كچە نووسەرێكی كۆبانێ، بۆ کوردستانی نوێ :كاردەكەین بۆ كۆكردنەوەی هونەری گۆرانیبێژانی میللی

11:48 - 2025-03-24
هەمەرەنگ
68 جار خوێندراوەتەوە

نەجاح ئیبراهیم نووسەر و چالاكوانی دانیشتووی گوندەوارەكانی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، حەز و خولیای تایبەتی هەیە لە كۆكردنەوە و پاراستنی هونەر و فۆلكلۆری میللی كوردستان، دوای تەواوكردنی چوار ساڵ خوێندن لە بەشی زمان و وێژەی كوردی لە زانكۆی كۆبانێ، تێزی دەرچوونی لەسەر هونەری فۆلكلۆری دەنگبێژانی میللی و بە تایبەتی هونەری ژنانی دەنگبێژ لە زانكۆی كۆبانێ پێشكەش كرد، ئامانج لێی پاراستنی هونەری هونەرمەندانی میللی و نەریتی كوردەوارییە.
نەجاح ئیبراهیم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە زانكۆ دەستم بە كاری نووسین كردووە و چەندین بابەتم لەسەر وێژەی كوردی و رۆمان و هەڵبەست و شانۆی كوردی و چەندین چیرۆكی كوردیم نووسیوە، لە زۆرێك لە رۆژنامە و گۆڤاری كوردی بابەتی جۆراوجۆرم هەیە.
 وتیشی: لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی فۆلكلۆری كۆبانێ چالاكیی مەیدانی بەردەواممان هەیە لە گوندەكانی دەوروبەری كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان، كاردەكەین بۆ كۆكردنەوەی هونەری گۆرانیبێژانی میللی، بە مەبەستی كۆكردنەوە و زیندووكردنەوەی هونەری نەتەوەيی دێرینی كوردستان و پاراستنیان، چونكە هونەری میللی گرنگە و ناسنامە و مێژووی راستی گەلی كوردە.
هەروەها دەڵێت: نووسینەكانم لەسەر هونەری فۆلكلۆری كوردی لە كتێبێكدا تۆماركردووە كە ئێستا لە چاپدایە، لە كتێبەكەمدا چیرۆك و بەسەرهاتێكی دیكەی میللی كوردی دەگێڕمەوە كە بەڕاستی لە باكوری كوردستان روویداوە، ئەم كتێبە تێزی دەرچوونمە لە زانكۆی كۆبانێ، گرنگییەكی تایبەتم بە تۆماركردنی هونەری فۆلكلۆری كوردی و دەنگبێژانی ژن لە مێژوودا داوە، لەبەرئەوەی نەتەوەی كورد چەندین گۆرانیبێژ و دەنگبێژی ژنی هەبووە، كە لە مێژوودا خزمەتییان بە پاراستنی زمان و كەلتور و فەرهەنگی كوردی كردووە، هەروەها چەندین وتارم لەسەر گرنگی پاراستنی هونەری دەستڕەنگينی كچان و ژنانی كوردستان بڵاوكردووەتەوە.
ئەیاز هەركی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان