زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

کەلتوریی بینراو

10:08 - 2025-03-20
کەلتور
100 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

کەلتوریی بینراو، یان رۆشنبیریی بینین، Visual Culture، (الثقافة المرئیة- الثقافة البصریة)، بریتییە لەو رۆشنبیرییەی تێکەڵ بە وێنەی دیجیتاڵی و سینەما و ڤیدیۆ و کەناڵی تیڤی دەبێت و جارێکی دیکە و بە فۆرمێکی دیکە کاریگەریی لەسەر کەلتوریی کۆمەڵایەتی دادەنێت، کەلتوریی بینراو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکان بە فۆرمە جیاوازەکانی رۆشنبیرییەوە لە رێگەی دیجیتاڵ و سەتەلایت و ئینتەرنێتەوە و چۆن ئەو وێنە بینراوانە پەیوەندییان بە کەلتوریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، لە راستیدا ئەمە بوارێکی فراوانە کە مێژووی هونەرەکان و توێژینەوەی میدیایی و ئەنترۆپۆلۆژی و زانستەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت. ئەمە یەکێکە لە زاراوە گرنگەکانی رەخنەی رۆشنبیری و لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری، لێرەوەیە کە دەڵێین رەخنەی رۆشنبیری، هەوڵ دەدات لە چوارچێوە دیاریکراوەکانی رەخنەی ئەدەبی بێتە دەرێ و مەوداکانی خۆی بەرینتر بکاتەوە، بایەخەکانی خۆی بە تەنیا نەداتە تێکستی ژانرە ئەدەبییە ناسراوەکان، بەڵکو گرنگی بە سینەما و درامای تەلەڤیزیۆنی و فیلمی ئەکشن و حیکایەتی میللی و شیعری فۆلکلۆری و قسەی نەستەق و ئەمانەش بدات، بەو پێیەی لە سەردەمی رۆشنبیریی بینراودا ئەمانە کاریگەرییان زیاترە وەک لە تێکستە ئەدەبییە زانراوەکان.

 

کەلتوریی بینراو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکان بە فۆرمە جیاوازەکانی رۆشنبیرییەوە لە رێگەی دیجیتاڵ و سەتەلایت و ئینتەرنێتەوە و چۆن ئەو وێنە بینراوانە پەیوەندییان بە کەلتوریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە

رۆشنبیری لە قۆناغی یەکەمدا زارەکی بوو، لە قۆناغی دووەمدا بوو بە نووسراو، لە قۆناغی سێیەمیشدا بووە بە بینراو و نووسراو، لەنێوان ئەم سێ قۆناغەدا بەنێویەکداچوون هەیە، هیچ یەکێکیان بە هاتنی ئەویدیکەیان نامرێت، کاتێک نووسین پەیدا دەبێت، لە کۆیادوەریی میللیدا زارەکی ناسڕێتەوە، بەتایبەتی لە بواری گەیاندنی هەواڵ و گێڕانەوەی رووداو و گواستنەوەی شیعردا، هەر یەکێک لەم سێ قۆناغەی رۆشنبیری شێوازی گووتن و داڕشتنی تەعبیریی جیاوازی هەیە، تا دەگاتە کەلتوریی بینراو کە قۆناغێکی گرنگە بۆ گوزارشتکردن بە وێنە، لە سەرەتادا بە فۆتۆگرافی و پاشان بە سینەما دەستیپێکرد و ئینجا گەیشتە تەلەفزیۆن، لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری گرنگی بە گلۆباڵیزەیشنی تەلەفزیۆن دەدات کە رۆڵی هەیە لە خوڵقاندنی رۆشنبیرییەکی ئەلیکترۆنی، لێرەدا هەموو چاوەکان یەکسان دەبن لە بینینی وێنە دیجیتاڵییەکان و هەمووان بۆیان هەیە بەشداری لە شیکردنەوەیدا بکەن، چیدی شیکردنەوە بۆ دەستەبژێر قۆرخ ناکرێت، بۆیە دەبینین کەلتوریی بینراو لە رێگەی کەناڵە ئاسمانییەکانەوە هەموو فەزای کۆمەڵگە دەگرێتەوە، بەبێ ئیزن دەچێتە هەموو ماڵێکەوە، ئەمە رۆشنبیرییەکە بە بێ ئاڵۆزی دەگات و بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لێرەدا رۆڵی دەستەبژێر، بە مانا کلاسیکییەکەی، فەرامۆش دەکرێت.
کەلتوریی بینراو دێت بۆئەوەی دەسەڵاتی دەستەبژێر و باوکایەتیی دەستەبژێر پەراوێز بخات، ئەو دەستەبژێرەی لە قۆناغەکانی پێشوودا سنوورێکی ئەستووریان لە دەوری خۆیان کێشابوو و پێوەرەکانی خۆیان بەسەر هەموواندا دەسەپاند، ئەمڕۆ بەهۆی کەلتوریی بینراوەوە، کەلتوریی میللی و دیجیتاڵی دێتە ریزی پێشەوە و رێگە بە هەمووان دەدات قسە بکەن، کەلتوریی بینراو بواری بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە بەشداری لە پرۆسەی لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو بابەتانەدا بکەن کە دیجیتاڵ بۆیان پەخش دەکات، لەکاتێکدا جاران خەڵکی لە پەراوێزی دیمەنە کەلتورییەکاندا دەوەستان و ملکەچی شیکردنەوەکانی دەستەبژێر بوون، ئەمڕۆ فەیسبوک و ئینستیگرام رێگەیان بۆ هەمووکەس کردۆتەوە قسەی خۆیان بکەن، جا با هەندێ فەیلەسوفیش بڵێن فەیسبوک بوار بۆ هەموو گەمژەیەک دەکاتەوە رای خۆی دەرببڕێت، مەرج نییە قسەی ئەو فەیلەسوفانە راست بێت، بگرە کەلتوریی بینراو وەهمی دەستەبژێری پتر ئاشکرا کرد کە لە پێشدا وا دەزانرا راوبۆچوونی ئەوان دەبن بە پێوەری سەرەکی و وا دەزانرا ئەم رۆشنبیرانە دەنگی میللەتن، بەڵام ئەمڕۆ دەشێت یاریزانێک ببێت بە دەنگی میللەت، یان ئەکتەرێک و گۆرانیبێژێک و کەسێکی میدیاکار، پتر لە شاعیرێک و ئەدیبێک کاریگەرییان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان