جیهان بەرەو قۆناغێكی نوێی سیاسی و ئابووری

11:04 - 2025-03-24
ئابووری
103 جار خوێندراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین

سەریاس محەمەد سەلیم* 

عیراق و هەرێمی كوردستانیش بەدەرنین لە كاریگەریی سیاسەتی ئەمریكا و واشنتۆن داوای لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان چارەسەر بکەن

لە چەند مانگی رابردوودا رووداوگەلێك لە جیهاندا روویانداوە كە هاوكێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای خۆرئاوا دەگۆڕێت، ئەوەی كە لە بینەرەوە دیارە تەنیا رووی پێشەوەی رووداوەكانە و دیوی ناوەوەی رووداوەكان و ئامانج و بەرژەوەندیی زلهێزەكان بۆیان روون نییە، كارەكتەرە سەرەكییەكانی پشت ئەم رووداوانە بریتیین لە: دۆناڵد ترەمپ، ڤلایدمێر پۆتین و رەجەب تەیب ئەردۆگان و ئەمریكاش هێزی سەرەكیی ناو گۆڕەپانەكەیە.
لە دوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەواوی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و ترەمپ دەیەوێت بە زووترین كات ئاشتیی لە جیهاندا بەرقەرار بكات، دەستپێكیش هەوڵی وەستاندنی جەنگی سێ‌ ساڵەی روسیا – ئۆكرانیا بوو، كە ترەمپ لە ناو كۆشكی سپییەوە بە توندی بە رووی زیلنسكی-دا وتی: دەبێت ملكەچی ئاگربەست و راگەیاندنی ئاشتی بێت.
ئەمریكا و كانزا بەنرخەكانی ئۆكرانیا
لە سەرەتای دەستبەكاربوونیشیدا رایگەیاندبوو، كە هەوڵی بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی دەدات لەگەڵ روسیا و زۆر بە خێرایش ئەوەی بەدیهێنا و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم دوو زلهێزەی جیهان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوانیان.
لێكنزیكبوونەوەی ئەم دووانە زۆر گرنگە بۆ هاوكێشەی سیاسیی و ئابووریی جیهان، پێشتر بایدن بە تەواوی دژی روسیا، هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بەستبوو، هاوكارییەكی بێوچانی ئۆكرانیای دەكرد لە جەنگەكەدا كە 350 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریكا كەوت، ئێستاش ترەمپ داوای قەرەبووی ئەو تێچووە لە ئۆكرانیا دەكات، ئەویش بەو رێكەوتنە كانزاییەی كە بڕیارە لە نێوان ئەمریكا و ئۆكرانیادا ئیمزا بكرێت بۆ كاركردنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە ئۆكرانیا و دەرهێنان و بازرگانی كردن بە كانزا بەنرخەكانی ئۆكرانیاوە، كە بە مەزەندەی ئەمریكا قازانجی ساڵانەی نزیكەی 20 ملیار دۆلارە.
بڕیارەكانی ترەمپ زیاتر ئابوورین
ترەمپ لەم كابینەیەدا زۆرتر بڕیار و سیاسەتەكانی خۆی لە بواری ئابووریدا دەبینێتەوە، چونكە وەك ئایلۆن ماسك وەزیری فەرمانگەی كارامەیی ئەمریكا و دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا وتی: ئەگەر خەرجیی كەم نەكەنەوە ئەوا حكومەتەكەیان مایەپووچ دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریكا چەند بڕیارێكیدا: 
1 - كەمكردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بۆ نیوە، لەگەڵ هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەكە، بە جۆرێك كاروباری خوێندن بخرێتەوە سەر ویلایەتەكان.
2 - سەپاندنی گومرگ بەسەر كاڵای كەنەدی و مەكسیكی بە ریژەی %25 و كاڵای چینی بە رێژەی %10.
3 - دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی بۆ باڵادەستیی وزە، كە بەرپرسیارە لە دانانی سیاسەتی پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزە.
4 - دامەزراندی یەدەگی ستراتیژی بیتكۆین و گرنگیدان بە دراوە ئەلیكترۆنییەكان.
5 - سەپاندنی گومرگ بە رێژەی %25 بەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمدا، كە لە ئەوروپاوە هاوردە دەكرێت. 
6 - راگرتنی كۆچی نایاسایی و گێڕانەوەی پەنابەرە مەكسیكییەكان.
ئەمریكا لە رووی سیاسیشەوە چەند بڕیارێكیدا، وەك: راگرتنی شەڕی چەندین ساڵەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، دەستدرێژكردنی ئاشتییانەی ئەمریكا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیدارەی نوێی واشنتن جیهانێكی ئارام و دوور لە جەنگی دەوێت، بۆ ئەوەی سیاسەتە ئابوورییەكەی جێبەجێ بكات.
روسیا بەم هەوڵە ئاشتییانەیە دڵخۆشە، چونكە جەنگ زیانێكی گەورەی ئابووری و سەربازیی بە روسیا گەیاندووە، بە تایبەتی كە بۆ ماوەی دوو دەیە روسیا %74ی غازی ئەوروپای دابین دەكرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئۆكرانیادا ئەو رێژەیە دابەزی بۆ %40، چونكە بۆرییەكەی بە ناو خاكی ئۆكرانیادا دەڕوات، بۆیە روسیا لەگەڵ پرۆسەی ئاشتییە و بە دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا بۆ ئاگربەست رازیبوو، لە هەمان كاتدا رووخانی رژێمی ئەسەدی دۆستی روسیا و تارادەیەك كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران بەسەر سوریا و لوبنان و ناوچەكەدا وا لە مۆسكۆ دەكات چاو بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن بخشێنێتەوە.
ئەردۆگان و سیاسەتی نوێی توركیا 
رووخانی حكومەتی ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، باڵادەستیی توركیای لە ناوچەكەدا دووپاتكردەوە، لە هەمان كاتدا وتارەكانی ئەم دواییەی ئەردۆگان سەبارەت بە كورد و مافەكانی و پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا دڵخۆشكەرن بۆ كۆتایهێنان بەو شەڕەی چەندین ساڵە لە قەندیلەوە بڵێسەی سەندووە، لە كاتێكدا رێبەرەكەیان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا داوای وەستانی شەڕ و دانانی چەك و دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی كرد، لە تازەترین وتاریشیدا سەرۆكی توركیا راگەیاند: كە ئامادەیە لەگەڵ وەفدی ئیمڕاڵی دابنیشێت ئەگەر داوای لێبكەن. 
ئەم رێكەوتنەی چەند رۆژی رابردووی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و ئەحمد شەرع درێژكراوەی هەمان پرۆسەی ئاشتی دەبێت و ئەمە دەسكەوتێكی گەورە و بەنرخە بۆ كورد لە باكوور و رۆژئاوا، ئەگەر بتوانرێت زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و سیاسەت و ستراتیژێكی تۆكمەی بۆ دابنرێت. هەروەها ئەم رووداوانە دەریدەخەن، كە كورد پێگەیەكی بەهێزی هەیە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، یان بە ئاسانی پاكتاو بكرێت.
پرۆژە و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی توركیا لە سایەی ئاشتیدا
1 - پرۆژەی نەوت و غاز: وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند: كۆمپانیای نەوتی توركیا رێكەوتنی ئیمزا كردووە لەگەڵ دوو كۆمپانیای گەورەی ئەمریكا بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەكانی غاز و نەوت لە پارێزگای ئامەدی باكووری كوردستان. 
2 - ئامادەكاریی بۆ رێگای ئاوریشم: توركیا زەمینەسازیی دەكات بۆ پرۆژە زێڕینەكەی رێگای ئاوریشم، كە چین خاوەن بیرۆكە و جێبەجێكاریەتی، لەبەر ئەوەی توركیا بە رێگەی وشكانی ئاسیا دەبەستێتەوە بە ئەوروپا و سەرەنجام توركیا سوودێكی گەورە لەم پرۆژەیە وەردەگرێت، هەربۆیەش ئامادەی هەموو جۆرە رێكەوتنێكە لەگەڵ كورد بۆ دانانی چەك و دابینكردنی ئارامی و ئاسایشێكی پتەو بۆ رازیكردنی چینییەكان، چونكە چین ئامادە نییە ئەم پرۆژە گرنگە بخاتە ناوچەیەكی نائارام و مەترسیدارەوە.
چاوسووركردنەوە لە حەماس
لەلایەكی ترەوە ئیسرائیل تا رادەیەكی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەیدا گوێرایەڵ و وابەستەی واشنتۆنە، بۆیە وەستاندنی شەڕ لە كەرتی غەززە و فەلەستین، سووربوونی ئەمریكا دەردەخات بۆ ئاشتی و كۆتایهێنانی جەنگ، بە تایبەتی لە دواین لێداونی ترەمپ-دا بۆ بزووتنەوەی حەماس، هەڕەشەی توندی لێكردن و داوای دانانی چەكیان لێدەكات، بیرۆكەی بەڕێوەبردنی كەرتی غەززەشی لەلایەن ئەمریكاوە هێنایە ئاراوە. 
عیراق و هەرێمی كوردستانیش بەدەرنین لە كاریگەریی سیاسەتی ئەمریكا و لە كۆتا بڕیاردا ترەمپ لێخۆشبوونی لە عیراق بۆ كڕینی غاز لە ئێران راگرت، لەبەرمبەر ئەوەدا ئیدارەی واشنتۆن داوای لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەری كێشەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانە بكەن كە لە هەریمی كوردستان كاریان كردووە و قەرزەكانیان بدەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە دەرهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بكەنەوە، ئەمەش دوو ئامانجی سەرەكی بۆ ئەمریكا دەپێكێت، یەكەمیان عیراق پێویستی بە غازی ئێران نامینێت، لە هەمان كاتدا دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت لە دابەزینی نرخی نەوتی خاو كە ئەمریكا بەكارهێنەرێكی سەرەكییە. 
*راوێژكار و ژمێریاری مەكتەبی رێكخراوەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان