ئەحلام مەنسوور، ژنە یاخییەكەی دەورانی ئازادی

12:58 - 2025-03-25
دووتوێ
53 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئارۆ سامان 

ئەحلام مەنسوور یەكێك بوو لەو بیرە نوێخواز و ژنە بوێرانەی زیرەكانە بە قەڵەمەكەی دەستی زنجیرەكانی بڕی و شەڕی هەڵاتنی رووناكبیری و ئازادیی ژنانی بەڕووی كۆمەڵگەكەی دا هەڵگیرساند.
ئەحلام مەنسوور لە ساڵی 1951 لە  خانەقی لەدایكبوو، هیوایەكی چرۆكردو لەئەدەبیاتی كوردی هاتە مەیدانەكە، بوێرانەتر لە ئاڵۆزیەكان،  هەر لە رەچەی تەمەنییەوە بەیانی ئازادی ژنان و كاركردنیان لەبوارە جیاوازەكان هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی ژیانی بوو،  لە ساڵی 1974 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی زمان و ئەدەبی كوردی لە زانكۆی بەغدا و لە 1999 بڕوانامەی ماستەری لە كورتە چیرۆكدا لە هەمان زانكۆ بەدەستهێناوە.
دنیای ئەدەبیات و نوسین خەون و خولیایی ئەم بیرە نوێگەریخوازەی خانەقی بووە،– لە ساڵی 1975 لە دەزگای هاوكاری دامەزراوە‌و پاشان لە گۆڤاری وعي العمال  كاری كردووە،  پاشان لەفەرمانگەی كشتوكاڵ وەك فەرمانبەرێك دەست بەكاربووە، بەڵام دورخراوەتەوە.
ئەحلام مەنسور گەریدەی زانست و زانین و نوێخوازی بووەو بێ وچان بەرامبەر بەهەموو كۆست و سەختییەكان نەوەستاوەو لەساڵی 1986 چووەتە پاریس و لەزانكۆی سۆربۆن وەرگیراوە، بەڵام هەژاری و كەمدەرامەتی و دۆخی سەخت رێگربووە لەبەرامبەر خوێندنەكەی و دوای ساڵ بەنائومێدی و زەفەری دەردی كوشندەی خەونەكانی واتە هەژاری گەڕاوەتەوە كوردستان و تووشی  باری دەروونییەكی ویژدان ئازار بووە، و تەندروستیی تێكچووە، ماوەیەكی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشكیدا دەمێنێتەوە، لەساڵی 1991 لەدوای راپەرین وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی دادەمەزرێت و  ماوەیەكیش لە زانكۆی كۆیە وانەی وتووەتەوە، وەك نووسەر و رۆژنامەنووس ماوەیەك لە رۆژنامەی هاوڵاتی كاری كردووە و دواتر، لەگەڵ دامەزراندنی كۆمپانیای چەتر و دەرچوونی ڕۆژنامەی چەتر، خۆبەخشانە دەستی بە كار كردووە لەو ڕۆژنامەیە و هەفتانە گۆشەیەكی دەنووسی بەناوی (خەون و خوێن).
مردن هەردێت چ بەكاوەخۆی، چ بەخێرای،  لە10/1/2013 دوای ململانێیەكی سەخت  قەڵەمە نوێخواز و بوێرەكەی خانەقی، ژنە ئازاد و یاخییەكەی دنیای ئەدەبی كوردی كۆچی دوای دەكات و لە گۆڕستانی خدر زیندەی خانەقی لەزێدی خۆی بەخاك دەسپێردرێت، ئەو بێ سڵەمینەوە سەدان وتارو نووسینی ورد و پڕ مانای لەسەر ژیان و سەختییەكانی ژنانی كورد نووسی و هیچ كات هەناسەی كورت نەبوو، دەنگێك بوو بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان