خوێندنەوە و تێڕامانێک بۆ چەمکی وەرگێڕان

10:11 - 2025-03-20
کەلتور
61 جار خوێندراوەتەوە



پێشڕەو ئیسماعیل (مامۆستا پێشڕەو) 



وەرگێڕان هونەرە(سەلیقەیە) شارەزایی و لێزانینە، وەرگێڕان تەنیا زمان زانین نییە، وەرگێڕان لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو بۆ نەوەی نوێ هەڵدەداتەوە٠ هەروەها وەرگێڕان دەرگا داخراوەکان بۆ نەوەی نوێ دەکاتەوە، هەنگاوێکە بۆ درەوشانەوەی توانا شاراوەکان، هەروەها کلیلی کردنەوەی دەرگا کڵۆمدراوەکانە٠
وەرگێڕان هونەرە، هەر ئەوە نییە کە تۆ بێجگە لە زمانی دایک، زمانێکی تر بزانیت، پێویستە وەرگێڕ لە هەردوو زمانەکەدا زۆر شارەزا بێت، رستە و وشە و پەرەگراف و داڕشتن بە باشی بزانێت، باشتر وایە وەرگێڕ لە زمانی یەکەمەوە بابەتەکە وەربگێڕێ نەک لە زمانی دووەم و سێیەمەوە٠ دەبێت وەرگێڕ شارەزای رێزمان و رێنووس و داڕشتن بێت، وەرگێڕانێکی وشک و رەکیک و ئاڵۆز نەکات، کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک واز لە بابەتەکە بهێنێ، هەروەها ئەوەش گرنگە، کە رۆحی خۆماڵی بکاتە بەری بابەتەکە و وەرگێڕانی وشە بە وشە نەبێت٠ لایەنێکی تر شارەزابوونە لە ئاوازی وشەو رستە و مۆسیقای دەق٠ 
خاڵێکی تر بۆ وەرگێڕان ئەوەیە، کە دەبێت وەرگێڕ خۆی باش لە بابەتەکە گەیشتبێ، باشتر وایە کەسێک بابەتێک وەردەگێڕێ، شارەزایی لە باباتەکەدا هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بابەتی ئەدەبی وەربگێڕێ دەبێت خۆی ئەدیب بێت، یان شارەزایی تەواوی لە ئەدەبدا هەبێت، هەروەها بۆ بابەتی هونەری و زانستی و کۆمەڵایەتیش هەر وایە٠ لێرەدا وتەیەکی نووسەری داغستانی (رەسوڵی هەمزاتۆڤ)م بیر دێتەوە دەربارەی وەرگێڕان کە دەڵێت: شتی وەرگێڕدراو، وەکو گوڵی ئەو دیوی فەرش وایە٠

سێ جۆر وەرگێڕان 
وەرگێڕانی وشە بەوشە، وەرگێڕانی رستە بە رستە، وەرگێڕانی ئازاد بەپێی تێگەیشتنی وەرگێڕ لە ناوەرۆکی دەقەکە٠ وەرگێڕانی وشە بە وشە خراپترین جۆری وەرگێڕانە، چونکە نە دەتوانێت مانای دەقەکە بگەیەنێت، نە چێژێکیش بداتە خوێنەر٠ باشترین جۆری وەرگێڕان جۆری دووەمە، واتە وەرگێڕانی رستە بە رستە، کە مانای تەواوی دەقەکە دەدات بەدەستەوەو چێژی خوێندنەوەش ون ناکات٠ وەرگێڕانی ئازادیش ئەمانەتی وەرگێڕانی تێدا نابێت و لە دەقەکە لادەدات٠

 

وەرگێڕان هەر ئەوە نییە کە تۆ بێجگە لە زمانی دایک، زمانێکی تر بزانیت، پێویستە وەرگێڕ لە هەردوو زمانەکەدا زۆر شارەزا بێت، رستە و وشە و پەرەگراف و داڕشتن بە باشی بزانێت

