نەورۆزی خانەقی.. هەستێك جیاواز لەهەر هەستێكی تر..

12:36 - 2025-03-25
دووتوێ
19 جار خوێندراوەتەوە

ئارام محەمەد مەلا تەیب
مێژووی خانەقی و خەڵكەكەی پڕە لە قۆناغی جیاوازی خەبات و رووبەڕووبونەوەی ستەمكار و زۆردار، لە ترۆپكی سەرهەڵدانی رژێمی بەعسدا ئاگری نەورۆز لەم شارەدا گەورەترین تاوانبوو و بە دەیان بیانووی جیاواز قەدەغە دەکرا

هەموو ساڵێك ئێوارەی 20|21/3  جۆش و خرۆشێكی جیاواز خانەقی دادەپۆشێت، مقۆمقۆی چۆنێتی بەپیرەوەچوونی ئەم بۆنە مەزن و  پڕ مانایەی كورد دەبێتە باسی هەمووان، پێكهاتەكان بە گیانێكی پێكەوەیی و رەسەنایەتی كوردییەوە چەندین وێنەی جوان و رەنگاڵەیی لە مێشكی خۆیاندا دەكێشن.

ستەم و چەوسانەوە  
مێژووی شاری خانەقی و خەڵكەكەی پڕە لە قۆناغی جیاوازی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی ستەمكاران و زۆرداران، لە ترۆپكی سەرهەڵدانی رژێمی بەعس و دەستگرتن بەسەر شارەكەدا ئاگری نەورۆز لەم شارەدا گەورەترین تاوانبووە، بەدەیان بیانووی جیاواز قەدەغەكراوە، بەشێوەیەك هەر ساڵێك لەو رێكەوتەدا، رژێم هێزی زۆری دەهێنایە شارەكە و هەڕەشەی گەورەترین سزاو گوللــەبارانكردنی دەکرد، بەڵام لەناخەوە مەشخەڵی نەورۆز زهنی داگیركردبوون.
سەدان گەنجی ئەم شارە چەكیان كردە شانیان و نەیانتوانی خۆیان بگرن و دەستەمۆیی و زۆرداری قبووڵ بكەن، لەناو رێكخراوە هەستیارەكانی خەباتی كوردایەتیدا ئەركیان دەگرتەدەست و چەندین شەهیدیان لەو پێناوەدا بەخشی.

22 ساڵە ئاگری نەورۆز نەكوژاوەتەوە 
 لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق، خانەقی تاكە شارێكی ئازادكراوبوو، هەر زوو خەڵكەكەی بەتەواوی مەزهەب و پێكهاتەكانییەوە ئارامیان بەخشی بە شارەكە، دەستیان لەناو دەستی یەكدی نا، هەرچی دەستی تیرۆر بوو، نیشتە ناو خوێنی خەڵكەكەی، نەیتوانی زەفەر بە بستێك لە هەست و خاك و خەونی خانەقی ببات و ئەو هەوڵانە لەناو ژیانی برایەتی و ئاشتیخوازییدا توانەوە.
22 ساڵە و هەر ساڵێك بەجۆرێك ئەم ئاگری نەورۆزە كوانووی خەبات گەرمتر دەكات، نەك ساردبوونەوە، بەڵکو ئاگری ناو دەماری خەڵكەكەی جۆشتر دەدات و شەرمەزاریی وەك میدالیایەك دەكاتە ملی خۆفرۆشان.

 خانەقین و سێدارە و نەورۆز 
هەر لە شەهیدان لەیلا قاسم و ملازم جوامێرەكەی مەنەلی و دواتر مامۆستا مەجید كەریم (غاندی) و سیروان حەسەن وەیسی بەگ، یوسف حسێن و یونس عەلی حسێن و چەندین شەهیدی تر، پەتی سێدارەیان كرایە مل  و خوێنیان بووە رەنگامەی جۆشدانەوەی كوردایەتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد.
نەورۆز بۆ خانەقییەكان بەتەنها چیرۆكی كاوەو زووحاك نییە، بیرخەرەوەی شەهید ئارام و مامە ریشە و خاڵە شیهاب و حسێن مەنسوور و دەیان شەهیدی ترە، بۆیە ئەم ئاگرە نەدەستی جاش وخۆفرۆش، نە پیلانی نەیاری لوتشكاو نایكوژێنێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان