ئەمڕۆ 27/3، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ، لە هۆڵی رۆشنبیری، بەڕێوەبەرێتیی گشتی رۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی بەشی هونەری شانۆ بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆوە چەندین چالاكی رێكدەخات و یادەكە بەرزدەنرخێنێت.
نیشتمان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری بەشی شانۆ لە بەڕێوەبەرێتیی گشتی رۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ یادی شانۆ پلانی گەورەترمان هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەمانتوانی بەپێی ئامانجەكەمان یادێكی زۆر گەورە بكەینەوە، رۆژەكە رۆژی شانۆیە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەم یادە هیچ شانۆیەكمان نابێت.
وتیشی: دەستپێكی یادەكەمان سەرەتا بەخێرهاتن دەبێت و چەند دەقەیەك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەوەستین، دواتر وێنەی 21 هونەرمەندی شانۆكار وەك خەڵات دابەشدەكەین كە وێنەكان مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كە لەلایەن فۆتۆگرافەر و دەرهێنەری رۆژهەڵات (سالم سەڵەواتی) چركێنراوە، من و (م.گەزیزە) ئەم بڕیارەماندا تا وەك یادگارییەك وێنەكان بمێننەوە، هەروەها خەڵات و قەڵغانی رێزلێنان بۆ سێ هونەرمەندی شانۆكار كە چەند ساڵێكە بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ بەردەوامی شانۆ و نەوەستانی لە كاركردن و ئێمەش وەك بەشی شانۆ رێز لە ماندووبوونیان دەگرین، دواتر خەڵات و قەڵغانی رێزلێنان دەبەخشین بە سێ فەرمانبەری خانەنشینی بەشەكەمان، بێگومان خەڵاتی بەشی شانۆ وەك بەڕێوەبەری بەشی شانۆ دوو ساڵە ئەو خەڵاتەم پێشنیار كردووە بۆ كارمەندێكی بەشی ئیدارەمان، چونكە ماندوو و دڵسۆزە لە كارەكەیدا.
نیشتمان ئەوەشی خستەڕوو: رۆڵی ژن لەم یادەدا بەرزنرخاوە، چونكە هەموو كار و چالاكییەكانمان ژنێك رێكیخستووە ئەویش كە منم بەڕێوەبەری بەش، بێگومان هیچ كارێكی ژیان و شانۆ بەبێ ژن نابێت، ئەگەر بشكرێ كاڵ و كرچ دەبێت.
دیانا ئەحمەد