مەریوان عەبدوڵڵا ماوەی 20 ساڵە سەرقاڵی كاری رۆژنامەوانییە و پێی وایە میدیا سەرلەبەری ژیانی داگیركردووە، دەیان جار لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری خولی رۆژنامەوانيی كردووە و خاوەنی دوو بڕوانامەی رۆژنامەوانییە و بەشێوەی ئەكادیمی بواری رۆژنامەوانيی خوێندووە، هاوكاتیش وەك راهێنەر لە چەندین خولدا وانەی رۆژنامەوانيی وتووەتەوە.
مەریوان عەبدوڵڵا لێپرسراوی پەیامنێرانی کوردسات بە دوالاپەڕەی وت: خەڵكی ناوچەی قەرەداغم، ماوەی 20 ساڵە كاری رۆژنامەوانی دەکەم و 18 ساڵە لە دەزگای میدیایی كوردسات كاردەكەم، پیشە و كارەكەی خۆمم زۆر خۆشدەوێ و ئامانجیشم تەنها خزمەتكردنی كۆمەڵگە و نیشتمانەكەمە و هەنووكە لێپرسراوی پەیامنێرانی دەزگا سەنگین و رەنگین و كاریگەر و گرنگەكەی كوردساتم، زۆربەی كاتەكانم بۆ میدیا تەرخان كردووە و دەتوانم بڵێم میدیا سەرتاپای ژیانمی داگیركردووە، دڵخۆشم بەوەی كە ماوەی 18 ساڵە لە كوردسات كار دەكەم و هەست بە ئارامییەكی زۆر دەكەم و هەر كارێكم كردبێت سەرەتا بیرم لە بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەم كردووە و ئەمەش ورە و هێزی پێبەخشیوم و هیوادارم توانیبێتم خزمەتی نیشتمانەكەم بكەم.
سەبارەت بە راگەیاندنكاری سەركەوتوو وتيشی: كەسی سەركەوتوو ئەوەیە بوێر بێت و پیشەیی و بابەتیبوون لە كارەكانیدا رەنگبداتەوە و كارەكەی خۆشبوێت و بە ئەمانەتەوە زانیارییەكان بگوازێتەوە و خۆی لە قەرەی چەواشەكاریی نەدات، چونكە كاری رۆژنامەوانی بەرپرسیارێتییە و ناكرێت بە هەموو كەس بوترێت رۆژنامەنووس، چونكە رۆژنامەنووس پێگەیەكی بەرزی هەیە، هەر كارێك دڵسۆزیی تێدا نەبێ سەركەوتوو نابێت.
ئالان محەمەد جەزا