بەشی وەرزش
ستار محێدین
ستار محێدین، یەكێك لەناوە درەوشاوەكانی وەرزش لەسنوری گەرمیان و گەرمەسێر، كەخۆی زادەی شاری خانەقیەو رۆڵی بەرچاوی لەگەشەپێدانی وەرزش لەسنورەكەدا هەبووە، هەر چەند ئەو لەدنیادا نەماوە، بەڵام شوێن دەستی دیارەو یادەوەریەكانی دەدرەوشێنەوە.
ژیاننامە
ستار محێدین لەساڵی 1967 لە سنوری گوندی مەحمود قەجەر لەخانەقی لەدایك بووە، لەساڵی 1979 تیپی حەمەی كەریمی دامەزراندوە، دواتر لەساڵی 1985 تیپی هیوای دامەزراندوە، یەكێك بووە لەتیپە بەهێزەكانی گەرمیان و كەلار، لەساڵی 1985 بۆ تەواوكردنی خوێندن روودەكاتە شاری سلێمانی و لە 17ی تەمموز وەردەگیرێ و هەر لەو ساڵەدا لەیانەی سیروان دەست بەیاریكردن دەكات، لەخولی یانەكانی عیراق و دواتر لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی بەشداری خولی پەروەردەكانی عیراق دەكات.
هەر لەسلێمانی تیپی وەرزشی گەرمیان دادەمەزرێنن، لەسەر ئاستی سلێمانی و باكوری عیراق لەیاری تۆپی پێی و گۆڕەپان و مەیدان پلەی یەكەم بەدەست دێنن، هەروەها بۆیانەكانی نەورۆزو سلێمانیش یاری كردووە.
لەساڵی 1986 بەشداریی گۆڕەپان و مەیدانی عیراق دەكات و لەراكردنی 400 – 400 و 400 مەتری بەربەست بەشداری دەكات و لە راكردنی 400 ژمارەی پێوانەی لەسەر ئاستی پەروەردەی سلێمانی تۆماركردووە.
دواتر یانەی شیروانەی لەدوای راپەڕین و لە ساڵی 1992 دامەزراندووە و ئەندامی كارگێڕی یانەی وەرزشی خانەقی بووە، دوای شەهیدبوونی كوڕەكەی، ماوەیەكی زۆر بەخەم و پەژارە ژیاوەو لەخانەقیش رۆڵی بەرچاوی لەخەباتی كوردایەتی هەبووەو سەرۆكی سەنتەری خانەقی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان بوو.
كەسێكی بەئیرادەبوو
كامەران عەزیز یەكێك لەیاریزانە دێرینەكانی سنوری گەرمیان و هاوڕێی نزیكی ستار محێدین بۆ كوردستانی نوێی خانەقی وتی: كەسێكی بەجەرگ بوو، بەردەوام حەزی لەوەرزش و داهێنان دەكرد، هاوڕێیەكی خۆشەویست و بەوەفابوو، بەدەم كێشەو گرفتی كەسە نزیكەكانیەوە دەچوو، لەساڵی 1982 لەگەڵ هەردوو كەسایەتی وەرزشی جەلیل رەفعەت و خەلیل رەفعەت لەرێكخستنی نهێنی لەریزەكانی یەكێتی كاریان دەكرد، چاونەترس بوو، ئەركە قورسەكان ئەو ئەنجامی دەدا.
چیرۆكی دامەزراندنی یانەی شێروانە
كامەران عەزیز باسی ئەوەی كرد، مانگی 12ی ساڵی 1992 لەبەردەرگا وەستابووم، هاتوو پێی وتم» پێتوانیە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە یانەیەك بۆ گەرمیان (كەلار) دروست بكەین، منیش پێشنیارەكەیم پێ جوان بوو، وتم بۆ نا، ئیتر ئەوەبوو لەگەڵ ئەندازیار یەحیا شەوی هەمان رۆژ لەماڵی ئێمە كۆبوینەوەو بڕیاری دامەزراندنی یانەكەماندا.
وتیشی: دواتر وەك هەنگاوی یەكەم بیرۆكەكانی بردە لای هێزەكانی بەرەی كوردستانی، ئەوان زۆریان پێخۆشبوو، بەتایبەت یەكێتی، ئەوكات كاك كوردۆ قاسم وتی» بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی ئێوەم.
بەدڵ و گیان وەرزش و كوردایەتی دەكرد
تەڵعەت سەعدوڵڵا وەرزشكاری دێرین و هاوڕێی چەندین ساڵەی ستار محێدین، دەڵێت: كاك ستار بەدڵ و گیانەوە وەرزشی دەكرد، جگە لەوەش هەستێكی كوردایەتی راستەقینەی هەبوو، چەند ئەوەندە خەمی وەرزشەكەی هەبوو، دوو هێندە خەمی خەڵك و ئازارەكانی هەبوو.
وتیشی: لەیاریەكانی تۆپی پێ و گۆڕەپان و مەیداندا ئەستێرەیەكی گەورەبوو، بەتایبەت لەسەر ئاستی پەروەردەكانی سلێمانی هەردووكمان لەیاریەكانی گۆڕەپان و مەیدان یەكەم بووین و بووینە پاڵەوان.
لەساڵی 1985 هەردووكمان لەیانەی سیروانی نوێ یاری تۆپی پێ و گۆڕەپان و مەیدانمان دەكرد، كاك ستار بەوەفاو خۆشەویست بوو، خەمی ئەوەی هەبوو كە لەشاری كەلار بتوانێت وەرزش بەرەو پێشەوە ببات و ئەو كارەشی كرد.
تەڵعەت سەعدوڵڵا، باسی كۆتا رۆژەكانی ژیانی ستار محێدین دەكات و دەڵێت: هەر بەراستی خوای گەورە كاك ستاری بۆ وەرزش دروست كردبوو، مەخابن ئازاری شەهیدبوونی كوڕەكەی، بەرگەی ئەو كارەساتەی نەگرت، دوای لەدەستدانی محەمەد بەتەواوی خەمبارو بەو هۆیەشەوە كۆچی دوایكرد.