راپۆرتی - سامان یاروەیس
خانەقی تادێت فراوانتر دەبێت، بەم شێوەیەش پێویستی بە خزمەتی زیاترە، كەرتی تەندروستی گرنگترینی ئەو كەرتانەیە كە پەیوەندیی راستەوخۆی بە سەلامەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، بەرزركردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەم بوارە ئەركی سەرەكیی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەڵام بینای نەخۆشخانەی شاری خانەقی یەكێكە لە كۆنترین بیناكانی ناوچەكە، كە زیاتر لە 60 ساڵ تەمەنییەتی، جگەلەوەی شارەكە بەوپێیەی ژمارەی دانیشتووانی زیاترە، جێی خۆیەتی نەخۆشخانەی 100 بۆ 150 قەڕەوێڵەیی بۆ دروستبکرێت.
لەهەوڵداین
د.شوان شاكر بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقی وتی: بینای نەخۆشخانەكە كۆنە، چەند جارێك هەوڵمانداوە كە پڕۆژەی بینایەكی نوێ بۆ شارەكە فەراهەم بكەین، بەڵام هێشتا هەر لەهەوڵداین، جگە لەوەی پێشووتر لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دروستكردنی بینایەك بۆ شارەكە دەرچووبوو، بەڵام ئێستا وەستێنراوە و كاری لەسەر ناكرێت.
وتیشی: بەهەوڵی خۆمان بینای نەخۆشخانەی راوێژكاری و چەند بەشێكی ترمان كردووەتەوە، بەڵام دواجار شارەکە پێویستی بە بینایەكی گەورەیە.
چاوەڕوانی وەڵامین
هەر لەوبارەیەوە جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقی وتی: هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونمەوە یەكێك لە ئامانج و پلانەكانمان ئەوەبووە، چونكە ئێستا شارەكە حەقی خۆیەتی نەخۆشخانەیەكی 150 قەڕەوێڵەی بۆ دروستبكرێت، چونكە بەپێی قەزا یان ژمارەی دانیشتووان ئەو مەرجانەش دەیگرێتەوە.
وتیشی: ئێمە لەنزیك گەڕەكی پۆلیس و گەڕەكی سیروان 25 دۆنم زەویمان بۆ دروستكردنی بینای نەخۆشخانەیەکی 100 بۆ 150 قەڕەوێڵەی دابینكردووە، چونكە لەڕاستیدا داواكاریی پڕۆژەیەكی لەو شێوەمان داوەتە ئیدارەی پارێزگاری دیالە، بەڵام خۆی رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی دەوێت، لەبەرئەوەی پرۆژەكە ئەرکی وەزارەتە و دەبێت لەڕێگەی ئەوانەوە بكرێت.
رێكارەكانی تەواو بووە
لای خۆشییەوە سۆزان مەنسوور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەخت لەوە دەكاتەوە کە بەشێوەیەكی رەسمی داوای لە وەزارەتی تەندروستیی عیراق كردووە تا پڕۆژەی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی لە شاری خانەقی جێبەجێ بكرێت.
هەروەها وتی: هەموو رێوشوێنەكانی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 200 قەڕەوێڵەییم لەبەغدا تەواوكردووە و بە نووسراوی رەسمی داوام لە سەرۆك وەزیران كردووە، ئەویش داواكەی رەوانەی وەزارەتی تەندروستی كردووە.
سۆزان مەنسوور باسی لەوەشكرد کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی پارێزگاری دیالەی كردووە و پێی راگەیاندووە: خانەقی بەو هەموو مێژووی قوربانیدانە و بەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانەکەیەوە نەخۆشخانەكی هەیە کە تەمەنی لە 60 ساڵ زیاترە و بەكەڵكی بەكارهێنان نەماوە.
چیمان لەدەست بێت دەیكەین
عەدنان شەممەری پارێزگاری دیالەش لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێ-ی خانەقی وت: بێگومان خانەقی شارێكی گرنگە و ناوچەیەكی ستراتیژییە، تەواوی هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشخانەیەكی شایستە دروستبكەین تا لەو رێگەیەوە خزمەت بە تەندروستیی خەڵكەكەی بكرێت.
روونیشكردەوە: چاودێریی ئەو بابەتە دەكەین و بەپێی ئەو بودجەیەی بۆی تەرخان دەكرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، هەوڵی ئەوە دەدەین هەرچی زووە بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.