دواجار، پەردە لەسەر یارییەكانی خولی پلە یەكی تۆپی پێی یانەكانی كوردستان دادرایەوە و یانەی قەڵادزێ بوو بە پاڵەوانی ئەمساڵی ئەم خولە و هەڵۆ دووەمی خولەكە بوو، هەردووكیشیان وەرزی ئایندە لە خولی نایابی كوردستاندا یاریی دەكەن.
لەم خولەی كوردستاندا، 15 یانەی كوردستان بەشدارییان كرد، هەر یانەو 14 یاریی خۆی لە خولەكەدا كرد، نیوەی یارییەكانی لە یاریگای خۆی و ئەوانی تریشی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بوو، سەرەنجام یانەی قەڵادزێ 33 خاڵی لەو 14 یارییە كۆكردەوەو (10 بردنەوە، 3 یەکسان بوون و 1 دۆڕان) و بەمەش نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی ئەم خولەی دەستەبەر كرد.
تیپی یانەی هەڵۆش 31 خاڵی لەو یارییانەدا كۆكردەوە (10 بردنەوە، 1 یەكسان و 3 دۆڕان) و بەوەش پلەی دووەمی گرت و لەگەڵ قەڵادزێ وەك یەكەم و دووەمی خولەكە، راستەوخۆ گەیشتنە خولی نایابی وەرزی ئایندەی كوردستان، تیپی یانەی رواندزیش دوا تیپی ریزبەندیی خولەكە بوو، بەوەی لەكۆی 14 یاریی كە كردنی، تەنیا لە سێ یارییدا یەكسان بوو، تەنیا 3 خاڵی كۆكردەوە و بەم ئەنجامەش بۆ خولی پلە دووی یانەكانی كوردستان دابەزی.