نەورۆز لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا

10:34 - 2025-03-20
کەلتور
75 جار خوێندراوەتەوە



د. سامان مستەفا رەشید ئینجاغا


وتەیەکی پێویست
سەرەتا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، لەبەرئەوەی پسپۆڕیم لە مێژووی دێریندا نییە و چوارچێوەی کاری من نییە، بۆیە بە هیچ کلۆجێک بەباشی نازانم خۆم لە قەرەی باسی مێژووی رەچەڵەک و سەرهەڵدانی نەورۆز و راستی، یان ئەفسانەییبوونی ئەم بۆنە و جەژنە بکەم، بە باشی دەزانم ئەو بابەتە جێبهێڵرێت بۆ کەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەو بوارە. ئەوەی لەم وتارەدا دەمەوێت لەسەری بوەستم نەورۆزە لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا، ئایا دەوڵەتی عوسمانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بۆنەدا کردووە، ئەو مامەڵەکردنە چۆن لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئەرشیفی ئەو دەوڵەتەدا رەنگی داوەتەوە و باسکراوە. 
یەکەم: رێگری و قەدەغەکردنی نەورۆز 
دوای گەڕان و پشکنینی ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی، بۆم دەرکەوت نزیک بە هەزار و چوارسەد دۆسییەی بەڵگەنامەکان، لە دەفتەری موهیمە، دەفتەری دارایی، خەتی هومایۆنی، لە بەڵگەنامەی دام و دەزگا سەربازی و دارایی و کارگێڕییەکانی دەوڵەتی ناوبراودا ناوی نەورۆزیان تێدا هاتووە، لە هیچ یەکێک لەو دۆسییانەدا یان لە هیچ بەڵگەنامەیەکدا باس لەوە نەکراوە، لە هیچ پارچەیەکی دەوڵەتی عوسمانیدا نەورۆز قەدەغە بکرێت یان رێگری لە پیرۆزکردنی نەورۆز بکرێت. هەڵبەت ئەوەندەی من گەرابم، هیچ بەڵگەیەکیشم نەدیووە باسی لە ناردنی پیرۆزبایی سوڵتان کردبێت بۆ نەورۆزی هیچ یەکێک لە ویلایەت و سەنجەقەکانی خۆی لە دەوڵەتی عوسمانیدا. واتا، راستە بەڵگەنامەکان ئاماژەیان تێدا نییە بۆ قەدەغەکردن و سانسۆرکردنی ناوی نەورۆز و بۆنەی نەورۆز، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نەمدیوە خودی (سوڵتانی عوسمانی یان سەدرئەعزەم) پیرۆزبایی نەورۆزی بۆ هیچ یەکێک لە ویلایەتەکان یان سەنجەکانی خۆی ناردبێت!.    

دووەم: نەورۆز لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا
وەکو لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، نەورۆز و بۆنەی نەورۆز لە ژمارەیەکی یەکجار گەورەی بەڵگەنامەی عوسمانیدا ناوی هاتووە، بەچەندین شێوە و پەسنی جیاواز و بە چەندان مەبەستی جیاواز. لێرە بەدواوە هەوڵدەدەین لەم روانگەوە تیشکێکی کورت و خێرا بخەینەسەر بابەتەکە.
-کۆنترین بەڵگە کە ناوی نەورۆزی تێدا هاتبێت
کۆنترین بەڵگە لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی کە ناوی نەورۆزی تێدا هاتبێت، بریتییە لە دەفتەرێکی مالییەی خەزێنەی دەوڵەتی عوسمانی کە لە (24) لاپەڕە پێکهاتووە، بە کۆدی (MAD.d. 117) لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی پارێزراوە، مێژووەکەی بۆ شوباتی 1548 زایینی دەگەڕێتەوە، واتا ناوەڕاستی سەدەی شازدەهەمی زایینی. کە سەرۆکایەتیی ئەرشیفی عوسمانی بەم جۆرە پێناسەی ئەو دۆسیەیەی کردووە: (ئەمە دەفتەری داهات و خەرجی خەزێنەی عامیرەیە (خەزێنەی ناوەندی عوسمانی) کە تێیدا داهات و خەرجییەکانی بەقایا و مۆتەفەرریقەی ئاقچەکانی لە رۆمەلی و ئەنادۆڵ، هەروەها ویلایەتەکانی میسر، حەلەب، شام و دیاربەکیر لە نەورۆزی (954کۆچی) تا نەورۆزی (955کۆچی) واتا (ساڵەکانی 1547-1548زایینی) لەگەڵ داهاتەکانی ئەوقاف تۆمار کراوە. هەروەها ئەو ژمێریاریانەی لە لایەن کاتیبەکانی دەفتەردار عەبدی چەلەبی و ئیسکەندەر و خەیرەدین بەگەوە بۆ پادشا پێشکەش کراوە). ئەم بەڵگەنامەیە، دەفتەرێکی خەزێنەیە کە زانیاریی گرنگی تێدایە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دارایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ناوەڕاستی سەدەی 16. لە دەفتەرەکەدا، هەم داهاتەکانی ناوچەکانی رۆمەلی و ئەنادۆڵ کە سەر بە خەزێنەی ناوەندیی بوون، هەم داهات و خەرجییەکانی ویلایەتە گرنگەکانی وەک میسر، حەلەب، شام و دیاربەکیر تۆمار کراون. هەروەها، داهاتەکانی وەقفەکانیش لەم دەفتەرەدا تۆمار کراوە. واتا لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە مانگی نەورۆز بەسەرەتای ساڵی دارایی هەژمار کراوە. واتا پاکتاوی دارایی نێوان ئەو دوو ساڵە لە مانگی نەورۆز بۆ مانگی نەورۆزی دواتر هەژمار کراوە. 
لەپاڵی ئەوە لە ژمارەیەکی بێشوومار بەڵگەنامەدا، تێیاندا مانگی نەورۆز وەک سەری ساڵی مالی بۆ کۆکردنەوە داهات و پاکتاوی ماڵی باسی لێوە کراوە، هەروەها ژمارەیەکی یەکجار زۆر فەرمانمان هەیە بۆ ویلایەت و سەنجەقەکان کە تێیاندا فەرمان بە ویلایەت و سەنجەقەکان کراوە لەگەڵ هاتن، یان پێش هاتنی نەورۆز ئامادەسازی سەربازی بکەن و لەڕووی سەربازییەوە خۆیان تەیار بکەن، ئەمەیش نەک بۆ رێگریکردن لە یادکردنەوەی نەورۆز لەو ناوچانە، بەڵکو بۆ ئامادەسازی بووە بۆ: پەلاماری سەربازیی بۆ سەر دوژمن یان بۆ بەرگری لە شاڵاوی دوژمن، کە بە زۆری لە مانگەکانی کۆتایی زستان و بەهار و هاویندا کردە سەربازییەکانیان ئەنجامداوە.  
-بەچەند فۆرمی جیاواز ناوی نەورۆز هاتووە
ئەوەنەی لەو بەڵگەنامانەی ئەرشیفی عوسمانی ورد بووبێتمەوە کە ناوی نەورۆزیان تێدا هاتووە، ناوی نەورۆز بە چەند شێوەیەک هاتووە: نەورۆز، نەورۆزی سوڵتانی، سال جدید، نەورۆزی فیروزە، ئەیام موبارەک، هەتا رێککەوتووە لە بەڵگەنامەدا بە ناوی (جەژنی نەورۆز)یش ناوی هاتووە. 
-پیرۆزکردنی نەورۆز لە دەوڵەتی عوسمانیدا 
بەپێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی ئەرشیفی عوسمانی سەرانی دەوڵەتی عوسمانی لە بەرزترین ئاستدا نەورۆزیان پیرۆز کردووە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی و دیارییان بۆ سوڵتانی عوسمانی ناردووە. 
-سەدرئەعزەم پیرۆزبایی و دیاری نەورۆزی بۆ سوڵتان ناردووە 
بە پێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی گرنگ کە مێژووەکەی بۆ ساڵی  1647زایینی دەگەڕێتەوە، کە بە کۆدی (TSMA.E.794/69) لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی پۆلێنکراوە، کە بریتییە لە نووسراوێکی سەدرئەعزەمی دەوڵەتی عوسمانی کە بۆ سوڵتانی عوسمانی ناردووە، لە نووسراوەکەدا سەدرئەعزم پیرۆزبایی هاتنی نەورۆزی لە سوڵتان کردووە و بەو بۆنەیەوە هەندێک دەست و دیاری بۆ سوڵتان ناردووە و تکای قبوڵکردنی دیارییەکانی کردووە. ئەمە جیا لەوەی لە سەرەتا و کۆتایی نامەکەدا نزای لەشساغی و تەمەندرێژیی بۆ سوڵتان کردووە. شایەنی باسە سوڵتان لە بەشی سەرەوەی نووسراوی پیرۆزبایی و دیاری ناردنەکەی سەدرئەعزەم، بە خەتی خۆی نووسیویەتی:(هات و گەیشت) بە واتای پەسەندکردن و قبوڵکردنی دیارییەکانی سەدرئەعزەم دێت. ئەمەیش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە بە بۆنەی هاتنی نەورۆزەوە لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی عوسمانیدا پیرۆز کراوە و گرفتێک لە پیرۆزکردنی نەورۆزدا نەبووە. هەروەها، ئەم بەڵگەنامەیە دەریدەخات کە نەورۆز وەک بۆنەیەکی گرنگ لە دەوڵەتی عوسمانیدا سەیر کراوە و باڵاترین پلەی حکومەت (سەدری ئەعزەم) پیرۆزبایی لە پادشا کردووە و دیاریی بۆ ناردووە، هەروەها نیشانی دەدات کە ئەو دیارییە بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەش کراوە و داوا کراوە پادشا وەری بگرێت، و پادشایش لە رێگەی خەتی هومایوونەوە وەڵامی داوەتەوە.
-دروستکردنی شیرینی تایبەت و دابەشکردنی خەڵات و دیاری لە نەورۆزدا 
دروستکردنی جۆرێک شیرینی(حەڵوا)ی تایبەت بە نەورۆز و دابەشكردنی لە رۆژی نەورۆزدا بەسەر نیشتەجێبوانی دەرباردا یەکێکی دیکە بووە لەو رێوڕەسەمەکانی پیرۆزکردنی نەورۆز لە دەرباری عوسمانیدا. بە پێی بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی عوسمانی کە مێژووەکەی بۆ ساڵی  1676زایینی دەگەرێتەوە کە بە کۆدی ( AE.SMMD.IV.84. 10047.01.) لە ئەرشیفی عوسمانیدا هەڵگیراوە، بریتییە لە تەزکیرەیەک (یادداشت) دەربارەی تۆمارکردنی خەرجییەکان و خەڵاتەکانی کارخانە و سەرکیلاری خاسەی (سەرۆکی چێشتخانەی تایبەت) و سەرحەلوایی خاسە (سەرۆکی دروستکردنی حەلوا) کراون، کە لە نەورۆزی سوڵتانیدا حەلوایان دروست کردووە. ئەم بەڵگەنامەیە زانیاریی گرنگ دەربارەی رێورەسمەکانی نەورۆز لە دەرباری عوسمانی دەخاتەڕوو، ئاماژە بە دروستکردنی حەلوا دەکات وەک نەریتێکی نەورۆز و هەروەها خەڵاتکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو حەلوا تایبەتە. 
هەروەها بە پێی بەڵگەنامەیەکی دیکەی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی عوسمانی کە بۆ ساڵی  1717زایینی دەگەڕێتەوە، میرئاخوڕی یەکەم لە نەورۆزدا ژمارەیەک دیاری پێشکەشی سوڵتانکردووە. لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەیەک داواکاری لە لایەن کەتخودای خەزێنەوە پێشکەش بە پادشا کراون بۆ بەخشیش و دامەزراندن کە باوبووە لە جەژنەکان و نەورۆزدا دابەش بکرێن. ئەمەیش بەڵگەیەکی گرنگە دەربارەی سیستەمی بەخشیش و پێدانی پلە و پۆست لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە بۆنە تایبەتەکاندا وەک جەژن و نەورۆزدا. کەواتە ئەمانە و چەندان بەڵگەی دیکە نیشانی دەدەن لە دەرباری دەوڵەتی عوسمانیدا نەورۆز پیرۆزکراوە و بەو بۆنەوە لەلایەن خاوەن پۆست و پایە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە دیاری و خەڵات پێشکەش بە سوڵتانی عوسمانی کراوە و ناوبراویش وەیگرتووە و پەسەندیکردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان