شێركۆ میروەیس: نەورۆز كەلتوری رەسەنایەتیی خانەقییە
ئێوارەی 20-21/3/2025 لە چوار رێیانی عەزیز پشتیوان لەناو جەرگەی خانەقی، بە بەشداری تەواوی پێكهاتەكانی خانەقی و بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ك و شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند و جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقی و جەماوەرێكی زۆر، ئاگری نەورۆز كرایەوە.
نەورۆز رۆژی خانەقییە
عیماد ئەحمەد لەدوای كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە لێدوانێكیدا وتی: رۆژی نەورۆز رۆژی خانەقییە بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، عەرەب و كورد و توركمان، سوننە و شیعە، دەست لەناو دەست بۆ خزمەتی كوردستانەكەمان، بۆ خزمەتی عیراقی نوێ، كە بتوانین پێكەوە خۆشگوزەرانی بۆ هەموولایەك دەستەبەر بكەین.
وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خەباتی كردووە بۆئەوەی سەرفرازی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دروست بكات، هەربۆیە خانەقی شاری شەهیدانە، شارێكە زۆر خەڵكی تێكۆشەر لەپێناویدا شەهیدبووە، بۆئەوەی ئەمڕۆ بەدیبێت، ئێستاش شانازی دەكەین لەگەڵ برایان و خوشكانی خۆمان پێکەوە لەناو خۆشی و پێكەوەییدا ئاگری نەورۆز دەكەینەوە.
كەلتوری رەسەنایەتیی خانەقییە
شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقی لەبارەی ئاهەنگی كردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە لەو شارە وتی: نەورۆز كەلتوری رەسەنایەتیی خانەقییە، ئەم شارە لەم رۆژەدا بەوپەڕی جۆشەوە ئاگری خۆشی و پێكەوەیی و پێکەوەژیانی پێكهاتەکان دادەگرسێنن، بەڵام ئەمساڵ بەبۆنەی رێکەوتەکە لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئیمام عەلی (سەلامی خوای لەسەر بێت)، هیچ ئاهەنگێكمان ساز نەدا.
وتیشی: بەهیواین نەورۆز وەك هەمیشە ببێتە هۆی بەهێزكردنی گیانی پێكەوەیی و زاڵبوون بەسەر كۆسپ و کۆست و كێشەكاندا، پەیامی نەورۆز ئاشتی و پێكەوەبوونە لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ستەم و ئاڵۆزییەكاندا، بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پاراستنی رەسەنایەتییە بەتایبەتی بۆ خانەقی، كە بە كورد و عەرەب و توركمان و شیعە و سوننەوە چەندین ساڵە بەوپەڕی خۆشی و قبووڵكردنی یەکترییەوە ژیاون.