ره‌فیق خۆشناو
هه‌ر كه چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێ تروسكه‌ی خسته‌وه ناو دڵی كێوه‌كانه‌وه، رۆژ به رۆژ پۆلی كوڕانی ئازا‌و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ ده‌بوونه ده‌سكه‌چیله‌ی گه‌رمكردنی ئاگردانی شۆڕشی نوێ و چه‌كی پاراستنی كوردستانیان ده‌كرده شان و رێگایه‌كی سه‌خت و دژوار به‌ڵام پڕ له سه‌روه‌رییان هه‌ڵده‌بژارد و ده‌گرته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی روون بۆ ئاینده‌ی گه‌ل به‌دیبهێنن.
ئیتر یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له مه‌فره‌زه پێكهنرا تا گه‌یشته قوه‌ت و كه‌رت و هه‌رێم و دواتریش تیپ.
یه‌كێك له تیپه به‌ناوبانگه‌كان (تیپی 83ی هه‌ورێ) بوو، هه‌موویان لاوی خوێنگه‌رم و ئازا و پیاوی تێپه‌ڕاندنی رۆژگاری سه‌خت بوون، وه‌ك بڵێی رۆژگار به تایبه‌ت بۆ پێشمه‌رگایه‌تی دروستی كردبن.
لێره‌وه، باس له نه‌به‌دییه‌كی قاره‌مانانی ئه‌و تیپه ده‌كه‌ین له ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی، سه‌رگوزشته‌یه‌كی گیانبازانی تیپی 83ی هه‌ورێ له وه‌رزی به‌ره‌و به‌هار و نه‌ورۆزدا، داستانێك كه پیت به پیتی به خوێن نوسرابێته‌وه.
هه‌ڵۆكانی ئه‌و تیپه قاره‌مانه سوێندیان خوارد به‌ر له نه‌ورۆز، ئاگری جه‌ژن له‌سه‌ر لاشه‌ی دوژمنان بكه‌نه‌وه، ئه‌وسوێنده‌ش بیروباوه‌ڕی پته‌وی ده‌ویست، ئه‌وانیش خاوه‌ن هه‌مان بیروباوه‌ڕ و ئازایه‌تی بوون، بۆیه ده‌یانویست پێشوه‌خته ئاگری نه‌ورۆز له یه‌كێك له مۆڵگه قایمه‌كانی دوژمن‌دا بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌بوو شه‌وی 3\/4/10/1986 كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه بڕیاریاندا چالاكیی ئه‌مجاره‌یان له (قۆپی سوری سه‌رگه‌ڵوی میرئاوا)بێت له سنووری شه‌قڵاوا، ئه‌مجاره له‌وێ سزای دوژمنانی كورد بده‌ن و به‌دیاریكراویش ئه‌و مۆڵگه‌یه‌ی كه وا ناسرابوو زۆر قایمه و ته‌مه‌نی 25 ساڵه، له‌و ماوه زۆره‌شدا چه‌ندجارێك هه‌وڵدرابوو ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت به‌ڵام نه‌توانرابوو، بۆیه ببوه (مه‌حاڵ-ئه‌سته‌م) و بیركردنه‌وه له‌گرتنی، سه‌خت بوو.
به‌ڵام بڕیاری ئه‌مجاره‌ی پێشمه‌رگه بڕیاری مان ونه‌مان بوو، هه‌ڵۆ به‌رزه‌فڕه‌كان به‌ڵێنیاندا به دایكه جگه‌ر سوتاو و گونده راگوێزراوه‌كان و به ره‌زوباخه له‌بن ده‌رهێندراوه‌كان، كه ده‌بێت ئه‌و دومه‌ڵه‌پیسه‌ی سه‌ر دڵی خاك، له سه‌ر قۆپی سوری سه‌رگه‌ڵوی میرئاوادا له‌بن ده‌ربهێنن، ئه‌و دێوه‌زمه‌یه تێكده‌شكێنن كه ماوه‌ی 25 ساڵه خۆی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سه‌پاند بوو.
رێگه هه‌ڵه‌ته، تاریكه، دوره، دژواره و بڕیاره‌كه‌ش ئاسان نییه، به‌ڵام به‌ڵێنی پێشمه‌رگه له‌وه گه‌وره‌تر بوو، ئه‌گه‌رچی ئامانجه ده‌ستنیشانكراوه‌كه زۆر قایم بوو، به‌ڵام وره و باوه‌ڕی پێشمه‌رگه قایمتر بوو، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قرمژنی ئاڕبیجیدا، هه‌ڵمه‌ت و په‌لاماری پێشمه‌رگه ده‌ستی پێكرد، ئه‌وه‌نده له دوژمن نزیك ببوونه‌وه كه ده‌سته‌ویه‌خه كه‌وتنه وێزه‌ی یه‌كتری و له شه‌ڕه ته‌قه‌وه‌بوو به شه‌ڕه نێزه، عومه‌ر زێوه‌یی هه‌ڵمه‌تی برد و شه‌هیدكرا، یاسین شێخوه‌سانی چووه شوێنی، ئه‌ویش شه‌هیدكرا، ئینجا عه‌زیز مه‌له‌كی چووه شوێنی، گه‌ڕانه‌وه نه‌بوو یان كوردستان یان نه‌مان بوو، كه ئه‌ویش شه‌هیدكرا ئینجا خدر ئه‌ندێكی و حاجی ره‌حمان شیره‌یی ئاگری شه‌ڕه‌كه‌یان گه‌رمتر كرد و به‌داخه‌وه ئه‌وانیش شه‌هیدكران.
به‌ڵام هاوڕێكانیان له هه‌ڵمه‌تبردن سارد نه‌بوونه‌وه و له ئه‌نجامدا مۆڵگه‌كه‌ی دوژمن گیرا و بڕیاری پێشمه‌رگه سه‌ركه‌وت و سه‌ریگرت، نرحی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش به‌خشینی شه‌ش شه‌هیدبوو، به‌ناوه‌كانی: عومه‌ر زێوه‌یی، یاسین شێخوه‌سانی، عه‌زیز مه‌له‌كی، خدر ئه‌ندێكی، حاجی ره‌حمان شیره‌یی و ئه‌حمه‌د هه‌رته‌لی.
تۆماركردنی داستانێكی پڕ له سه‌روه‌ریی، ئه‌گه‌رچی به شه‌هیدبوونی ئه‌و شه‌ش پێشمه‌رگه‌یه برینێكی قووڵ كه‌وته جه‌سته‌ی نیشتمانه‌وه، به‌ڵام ره‌واندنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی هه‌میشه‌ییش بوو له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا.
ئه‌وه سه‌روه‌ریی و نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌كانی تیپی 83 هه‌ورێ بوو، پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ پاراستنی كوردستان و گه‌لی كورد، گیانی خۆیان به‌خت كرد.