جۆرەکانی وەرگێڕان
 وەرگێڕانی بابەتێکی زمانەوانی جیاوازە لە بابەتێکی زانستی، هەروەها وەرگێڕانی بابەتێکی ئەدەبی جیاوازە لە وەرگێڕانی بابەتێکی فەلسەفی، تەنانەت لەناو بابەتە ئەدەبییەکانیشدا وەرگێڕانی شیعرێک جیاوازە لە چیرۆکێک یان رۆمانێک٠ باشتر وایە ئەو کەسەی بابەتێکی زانستی وەردەگێڕێت شارەزایی لەو بابەتەدا هەبێت، بۆ نموونە ناکرێ شاعیرێک یان ئەدیبێک، بابەتێکی زانستی وەربگێڕێ، هەروەها بۆ وەرگێڕانی بابەتی ئەدەبیش دەبێت کەسێک وەریبگێڕێت کە شارەزای ئەدەب بێت.
 کاری وەرگێڕان هەم هونەرە، هەمیش لێپرسراوێتییە، پێویستە وەرگێڕ شارەزایی تەواوی لە هەردوو زمانەکەدا هەبێت٠ وەرگێڕی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە شێوازی نووسەرەکە فەرامۆش نەکات و مۆرکی خۆشی بەسەر کاری وەرگێڕانەکەوە جێبهێڵێت٠ خاڵێکی تری گرنگ لە مەسەلەی وەرگێڕاندا، پەیڕەوکردنی خاڵبەندییە(puntuation) واتا دانانی(خاڵ، فاریزە، نیشانەی پرسیار، نیشانەی سەرسوڕمان، کەوانە کردنەوە، دوو خاڵ لەسەر یەک، سەری دێڕ....هتد)٠ 
پرۆفیسۆر( جانیکۆ) دان بەزیان و خراپی هەندێک لەو وەرگێڕانانەدا دەنێت کە لە فەرەنسادا کراون، لەو پێشەکییە گشتییەدا کە بۆ بەشی یەکەمی وەرگێڕانی کتێبەکەی هایدگەری فەیلەسوفی ئەڵمانی نووسیوە دەڵێت: هەندێکجار وەرگێڕانەکان باش و سەرکەوتوو بوون و هەندێکجاریش خراپ و بێ کەڵک بوون٠ لەڕاستییدا وەرگێڕان هەمیشە رەنگدانەوەی باکگراوندی ئەو کەسانەیە کە پێی هەڵدەستن٠ وەرگێڕەکان بە باڵیۆزی سەردەمانی کۆن دەچن کە دەیانتوانی شەڕ لەنێوان دوو وڵاتدا دروست بکەن، یاخود بەپێچەوانەوە لێکیان نزیک بخەنەوەو پەیوەندییان بەهێز تر بکەن٠  ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە وەرگێڕانی بابەتی بەشێوەیەکی رەها بوونی نییە، بەڵام مەحاڵی ئەم شتە ئەوە ناگەیەنێت، کە هەموو وەرگێڕانەکان وەکو یەکن، ئاشکرایە وەرگێڕانی چاک، وەکو وەرگێڕانی خراپ نییە٠ پرۆفیسۆر(جانیکۆ) ئەم پرسیارە دەوروژێنێ: ئایا دەبێت دەقاودەق تێکستێک وەرگێڕین، یاخود ئەوەی پێویستە گواستنەوەی ناوەڕۆک و رۆحی بابەتەکەیە؟ جانیکۆ لایەنگری دووەمیانە و دووەمیانی پێ باشە، بەتایبەت کە بە درێژایی چارەکە سەدەیەک و تا ئێستاش خەریکی پرۆسەی وەرگێڕانە٠ 
وەرگێڕان مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە، زیاتر لە هەزار ساڵە وەرگێڕان سەریهەڵداوە، ئەی ئەگەر وەرگێڕان نەبوایە، هەرگیز شارەزای شاکارێکی وەکو(گەلگامێش) نەدەبووین، کە دووەم دەقی ئایینی سەردەمی خۆیەتی لە دوای دەقەکانی ئەهرامی ئایینی٠ ئەوەی وەرگێڕ دەیکات هیچی لەوە کەمتر نییە کە نووسەر دەیکات، بگرە خزمەتێکی گەورەتر دەکات٠ 
کرۆکی وەرگێڕان ئەوەیە وەرگێڕ بتوانێت مانا شاراوەکانی ناو دەقەکان بۆ خوێنەر بگوێزێتەوە، لەبەرئەوەی وەرگێڕ دەبێت ئەوەندە لەو دەقە تێگەیشتبێت کە وەردەگێڕێت بتوانێت وای داڕێژێتەوە وەکو دەقێکی ئەسڵی بیخاتە بەردەستی خوێنەر٠ بێگومان وەرگێڕانی ئەدەبی چ شیعر یان رۆمان یان هەر دەقێکی تر بەتایبەت کارێکی سەخت و ماندووکەرە، لەهەمانکاتیشدا چێژبەخشە، وەرگێڕی وا هەیە ساڵی چەند کتێبێک وەردەگێڕێت، بەڵام ئەمە لە کواڵێتی ئیشەکە کەم دەکاتەوە، چونکە چۆن شیعر ئیلهامە، بەهەمانشێوە وەرگێڕانی شیعر یان رۆمانیش ئیلهامە٠
هەندێکجار دەقێکی ئەدەبی یان کتێبێک بە وەرگێڕدراوی کە دەیخوێنیتەوە، ئەوەندە وەرگێڕانەکە سەقەت و بێ کەڵک و وشکە، تاقەتت نییە بابەتەکە تەواو بکەیت و  نایخوێنیتەوە٠  گوینتەر گراس دەڵێت: وەرگێڕان ئەوەیە هەمووشتێک وەرگێڕیت، بەڵام هیچ نەگۆڕیت. دواجار من وای دەبینم ئەرکی وەرگێڕ لە خودی نووسەرەکە گەورەترە، چونکە کە شاعیرێک دەقێک بەزمانی دایک دەنووسێت، ئەوە وەرگێڕە ئەو دەقە لە رێگەی زمانێکی ترەوە، بەخوێنەرێکی دەرەوەی وڵاتەکەی دەناسێنێت، ئەوە وەرگێڕە خوێنەرێکی بیانی دەخاتە ناو کەشوهەوای رۆمانێکەوە بۆ نموونە بە زمانی کوردی نووسراوە٠  

