لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە هۆشداری دەدرێت

12:34 - 2025-03-25
دووتوێ
16 جار خوێندراوەتەوە
#دكتۆر ئاسودە محەمەد باجەڵان

راپۆرتی: ئارۆ

 د.ئاسوودە محەمەد باجەڵان مامۆستای زانكۆی گەرمیان لەبارەی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەرەوە لە سنوورەكە  بە كوردستانی نوێ-ی خانەقیی وت:  كۆمەڵگەكان لەڕووی چالاكییەوە رووبەڕووی چاڵەنجێكی زۆر دەبنەوە، بەڵام لەوانە مەترسیدارتر، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە،  كە لەگەڵ خۆیدا هەژاری و رەوشتی تاوانكاری و ئاڵۆزی و تێكچوونی كۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە، خانەقی-یش بەدەرنەبووە لەم گرفتانە و كاتی ئەوەیە لەسەری نەوەستین و رێگەچارەی خێرا بگرینەبەر، بەڵام لەسەر بنەمای زانستی و رێوشوێنی كارامەیی و هەماهەنگی لایەنی بەرپرسیار بگرینەبەر.  
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانیشە د.ئاسوودە دەڵێت: ئەم ماددانە لەخۆیانەوە بڵاوناكرێنەوە، تا هەلومەرجەكەیان بۆ نەڕەخسێنرێت، بەتایبەتی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و بێكاری و كەمبوونەوەی ئاگایی و هۆشیاریی و هەبوونی كێشە و رووداوی ناخۆش و كارەساتبار کە ئەوانە بەركەوتەی یەكەمن و لەناو چینەكانیشدا گەنجان ئامانجی سەرەكین.
هەروەها وتی: ناكرێت بەتەنها سزا بەڕێگەچارە بزانین، بەڵكو دەبێت چارەسەری ریشەی بكرێت، بەتایبەتی لە خانەقی، لەبەرئەوەی ناوچەیەكی سنووری و گەرمە لەڕووی هاتوچۆ و كاری بازرگانییەوە، بۆیە مەترسییەكان زیاترن لەسەری.
لەبارەی چۆنێتی چارەسەركردنی ئەم دیاردەیەشەوە د.ئاسوودە جەخت لەوە دەكاتەوە: «رێگەی زانستی و پلانی درێژخایەن و هەماهەنگی هەمەلایەنەی لایەنە بەرپرسەكان گرنگە، واتە لەڕووی پەروەردەوە دەبێت لە قۆناغی ئامادەییەوە دەستپێبكات بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و گۆڕینی ئەو باوەڕە هەڵانەی كەلەسەر ماددە هۆشبەرەكان هەیە.
لەلایەكی تریشەوە پۆلیس، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكدا بەهێزبكەن بۆ پەیداكردنی ئەو كەسانەی كە تووشبوون و چاكبوونەتەوە و یارمەتیدانی ئەوانەی كە ئاڵودەبوون بۆئەوەی وازبهێنن لەو كارانەیان. 
هەروەها دامەزراندنی بەشی تەندروستی و دروستكردنی ناوەندە تایبەتییەكانی چارەسەركردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بوونی پەیوەندی و پشتگیریی كەسانی تووشبوو بۆ چارەسەری گونجاو. 
باسی لەوەشكرد، رۆڵی میدیا زۆر گرنگە بەتایبەتی لە بڵاوكردنەوەی  بەرنامەی هۆشیارکردنەوە و دەرکردنی گۆڤاری زانستی و پەروەردەیی و بەدواداچوونی ورد لەوبارەیەوە.
 لەكۆتایی وتەكانیشیدا د.ئاسوودە باجەڵان  جەختیكردەوە لەوەی زۆر گرنگە هەموو لایەنە بەرپرسەکان لەشاری خانەقی، لەچوارچێوەی كاری هاوئاهەنگی و پێكەوەیی، بەڵام بەرێگە دروستەكە، واتە بە زانستی و لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی تۆكمە كار لەسەر پاراستنی گەنجانی شارەكە بكرێت بۆئەوەی بیانپارێزین لە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەروەها رێگە بگیرێت لە هاتنی ئەو ماددەیە بەتایبەتی لە خاڵە سنوورییەكان، لەبەرئەوەی ئەركی هەمووانە خانەقی بپارێزین. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان