكە بەڕوونی ئاماژەی پێكردووە. بەشێوەیەك بەتێپەڕبوونی (446) ساڵی تەمەنی هێشتا بەباشی بەرگ و هەموو لاپەڕەكانی ماوە و لەتەڕبوون و شێ پارێزراوە.
سەرجەم لاپەڕەكانی قورئانەكە بریتییە لە (587) لاپەڕەیە، (15) لاپەڕەی پێشەكی و بابەتی زانستی (تەجوید)ە و، (572) لاپەڕەی نووسینی ئایەتە پیرۆزەكانی سوورەتەكانی قورئانە، هەر لاپەڕەیەكی (13) دێڕی تێدا نووسیوە. قەبارەی قورئانەكە (20 سم پانی × 30 سم درێژی و 6سم پانی)یە.
ئەم قورئانە دەستنووسە لەساڵی (1996)ەوە لەلای یەكێك لەنەوەكانی (مەلا سەید موسای تەوەكەڵی) بەناوی (مامۆستا مەلا شێخ فاتح كوڕی شێخ جەمیلی كوڕی مەلا شێخ ئەحمەد) لەگوندی (بارێی بچووك)ی شارباژێر پارێزراوە.
زانای ناوبراو لەتەنیشتی سەرەتای سوورەتی (ئیبراهیم) شەجەرەی خۆی و بنەماڵەكەی نووسیوەتەوە. هەروەها لەپشتی قورئانەكەی بە كورتی ناوی خێزانی و مێژووی پێكەوەنانی ژیانی هاوسەری، ناوی نەوە و مناڵەكانی و هەندێك موڵك و وەقفەكانی خۆی نووسیوەتەوە. خێزانەكەی ناوی (فاتمەخان كچی شێخ عیسا) بووە و لەتەمەنی (31) ساڵیدا لەساڵی (981ك./ 1574ز.) هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە. 7 مناڵی لێ بووە 4 كوڕ بەناوەكانی (ئەحمەد 985ك، ئەبویەزید-باییز991ك، یوسف 994ك، یەحیا 997ك) 3 كچ بە ناوەكانی (ئاسیە 982ك) و خەدیجە و مەریم دووانە بوون 988ك) لەساڵی (1005ك./ 1596ز.)دا خێزانەكەی كۆچی دوایی كردووە.
سەرچاوەكان:
1 - بنەماڵەی زانیاران، مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، 2005، ناوەندی بڵاوكردنەوەی سنە، تاران.
2 - بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی كورد لەڕێگەی دەستخەتەكانیانەوە، محەمەد عەلی قەرەداغی، 2003، بەرگی پێنجەم، بەغداد.
3 - بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی كورد لەڕێگەی دەستخەتەكانیانەوە، محەمەد عەلی قەرەداغی، 2007، بەرگی حەوتەم، چاپخانەی دەزگای ئاراس، هەولێر.
4 - خانەوادەیەك لەمێژوودا.. شێخ مووسا و شێخ عیسای بەرزنجەیی و نەوەكانیان، محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی بەرزنجی، 2020، بەرگی یەكەم، چاپخانەی كارۆ، سلێمانی.
5 - هەگبەی شارباژێر.. هەندێك بابەتی لێرە و لەوێ، شاهۆ غەفور حسێن، 2016، چاپخانەی هێڤی، سلێمانی.
6 - دیداری زانستیی شێخ حەسەنی گڵەزەردە.. 2017/5/13، د.عەدنان هەورامانی و م.ئیدریس سیوەیلی، 2017، (بەبێ ناوی چاپخانە)، سلێمانی، بەسپۆنسەری كۆمپانیای قەیوان لەچاپ دراوە.
7 - القبائل والبیوتات والإعلام في شمال العراق، یونس الشیخ ابراهیم السامرائي، 1985، بغداد، (بدون اسم المطبعة).
8 - في رحاب اقلام وشخصیات كردیة، محمد علي قرداغي، 2007، مطبعة شفان، السلیمانیة.
9 - مراكز ثقافیة مغمورة في كردستان، د.عماد عبدالسلام رؤوف، 2008، الطبعة الثانیة، مطبعة خانی، دهوك.
10 - گوندی بارێی بچووك، ڕێباز عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، گۆڤاری شارباژێر، ژمارە 6، بەهاری 2018.
11 - چاوپێكەوتن و سەردانی نووسەر بۆ گوندی بارێی بچووك و ماڵی جەنابی مەلا شێخ فاتیح شێخ جەمیل، 20/8/ 2020.