تێچووی خوانی هاووڵاتییەكی عیراق لە رەمەزاندا

12:06 - 2025-03-25
ئابووری
43 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

خوانی بەربانگ لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێك دەگۆڕێت، بۆ خێزانێكی چوار كەسی، كە ئاستی مامناوەندیی هەیە، تێچووی خوانی بەربانگ 15 بۆ 25 هەزار دینارە، كە دەكاتە نزیكەی 10 بۆ 17 دۆلار

 لە مانگی رەمەزاندا، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتوانەكەیان موسڵمانن، نرخی شمەكی بەكاربردنی رۆژانە بەرز دەبێتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە لەو مانگەدا خواست لەسەر بابەتە خۆراكییەكان زۆر دەبێت، چونكە موسڵمانان دەیانەوێت بۆ كاتی بەربانگ خوانێكی رەنگین و فرەچەشنە بڕازێننەوە، رازاندنەوەی خوانی بەربانگیش پەیوەستە بە توانای كڕین و ئاستی بژێویی خێزانەكانەوە.
راپۆرتێكی (جەزیرە نێت) باس لە تێچووی خوانی هاووڵاتییەك دەكات لە وڵاتە عەرەبییەكاندا و سەبارەت بە عیراقیش لە زاری مستەفا حەنتوش-ەوە كە پسپۆڕێكی ئابوورییە دەڵێ: لە عیراق دوو جۆر هەڵاوسان هەیە، یەكێكیان هەڵاوسانی ئاشكرایە كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بڵاو دەكرێتەوە و بۆ دوو ساڵی رابردوو نزیكەی %4 بووە، ئەو هەڵاوسانەش زیاتر نرخی خۆراكە سەرەكییەكان دەگرێتەوە، جۆری دووەمی هەڵاوسان ئاشكرا نییە و پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و كەرتی خانوبەرەوە هەیە، هەڵاوسان لەو دوو بوارەدا رێژەكەی زۆر لەوە بەرزترە، بە جۆرێك خانوبەرە لە دوو سێ ساڵی رابردوودا بە رێژەی %120 زیادیكردووە و نرخی زێڕیش %30 بۆ %40 زیادیكردووە، ئەو پسپۆڕە ئابوورییەش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە هەڵاوسانی شاراوە، كاریگەریی لەسەر نرخی خۆراكە سەرەكییەكانیش دەبێت.
مونیر محەمەد بازرگانە و بە جەزیرە نێتی راگەیاند: نرخی شمەك بە تایبەتی لە رەمەزاندا جێگیر نییە و ئاستی بەكارهێنانی خۆراك زیاد دەكات، هێزی كڕینی هاووڵاتییانیش كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بازاڕ دروست دەكات.
هاووڵاتیی جاسم ئەبو سەما دەڵێ: خوانی بەربانگ لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێك دەگۆڕێت، بۆ خێزانێكی چوار كەسی، كە ئاستی مامناوەندیی هەیە، تێچووی خوانی بەربانگ 15 بۆ 25 هەزار دینارە، كە دەكاتە نزیكەی 10 بۆ 17 دۆلار، بەڵام راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە نەكردووە، خێزانێكی هەژار چۆن بەربانگ دەكەنەوە و خوانیان بە چی دەڕازێننەوە؟
سەرچاوە: جەزیرە نێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان