خانەقی، شاری ئاشتی و پێکەوەژیان..

12:52 - 2025-03-25
دووتوێ
21 جار خوێندراوەتەوە

هەڵکەوتەی جوگرافی شاری خانەقی واهەڵکەوتووە کە لە سێ گۆشەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و عیراقدا بێت، لەسەر رێڕەوی ڕێگای ئاوریشمییە و پێیانوتووە دەرگاکانی زاگرۆس، لە 100ساڵی رابردوو بەهۆی بە پیت و بەرەکەتی ئاو و خاکەکەی، زۆر دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان مومارەسەی سیاسەتی خۆیان کردووە بۆئەوەی خانەقی بکەوێتە دەستیان و هەژموونی خۆیان بەسەر خەڵکەکەیدا بسەپێنن، وەکو ئینگلیز و عوسمانییەکان و پۆڵۆنییەکان و...هتد، نەسیجی کۆمەڵایەتی خەڵکەکەی لە ئەزەلەوە وا دروستبووە کە بەئاشتیخوازی بەبێ جیاوازیکردن لەنێو پێکهاتە ئایینی و نەژادی، پێکەوە وەک برا بژین و تا پەنجاکانی سەدەی رابردوو کوردە جووەکان بەهەمان شێوەی خانەقییەکانی تر، ڕۆڵگێڕبوونە لە کایەکانی ژیانی شارستانییەتی ئەم شارە و بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و بازاڕ و شتومەک فرۆشتن و خەڵکەکەی رێزی تایبەتیان هەبووە بۆ ئەو کەمینەیە، بۆیە تا ئێستاش دەستیان بۆ شوێنەواری خانوو و باڵەخانە و بازاڕەکانیان نەبردووە و بە موڵک و حەڵاڵی ئەوانی دەزانن و تەنانەت چەندین جار حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق ئەو شوێنانەی بە مەزاد داوە، هیچ خانەقییەک ئامادە نییە ونەبووە بیکڕێت و ئێستاش کە لە کۆڵانە کۆنەکانی شاردا دەگەڕێیت، نەخش و نیگاریان ماوەتەوە، جگە لە بوونی کڵێسای کاسۆلیکی لە گەڕەکی پاشاکۆپری، حسێنیە و مزگەوتەکانی ئەم شارە دیوار بەدیوار و لەتەنیشت یەکن و هەروەها نزاگای باوەڕدارانی ئایینی یارسان بەشێکە لە ئاشتەوایی و ژیانی برایەتی رۆژانەی ئەم گەلی کوردەی باشووری کوردستاندا.
خانەقی شارێکی کوردستانییە و تەواوی پێکهاتە و ئایینزا و نەژادەکانی بەم راستییە مێژووییە دەزانن و بەگشتی زۆربەی ڕەها دانیشتوانی کوردن و نەتەوەکانی تر وەکو تورکمان و عەرەب بەرێژەیەکی کەم ژیان بەوپەڕی سەربەستی بەسەر دەبەن بەبێ ئەوەی لەلایەن برا کوردەکانیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و فشارببنەوە.
 لە ساڵانی حوکمی بەعس هەوڵی تەواو درا بۆئەوەی ئەم چەپکە گوڵەی پێکەوەژیانە بژاکێنن و دەستیان دابووە سیاسەتی (تەعریب و تەبعیس و تەسفیر و تەرحیل)ی خەڵکە رەسەنەکەی کرد و خەڵکی نامۆ و بێگانەیان بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم شارەیان هێنایە ئەم سنوورە بۆئەوەی لە رێگەی  ئەو کەسانە شیرازەی سروشتی خەڵکەکەی تێکبدەن، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عیراق ئەم خەونەی بەعس و سەدام بەتاڵ بوەوە و خەڵکە رەسەنەکەی گەڕانەوە سەر زێدی باوباپیرانی خۆیان و وەک نەوەکانی پێشووی خۆیان بەهەمان شێوە و مەرامی پێکەوەییان کردە سەرڕشتەی ژیانیان، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی خراپی لەدوای ریفراندۆم، جارێکی تر و بەشێوەی جیاوازەوە کەوتە بەردەم پاکتاوکردن و تێکدانی ئاشتی وپێکەوە ژیان لە شارەکە، ئەوەی بە زەقی دەبینرێت لەم چەند ساڵەی دوای هەوڵی سەپاندنی بیری توندڕەوییە، کە نەرمی و لەژێر پەردەی ئایینەوە دەیانەوێت دیسان مۆرکی کوردەواری ئەم شارە بسڕنەوە و بۆیە دەستیان بۆ نەورۆزی جەژنی نەتەوەیی کوردی بردوو دەیانەوێت هێمای نەورۆز بە بیانووی ئایینی لەم شارە لەناوبەرن، ئەمساڵ بەهۆی هاوکات بوونی نەورۆز لەگەڵ یادی شەهید بوونی ئیمام عەلی، هەندێک کەس لەو توندڕەوانە ئەم رێکەوتنەیان بە هەل زانی تا جەژنی نەتەوەیەک کە هەزاران ساڵە بەگڕی مەشخەڵی ئاگرەوە ئەنجام دەدێت، بە خەیاڵی خاویان بکوژێننەوە، هەوڵی گێرەشێوێنی و چاندنی تۆوی دووبەرەکی وتێکدانی مەراسیمی نەورۆزیاندا بەناوی دەستەی ماتەم گێڕەوە و ئەوەی بەعسی دیکتاتۆری سەدام پێ نەکرابوو، دەیانویست بیکەن و ئاگری نەوڕۆز خامۆش بکەن، بەڵام گەنجانی خوێن گەرمی شارەکە بەبێ جیاوازیی ئایین و ئایین زاکانەوە ڕێگریان کرد لەو توندڕەوانە و بە جەستەی خۆیان بازنەیان لە دەوری ئاگری نەورۆز دروستکرد و گڕدانی ئاگریان پاراست و نەیان هێشت خەونیان بێتەدی، چونکە ئاگری نەتەوەیی  رووناکی دڵ و دەرونی تاک بە تاکی خانەقییەو گەنجان لەو ئێوارەیەی رۆژی 20 ئازار بە هوتافی کوردە ئەم خانەقینە دوژمن بمرێ لەقینە و بە دەنگی زوڵاڵەوە سرودی ئەی رەقیبیان دەوتەوە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەسەر شەقام و ناو بازاڕی شاردا بەرزدەکردەوە و لە جۆش و خرۆشێکی بێوێنەدا بەرگرییان لە جەژنی نەتەوەیی کوردی خۆیان کرد و نەیانهێشت هەندێک بێگانە و توندڕەوی نامۆ بە خانەقی  پێکەوەژیانیان تێکبدات و جارێکی دیکەش بەهیممەتی ئەو خەڵکە خۆنەویست و تێکۆشەرە، خەون و مەرامی گڵاوی ناحەزانی کوردیان لە گۆڕنا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان