سەرکۆ یونس
ده‌كرێت چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندێك ساڵانه بڕی زه‌كاته‌كانیان به‌یه‌كه‌وه كۆبكه‌نه‌وه و خێزانێكی هه‌ژار بخه‌نه‌سه‌ر كار و پیشه‌یه‌ك، به دابینكردنی ته‌كسییه‌ك، ماتۆرێكی سێتایی، دوكانێك، هه‌ر پیشه و كار و كاسپییه‌ك و داهاتێکی هەبێت
مانگی پیرۆزی رەمەزان، مانگێکی تایبەت و پڕشکۆیە لای موسڵمانان، لەو مانگەدا زۆربەی موسڵمانانی خواپێ‌داو لە سەرانسەری جیهاندا، زەکاتی سامان و داراییان دەردەکەن و دەیبەخشن بە چینی هەژاران، بە مانایەکی تر، ئەوانەی بە پێی شەرع زەکاتیان دەکەوێت دەیبەخشن بەو کەسانەی زەکاتیان پێدەبڕێت، بەداخەوە هێشتا لە هەرێمدا داهاتی زەکات رێکنەخراوە و بە شێوەی هەڕەمەکی دابەشدەکرێت بەسەر چیینەکاندا، لەبەر ئەوە هەندێک جار ئامانجی ئابوورییانەی فەلسەفەی زەکاتەکە ناپێکێت.
لە بنەڕەتدا دەرکردنی زەکات لە سامان و دارایی خواپێداوان رەهەندێکی ئابوورییانەی هەیە، بە ئامانجی دەستگیرۆیی چینی هەژاران و کەسانی دەستکۆرتی کۆمەڵگە و لە هەمان کاتدا بۆ بچووكردنه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگەیە.
راستەوخۆ دەدرێت
ساڵانی رابردوو و ئێستاش، دەتوانین بڵێین زەکات ئەو ئامانجە ئابوورییە سەرەکییەی خۆی نەپێکاوە، لەبەر ئەوەی لەلایەن حکومەت و رێکخراو و دەزگا تایبەتمەندەکانەوە، ئامار و داتایەکی دروست و زانستی نییە بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەس و خێزانانەی کە هەژارن و توانای داراییان کەم و لاوازە؟
هەر بۆیە تێبینی دەکرێت، دەرکردنی زەکات لە سامان و دارایی وەک پێویست نییە و زۆربەی زەکاتدەران، بە شێوەی نەختینەیی رێژەی زەکات دەردەکەن، راستەوخۆ و بەکاش دەیدەن بەو کەس و خێزانانەی کە خۆیان پێیان وایە زەکاتیان پێدەبڕێت.
بۆئەوەی ئامانجە ئابوورییە سەرەکییەکەی زەکات بەدیبهێنرێت، پێویستە ئەم پارانە کۆبکرێنەوە و بکرێت بە پڕۆژە، یان کەسێکی هەژاری پێبخرێتە سەر کار، تا بتوانێت کار بکات و داهات بەدەست بھێنێت، سەرئەنجام کەسەکە، یان خێزانەکە لە هەژاری و کەمدەستی رزگاری ببێت.
فێری ماسیگرتنی بکە
لەلایەکی ترەوە، لەبەرئەوەی پێویستییەکانی هەژاران زۆرن، هەژار ئەو پارەیەی وەریدەگرێت راستەوخۆ خەرجی دەکات بۆ خواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگ و سەرجەم ئەو پێویستییانەی پێشتر نەیبووه، بەڵام ئەگەر بکرێت بە پرۆژەیەک و هەژارەکە بخرێتە سەر کار، ئەوکاتە داهاتی بەردەوامی دەبێت، لەو پێناوەدا گرنگە زەکاتدەران بە وریاییەوە هەوڵی ئەوە بدەن لەگەڵ رازیکردنی خوای گەورەدا، ئامانجە ئابوورییەکەی فەلسەفەی زەکاتیش بەدیبهێنن.
بۆئەوەی باشتر تێبگەین، واباشترە زەکاتدەر، لە بری ئەوەی ژەمێک ماسی بۆ هەژارەکە بکڕێت، باشتر وایە هەژارەکە فێری راوەماسی بکات، چونکە دابینکردنی ژەمێک و دوو ژەم ماسی ئەو کەسە لە هەژاری رزگار ناکات و ئامانجە ئابوورییەکەی زەکات بەدیناهێنێت.
بە شێوەی رێکخراو باشترە
به‌هۆی نه‌بوونی دامه‌زراوه، یان ده‌زگایه‌كی تایبه‌تمه‌ندی زه‌كاتەوە، ده‌كرێت چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندێك ساڵانه بڕی زه‌كاته‌كانیان به‌یه‌كه‌وه كۆبكه‌نه‌وه و خێزانێكی هه‌ژار بخه‌نه‌سه‌ر كار و پیشه‌یه‌ك، به دابینكردنی ته‌كسییه‌ك، ماتۆرێكی سێتایی، دوكانێك، هه‌ر پیشه و كار و كاسپییه‌ك و داهاتێکی هەبێت، ئەگەر بەو شێوەیە زەکات دابەشبکرێت بەسەر هەژاراندا، بە دڵنییایەوە بۆ ساڵی دواتر رێژەی خێزانە هەژارەکان کەمدەبێتەوە، وردە وردە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی خودی قه‌یرانی هەژاریی چارەسەر دەکات.
ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، هەر لەم مانگە پیرۆزەدا، سەرفترە و فیدیه‌ی ئەو کەسانە دەدرێت کە نەیانتوانیوە بە تەواوی مانگەکە بەڕۆژوو بن، دیسان ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە و قەبارەکەی گەورەیە، بە هەمان شێوەی زەکات، به‌داهاتی سەرفترە و فیدیه، دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت و تاڕادەیەک کێشەی هەژاری چارەسەر دەکات.