لەکۆتاییدا بەدڵنیاییەوە ئەرکی وەرگێڕ لە ئەرکی نووسەر گرانتر و سەختترە، وەرگێڕ پێویستی زیاتری بەدیقەت و سەلیقەو شارەزایی و وردبینی هەیە، پێویستی بەوەیە پێش ئەوەی دەست بۆ دەقێکی وا ناوازە بەرێت، چەندینجار بیری لێبکاتەوە، چونکە تەنها بە خوێندنەوەی لە کۆڕێکدا ،ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران بێزار دەبن لە وشەکان و هیچ جۆرە چێژێک لەو وەرگێڕانە وەرناگرن٠ 
وەرگێڕ بەرپرسە لە گواستنەوەی فکری نووسەر بە ئەمانەتەوە، خۆ ئەگەر دەقەکە شیعر بوو بەرپرسیاریەتەکە گەورەتر دەبێت٠ لەم بوارەدا ئەوروپییەکان خۆیان بە قەرزاری وەرگێڕەکان دەزانن، سەبارەت بەو ئاستە بەرزەی شارستانییەتەکەیان. هەربۆیە ئەوەی وا تێگەیشتووە کە تەنیا زمان زانین بەسە بۆ ئەوەی ببێتە وەرگێڕ، ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات کە دەست ببات بۆ بابەتی وەرگێڕان، چونکە وەرگێڕێکی لەم جۆرە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابێت، کارەساتێکی گەورەیە کەسێک بەناو وەرگێڕە، بەڵام بە تەواوی دەقێک دەشێوێنێ، مەرج نییە وەرگێڕ دەقەکە جوان بکات، بەڵام مەرجە هەموو شتێک وەکو خۆی وەرگێڕێتە سەر زمانەکەی تر، مەرجە مانا بە مانا، بگۆڕێتەوە نەک وشە بەوشە بگۆڕێتەوە٠

 سەرچاوەکان
1 -گۆڤاری دیوان، ژمارە یانزە نیسانی2022، مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی، ناوەندی هەولێر٠ 
2 - پەشمەک، ڤینۆس فایەق، گۆشەی رۆژنامەوانی، چاپی یەکەم 2024، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی٠ 
3 - دنیای شتە بچووکەکان، رێبوار سیوەیلی، چاپخانەی رەنج 2005، چاپی دووەم٠


بابەتە پەیوەندیدارەکان