ئا: رەوەست نەوزاد
هونەرمەندی كۆچكردووی بە رەچەڵەك ئاشووری (مامۆستا باكووری)، كە ناوی تەواوی (ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ) یە و لە بنەڕەتدا خەڵكی باكووری كوردستانە، یەكێك بوو لە هونەرمەندە دێرینەكانی شاری كۆیە و كوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەنەتەوە كورد نەبوو، بەڵام زیاتر لەنیو سەدە خزمەتی هونەری كوردی كرد، ئەو ماوەی چەندین ساڵ بوو لە شاری هەولێر دەژیا، لە ساڵی 2022 لە تەمەنی 94ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
تاهیر كرمانج فۆلكلۆریست كە ساڵانێكی زۆرە هاوڕێی زۆربەی هونەمەندە دێرینەكانی كوردستان بووە و ماوەی چەندین ساڵیش ئاشنایەتی لەگەڵ مامۆستا باكووری هەبووە، چەند لاپەڕەیەكی ژیانی ئەو هونەرمەندە هەڵدەداتەوە و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: مامۆستا باكووری لەساڵی 1928 لە شاری كۆیە لەدایكبووە، كاتێك دەبینێت هونەرمەندی كۆچكردووی (سێوە) لە شاری كۆیە گۆرانی كوردی دەڵێت و جلی كوردی پۆشیوە، ئەویش ئەو رێگەیە هەڵدەبژێرێت، سەرەتا وەك میوزیكژەن و ئاوازدانەر دەركەوت، پاشان دەستی بە وتنی گۆرانی كردووە و یەكەم كەسیش بووە بیرۆكەی دامەزراندنی تیپی (باواجی كۆیە) داڕشتووە.
وتیشی: هەر لە بواری میوزیك مامۆستا باكووری چیرۆكی فێربوونی ئامێرەكانی بۆ گێڕامەوە و وتی: ئامێرێكی عودم كڕی، لەماڵەوە زۆربەی كات دەمژەنی بەبێ ئەوەی هیچی لێ بزانم، بۆیە باوكم دەیوت: تووشی سەرئێشەت كردووین و هیچیش فێرنابیت، ئیتر بەهۆی ئەو قسەیەی باوكم، كردمە لاساری و وتم هەر دەبێت فێری ببم، تا بە تەواوی فێری بووم.
لەبارەی گۆرانییەكانی وتی: هونەرمەند باكووری ژمارەی گۆرانییەكانی زۆرە، لەپەنجاكانەوە تا ساڵی 1980 زیاتر لە 50 گۆرانی لەرادیۆی بەغدا تۆماركردووە كە زۆربەیان دەنگ بووە.
بەڵام باكووری هونەرمەند، ژمارەیەكیش گۆرانی بۆ تەلەفیزیۆن تۆماركرد، بەتایبەتی لەگەڵ تیپی باواجی كۆیە، یەكێك لە گۆرانییە دیارەكانیشی بەناوی (هەستە هەستە كیژی جوان و هەی مەلەنگێنە) و چەندانی دیكە.
هەربە پێی زانیارییەكان جگە لە گۆرانی و میوزیك، نووسەرێكی باش بوو، چەندین كتێبی لەبواری هونەر چاپكردووە بە تایبەتی لەبارەی مێژووی میوزیكی كوردی، بەگشتی گرنگی بەخوێندن و نووسین دەدا، وەك تاهیر كرمانج باسی دەكات، باكووری هەموو كات دەیوت (تا ماوم دەبێ شتەكانم بنووسمەوە)، هەروەك زۆر گرنگی بەهونەری فۆتۆگرافی دەدا.
مامۆستا باكووری جگە لە گۆرانی و میوزیك، نووسەرێكی باش بووە و چەندین كتێبی لە بواری هونەر بە تایبەتی مێژووی میوزیكی كوردی نووسیوە.